پارتی پەیوەندییەكانی هەولێرو بەغدا بەدەستپێكی قۆناغێكی نوێ‌ دەزانێت

عیراق

10/02/2019‌ 1148 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەركردەیەكی پارتی دیموكرات جەختیكردەوە، كە پەیوەندیی هەولێر و بەغدا تۆكمە دەكرێتەوە و هەندێك هەنگاویش بۆ ئەو مەبەستە نراون.

خەسرۆ گۆران، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكرات بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی رایگەیاند، لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، قۆناغێكی نوێی پەیوەندیی سیاسی لەنێوان هەولێر و بەغدادا دروست بووە، "ئێستا لیژنەی باڵای سەربازی پێك هاتووە بۆ دروستكردنی هەماهەنگی سەربازی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچە كوردستانییەكاندا، لەرووی ئابوورییشەوە دۆخی ئابووری كوردستان بە بەراوردی ساڵانی رابردوو زۆر باشتر بووە".

ئاماژەی بەوەش كردووە، چەند ساڵێك پێش ئێستا هیچ گەرەنتییەك نەبوو بۆ ناردنی بودجەی كوردستان، سوپاس بۆ هەموو لایەك، كە بە هەوڵی هەموومان ئەو پرسە لە بودجەی عێراق چارە كرا و مافەكانی كورد ئەگەرچی هەمووی نییە، بەڵام لە یاسای بودجەدا دیاری كران، سەرجەم ئەمانەیش دەرهاویشەی سەردانی بارزانی بوون بۆ بەغدا.

خەسرەو گۆران راشیگەیاند، بارزانی دەرگا داخراوەكانی كردنەوە و گەشبینین پەیوەندییەكان باشتر ببن‌و تۆكمەتر بكرێن و هەماهەنگی زیاتر لە نێوان هەردوولادا دروست ببێت.

هەروەها رایگەیاند، "دۆستایەتیمان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی هەیە و پشتیوانی خۆمان بۆ كابینەكەی دەربڕی، لە بەغداش نەبووینە هۆكاری شەڕ، بەڵكوو هاوكار بووین بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بۆیە باوەڕ ناكەین عەبدولمەهدی هەڵەكانی عەبادی دووبارە بكاتەوە، چونكە خۆی لەناو پێشمەرگە بووە و دۆستی كوردە، دەریشكەوت هەنگاوەكانی رابردووی عەبادی، زیانیان بۆ عێراق هەبووە".

ئەمە لەكاتێكدایە، ساڵانی رابردوو پەیوەندییەكی خراپ لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی عێراق هەبوو، كە ئەوەش كاریگەری لەسەر سیاسەتی هەولێر بەرانبەر بەغدا دانابوو.

هـ ـ ح