ئەمیر كینانی وەڵامی وتەبێژەكەی پارتی دەداتەوە

عیراق

10/02/2019‌ 3964 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
ئەمیر كینانی، كە یەكێكە لە سەركردەكانی ڕەووتی سەدر، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند، لێدوانەكانی ئەم دوایەی پشتیوانی ئێران بۆ پاڵێوراوەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ سەرۆكایەتی كۆمار ئاشكراكردووە، ئەو بە سیفەتی كەسێكی سیاسی، وەك ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی ڕەوتی سەدر و پەرلەمانتارێكی پێشووی ئەو ڕەووتە، ئەو لێدوانەی داوە.

كینانی لەلێدانێكی بۆ پێگەی ئەلەكترۆنی "ناس"، وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ وتەبێژەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی: "پێموت من هەندێك ڕاستیم خستونەڕوو، كە زۆرینەی هێزە سیاسییەكان و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران  دەیزانن، بۆ زانیاریشتان من گەواهیدەر (شاهید) و ئاگاداری دۆخەكە بووم، بەو پێیەی كارەكەشم لە مەكتەبی سیاسی ڕەوتی سەدرە، ئامادەی زۆرینەی ئەو چاوپێكەوتنانەش بووم".

وتیشی: "لە ساڵی 2014 وە لەسەرۆكایەتی كۆمار وەك راویژكاری یاسایی كار دەكەم، ئاشنای سەردەمی سەرۆكایەتی فۆاد مەعسومی سەرۆك كۆماریش بووم".

مەحمود محەمەدی وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو، كە لێدوانەكانی ئەمیر كینانی ڕاوێژكاری سەرۆكایەتی كۆماری عێراق سەبارەت بە سەرۆكی كۆمار و بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان لەكەناڵی ئاسمانی عەرەبییە جێگەی سەرسوڕمانن". 

وتەبیژەكەی پارتی راشیگەیاندبوو: "دیارە ئەو پیاوە لەوساوەی بووەتە ڕاوێژكار ڕووبەڕووی هەوڵی فریودان و هەڵخەڵەتاندن و شوشتنەوەی مێشك بووە".

مەحمود محەمەد هەروەها رایگەیاند "ئەگەر ویست و ئارەزووی ئێران نەبوایە ، تۆ ئێستا ڕاوێژكاری سەرۆكایەتی نەدەبووی، سەرۆك كۆماری ئێستاش، ئەو پۆستەی ئێستای نەدەبوو".

كینانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەو لێكتێگەیشتنانە كردووە، كە لە ئان و ساتی پێكهێنانی حكومەتدا، لە نێوان تاران و پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی بارزانی لە ئارادا بوون.