لێدوانی سەعدی ئەحمەد پیرە لەسەر قسەكانی قوباد تاڵەبانی

کوردستان

11/02/2019‌ 12536 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: سیڤان ئازاد
سەعدی پیرە، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، وەڵامی ئەو قسانەی قوباد تاڵەبانی دایەوە، كە چواندبووی بە ماوریسۆ ساری ئیتالی‌و راهێنەری یانەی چیڵسی.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەنووسینێك شەوی رابردوو بڵاویكردەوە، كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكانی ڕاهێنەری چێڵسی هاوشێوەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكانی وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەرنجڕاكێشە.

لەبەرانبەردا سەعدی ئەحمەد پیرە لەلێدوانێكی لەبارەی ئەو قسانە بۆ شارپرێس وتی: عادەتەن كۆنگرەی رۆژنامەوانی راهێنەری چیڵسی خۆشەو وشك نییەو بەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكانی منی شبهاندووە، بەوەی منیش قسەی خۆش دەكەم‌و وەڵامی هەموو كەسێك دەدەمەوە.

قوباد تاڵەبانی ئەوەشی نووسیبوو: كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ماوریسیۆ ساری راهێنەری چێڵسی هاوشێوەی كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكانی كاك سەعدی وتەبێژی یەكێتی سەرنجڕاكێش دەبێت، بمبوورە كاك سەعدی خۆشمدەوێی، بەڵام نەمتوانی ئەوە نەڵێم".

ئەمە لەكاتێكدایە شەوی رابردوو لە یاری لوتكەی پریمەرلیگ یانەی چێڵسی بەشەش گۆڵی بێبەرامبەر بەیانەی مانچستەر سیتی دۆڕا‌و یەكێك لەشكستە سەختەكانی ئەم وەرزەی پریمەرلیگی چەشت.

ساری، كە راهێنەری چیڵسییە بەوە ناسراوە لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكانیدا لێدوانی سەرنجڕاكێش دەدات، كە لەهەرێمی كوردستانیش كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكانی سەعدی پیرە دور نییە لەلێدوانی سەرنجڕاكێش‌و وەك ڕۆژنامەنووسان دەڵێن قسەی خۆش.

هـ ـ ح