شارپرێس:
بەپێی لێكۆڵینەوەیەك، یەك ملیۆن گەنج زیاتر لە شانشینی یەكگرتوودا لەگەڵ دایكو باوكیاندا دەژین، ئەوەش وەك بیست ساڵ لەمەوبەر.
هەر بەپێی لێكۆڵینەوەكە، لەساڵی ١٩٩٨ەوە، ئەم ڕێژەیە %٤١ زیادیكردووە لە لەندەندا، كە خانووبەرە لەوپەڕی گرانیدایە، بەڵام ڕێژەكە زۆركەمترە لە ناوچە هەرزانبەهاكانی وەك باكووری ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا بە ڕێژەی %١٤ و یۆركشایەر و هەمبەر بەڕێژەی %١٧.
لێكۆڵینەوەكە باسی لەوە كردووە، كە بۆ تەمەن ٢٣ ساڵانەكان لە شانشینی یەكگرتوودا، ئەو كەسانەی لەگەڵ دایكو باوكیاندا دەژین لە %٣٧ ەوە بەرزبووەتەوە لە ساڵی ١٩٩٨ دا بۆ %٤٩ لە ٢٠١٧ دا.
بەڕێوەبەری سەرنووسەری (سیڤیتاس)، دانیەڵ بێنتلی لەو بارەوە وتی: "لەگەڵ سەختتربوونی بوون بەخاوەنی خانوبەرە و پیشە، سەدان هەزار لاو خۆیان دوور گرتووە لە كرێ بەرزەكانی كەرتی تایبەت و بڕیاریانداوە لەگەڵ دایكو باوكیاندا بژین بۆ ماوەیەكی درێژتر."
هەروەها وتی: گرنگە حكومەت ئەمە بەهەند بگرێت لەكاتی تاووتوێكردنی پێویستییەكانی خانوبەرە لە داهاتوودا.
كۆكردنەوەی پارە بۆ كڕین
مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی، لۆرین ، كە تەمەنی ٢٩ ساڵە لەچێستەرفیڵد، پاش تەواوكردنی زانكۆ گەڕایەوە ماڵی دایكو باوكی.
ئەو كەسە و هاوژینەكەی لە هەوڵی پارە كۆكردنەوەدان بۆ كڕینی خانوویەك، بەڵام ئەم مامۆستایە وتی: "لەوەدەچێت ئەم كارە هەر زۆر ئاستەم بێت"، "ئێمە خوازیارین بتوانین ساڵی داهاتوو خانویەك بكڕین، بەڵام جار بە جار زیاتر گرانتر دەبێت و پلانەكانمان دەچێتە دواتر".
هەروەها وتیشی "ئەمە زۆر بێهیواكارانەیە، چونكە ئێمە نامانەوێت لە تەمەنی سی ساڵیدا هێشتا لەماڵی دایكو باوماندا بین، چونكە ئەمەش ئەركێكی گرانە بۆ سەر دایكو باوكمان و خۆشمان دەمانەوێت ژیانی خۆمان دەست پێبكەین".
ئەوەش دەڵێت دایكو باوكی هیچ كاتێك داوای پارەی لێنەكردوون، بەڵام ئەم كەسە خۆی مانگانە شتێك دەدات پێیان، چونكە وا هەست دەكات ئەمە كارێكی دروستە، "هیچ كاتێك تەنانەت بەئاماژەش داوایان لێنەكردووم ماڵەوە بە جێ بێڵم و بچمە دەر".
وەرگێڕان: ڕوخۆش عەبدوڵڵا حسێن