توركیا ئیخوان ‌موسلمین وەك دەستكەلایەك بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لەناوچەكە بەكاردەهێنێت

جیهان

10/02/2019‌ 1349 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوە: ئەحوال توركیا  
وەرگێرانی : لوقمان حاجی قادر
توركیا بوونی ئیخوان موسلمین دەفۆزێتەوە بۆ سەپاندنی هەژموون‌و فراوانخوازی‌و دەستتیوەردان و كاریگەری خۆی لەناوچەكە، شارەزایانیش دەڵێن هەردوولا پێویستیان بەیەكترییە بۆ برەودان بەهەژموونی خۆیان.

ئەحمەد چارای نووسەر لەگۆڤاری "زە ئەنتەرناشیوناڵ ئینترێست" نووسیویەتی: پێناچێت توركیا پشتی ئیخوان بەربدات، چونكە یارمەتیدەرییەتی لە سەپاندنی هەژموونی لەناوچەكە، سەرباری ئەوەش، كە تازە ئەندامێكی دیاری ئیخوان لەئەستەمبوڵ دەستگیركراوە.

چارای، كە ئەندامی دەستەی ئەنجوومەنی ئەتڵەسییە و نووسەرەیشە لەگۆڤاری "لۆ ئۆبزێر فاتۆر"  و كۆپییە فەڕەنسییەكەی گۆڤاری "فۆڕێن پۆلیسی" ئەوەشی نووسیوە: پارتی دادوگەشەپێدان بە ڕوون‌و ئاشكرایی لەئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و لە هەوڵەكانی چوونە پاڵ یەكیەتی ئەوروپا لایداوە.

گوێرەی گۆڤاری "زە ئەنتەر ناشیوناڵ ئینترێست"، توركیا محەمەد عەبدول وەهابی لایەنگری ئیخوانی لەئەستەمبوڵ دەستگیركردووە و ڕادەستی دەسەڵاتدارانی میسری كردووەتەوە، كە داوای لە سێدارەدانی دەكەن.

چارای دەشڵێت: "بەگوێرەی لێكدانەوەی شڕۆڤەكارانی سیاسی، ئەو ڕووداوە وەرچەرخانێكی ڕیشەییە لە سیاسەتی دەرەوەی توركیادا"، ئەو پێشی وایە دەستگیركردنی عەبدول وەهاب هیچ لەو پەیوەندییە بەرفراوانەی نێوان ئیخوان توركیا ناگۆڕێت، كە یەكەم یارمەتی دووەم دەدات هەژموون و هێزی خۆی لە ناوچەكە بسەپێنێت. 

ڕادەستكردنەوەی ناوبراویش "نیشانەیە بۆ زیادبوونی فشارەكانی هەر یەك لە واشنتۆن و قاهیر و ڕیاز"، هێشتاش توركیا پشت بەو وەبەرهێنانە دەبەستێت كە لە ئەمریكا و دەوڵەتانی خەلیجەوە دێن.

هەروەها دەڵێت: باشترین تێگەیشتن بۆ سیاسەتی دەرەوەی توركیا ئەوەیە كە بە "عوسمانی تازە" وەسفی بكەین، چونكە مێژوی توركیا و هێزە سەربازییەكەی لەگەڵ ئیخوان موسلمین دێنەوە، كە جوڵانەوەیەكە و گەرەكییەتی سنووری هەموو موسوڵمانان ببڕێت.
 
شارای بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "لەبەر ئەو هۆیانەی باسكران، زۆرێك لەبیرمەند و ئیخوانەكانی وڵاتە عەرەبییەكان بە مەغریبیشەوە، پێیانوایە توركیا خاوەن ڕیزداری لە پێشینەیە، سەرباری فشارەكانی ڕۆژئاواش، كەچی ئەردۆگان دەستبەرداری ئەو چەكە نابێت،‌ چونكە لە سەرتاسەری باكوری ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی دوور، هەژموونێكی فراوان بە توركیا دەبەخشێت".

یەكێك لە هۆكارەكانی پشتیوانی توركیا لە ئیخوان موسلمین، دژایەتی ئیخوانە لەگەڵ وەهابییەكانی سعودیە. 

چارای ئەوەش دەڵێت "توركیا ناتوانێت ڕۆڵی بڕیارسازی بگێڕێت لە ناوچەكەدا، ئەگەر ئیخوان ئەو ڕۆڵە نەبینن كە ئێستا بۆ باڵادەستی ئەنقەرە دەیبینن.. بۆیە سەخت و دژوارە وێنای ئەوە بكەین كە توركیا دەستبەرداری ئەو بزووتنەوەیە دەبێت كە 70 ساڵە هەژموونی خۆی لە ناوچەكە پەرەپێدەدات، تشارای پێشی وایە ئەنقەرە بەم سیاسەتەی زۆر دەدۆڕێنێت و هیچیشی دەست ناكەوێت".