شارپرێس ناوی كاندیده‌كانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكراده‌كات

sharpress.net

2838 جار خوێندراوه‌ته‌وه

11/02/2019‌

شارپرێس:
هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵده‌بژێردرێت، شارپرێس-یش ناوی كاندیده‌كانی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ ئاشكراده‌كات.

به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست شارپرێس كه‌وتوون، سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ دیاریكردنی كاندیدی حزبه‌كه‌ی بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌، كه‌ ئێستا له‌نێو ئه‌و حزبه‌دا هه‌ریه‌ك له‌ ڕێواز فایه‌ق‌و بێگه‌رد تاڵه‌بانی كاندیدن.

شارپرێس زانیویه‌تی زۆرینه‌ی سه‌ركردایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان ڕێواز فایه‌ق پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی وه‌ربگرێت، له‌به‌رامبه‌ریشدا بێگه‌رد تاڵه‌بانی ببێته‌ سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی كوردستان، به‌وه‌ش بۆیه‌كه‌مجار له‌مێژووی په‌رله‌مانی كوردستاندا ئافره‌تێك سه‌رۆكایه‌تی خولێكی په‌رله‌مان ده‌كات.

له‌باره‌ی پۆستی جێگرانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ كه‌ بریتین له‌ جێگری یه‌كه‌م ‌و دووه‌م، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی شارپرێس هێمن هه‌ورامی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پۆستی جێگری یه‌كه‌م وه‌رده‌گرێت.

په‌یوه‌ست به‌ پۆستی جێگری دووه‌م، له‌ئێستادا پارتی ده‌یه‌وێت ئه‌و پۆسته‌ بۆ كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كان ‌و به‌دریاریكراویش بۆ نه‌ته‌وه‌ی توركمان بێت، كه‌ له‌وه‌شدا هه‌وڵێكی هه‌رێمی و به‌دیاریكراویش توركیا بۆ پێدانی ئه‌و پۆسته‌ به‌ توركمان له‌ئارادایه‌.

له‌نێو توركمانه‌كاندا تا ئێستا دوو كاندیدی به‌هێز بۆ ئه‌و پۆسته‌ هه‌ن كه‌ ئه‌وانیش ئایدن مه‌عروف، سه‌رۆكی فراكسیۆنی به‌ره‌ی توركمانی‌و مونا قه‌هوه‌چی، سه‌رۆكی لیستی چاكسازی توركمانین، له‌دواجاریشدا پارتی یه‌كێك له‌و دوو كاندیده‌ یه‌كلاده‌كاته‌وه‌.

بڕیاره‌ ڕۆژی 18ی ئه‌م مانگه‌ په‌رله‌مانی كوردستان كۆببێته‌وه‌‌و له‌و ڕۆژه‌دا ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێرێت.

ڕ . ج 




ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved