"CIA"ی ئەمریكی جێگرەوەی عومەر حەسەن بەشیر دیاریدەكات

sharpress.net

607 جار خوێندراوه‌ته‌وه

11/02/2019‌

شارپرێس:
ڕاپۆرتی نهێنی ئەمریكا ئاشكرایكردووە ناوەندی هەواڵگری ئەمریكا(CIA)  چاودێری خۆپیشاندانەكانی سوودان دەكات‌و ئامادەكاری بۆ جێگرەوەی سەرۆكی ئێستای ئەو وڵاتە دەكات.

ئاژانسی ئیرنا بڵاویكردەوە، ڕاپۆرتێكی نهێنی وڵاتێكی عەرەبی كەنداو لەواشنتۆن ئەوەی ئاشكراكردووە، ئەمریكا لەئەگەرێكدا خۆپیشاندانەكانی ئێستای سودان ببێتە هۆی هێنانە خوارەوەی عومەر بەشیری سەرۆكی سودان لەدەسەڵات، سەلاح عەبدوڵڵا محەمەد ساڵح ناسراو بە"سەلاح قوش"، سەرۆكی هەواڵگریی و ئاسایشی نیشتمانی سودان دەكاتە جێگرەوەی.

لەو ڕاپۆرتە نهێنییەدا ئەوەش ئاماژەیپێكراوە، ناوەندی هەواڵگری ئەمریكا، چاودێری پەیوەندییەكانی لەگەڵ خەرتوومدا دەكات و بەدوای گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتداری لەو وڵاتەش نییە ، بەڵام نایەوێت پشتگیری عومەر بەشیر بكات.

لەڕاپۆرتەكەدا جەخت لەوش كراوەتەوە، حكومەتی سودان لەگەڵ ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریكادا هاوكاریی هەیە و یارمەتی بایەخدار بەمەبەستی بەدەستهێنانی زانیاری لەبارەی بزووتنەوەی شەبابی سۆماڵ، لیبیا و ئیخوان موسلمین بەواشنتۆن دەدات. 

لەپاش دوا سەردانی سەلاح قوشیش بۆ واشنتۆن و پێشوازیكردنی گەرم لێی، قوش بەڵێنی ئەوەی بە كاربەدەستانی ئەو وڵاتەدا، كە وڵاتی سوودان لەگەڵ CIAدا هاوكاری قووڵ و بایەخداری دەبێت.

ڕاپۆرتەكە ئەوەش ڕووندەكاتەوە، عومەر بەشیر لەئان و ساتی لاداندا نییە و بۆ ڕازیكردنی ڕای گشتی لە جیهاندا لە هەوڵدانی بەردەوامدایە و بۆ داواكردنی یارمەتی نەوت و خۆراكیش پەنای بۆ هاوپەیمانەكانی لە توركیا و سعودیادا بردووە. 

سەرۆكی سوودان، كە نزیكەی 30 ساڵە دەسەڵاتی لەدەستدایە، ئێستا وا ڕووبەڕووی خۆپیشاندانی تووندبووەتەوە، كە داوای وازهێنانی ئەو لە دەسەڵات دەكەن. 

خۆپیشاندانی ناڕەزاكانی سوودان لە 19ی دیسەمبرەوە بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری‌و نەبوونی خۆراكەوە دەستیپێكردووە كە بۆ بڵاوەپێكردنیان سوپای ئەم وڵاتە فرمانی تەقەكردنی ڕاستەوخۆ دەدات و تا ئێستاش 24 خۆپیشاندەر لەم خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیانەدا كوژراون.







ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved