په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان: پارتی دەیەوێت نەوتی هەرێم رادەستی عێراق نەکات

عیراق

09/02/2019‌ 1364 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
غالب مەحەمەد، ئه‌ندامی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و جێگری سه‌رۆكی پارتی بۆ به‌غدا "سه‌ردانێكی حزبی بووه‌ نه‌ك حكومی"، ده‌شڵێت، "پارتی ده‌یه‌وێت نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان راده‌ستی عێراق نه‌كات".

غالب مەحەمەد، ئه‌ندامی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ده‌نگی ئه‌مه‌ریكای راگه‌یاندووه‌، "پارتی یەک کێشەی هەیە، بەرپرسەکانی پارتی کە سەردانی بەغدا ئەکەن ئەمەندە حیزبیانە سەردان ئەکەن ئەوەندە حکومیانە نییە، چونکە لە کاتی روێشتنیان بۆ بەغدا هیچ لایەنێکیان لەگەڵدا نییە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "نێچیرڤان بارزانی ئێستا خۆی لە کابینەیەکی کار بە رێکەرە، ئەگەر یاسا سەروەر بوایە لە هەرێمی کوردستان نەدەبوو نێچیرڤان بارزانی، کۆمەڵێک گرێبەستی تازە بکات، کۆمەڵێک رێکكەوتنی نەوت بکات و کۆمەڵێک سەردانیش بکات، لەبەر ئەوەی خۆێ کار بەرێکەرە".

پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو 7-2-2019 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ چه‌ند وه‌زیرێكی دیكه‌ كابینه‌كه‌ی سه‌ردانی به‌غدایان كردو له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆبووه‌وه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی كۆبونه‌وه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی و عادل عه‌بدولمه‌هدی، رێككه‌وتن له‌سه‌ر كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی گۆڕان ده‌شڵێت، "ئەو سەردانە جگه‌ له‌وه‌ی وه‌كو حزب ئه‌نجامدراوه‌ لە عێراقیشدا ئەندام پەرلەمانەکانی کورد کە 58 ئەندام پەرلەمانن، پێیم وایە زۆربەیان ئاگاداری سەردانەکەی ئەو بەرێزە نیین، وە کەسیش نازانێت ئەمانە چ جۆرە سەردانێكه‌".

غالب محه‌مه‌د رونیشیكرده‌وه‌، "پارتی دەیەوێت نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی عێراق نەکات وە بە تاێبەتی لە ناو پارتی خەتێک هەیە کە خەتی نێچیرڤان بارزانییە سوورترە لەسەر ئەوەی کە نەوت بە تورکیا بفرۆشرێت و رادەستی عێراق نەکرێت".

به‌پێی بودجه‌ی 2019ی عێراق كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق واژی له‌سه‌ر كرد، پشكی كورد و مووچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانبه‌ران زامنكراوه‌، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش بڕی 250 هه‌زار به‌رمیل راده‌ستی به‌غدا نه‌كات كه‌ بۆی دیاریكراوه‌.

له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی توركیا و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ غالب محه‌مه‌د وتی، "تورکیا بە دڵی خۆی نێچیرڤان بارزانی دەجوڵێنێت، بۆ کوێ بیەوی دەیبات، ریفراندۆمی پێی دەکات، ریفراندۆمی پێ هەڵدەوەشێنێتەوە، نەوتی پێی هەناردە دەکات و گرێبەستی غازی لەگەڵ دەبەستێت وە دەینێری بۆ بەغدا و لە بەغداش دەیهێنێتەوە".
ه.م