ئەگەر ئەنقەرە سیستەمی موشەكی "ئێس-400" بكرێت
ئەمریكا هەڕەشەی وەستاندنی گفتوگۆكانی گرێبەستی كڕینی موشەكی "پاتریۆت" لەتوركیا دەكات

جیهان

12/02/2019‌ 2999 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: شەرقلئەوسەت
وەرگێرانی : لوقمان حاجی قادر
گەورە بەرپرسێكی ئەمریكی ڕایگەیاند، دانوستانەكانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە سەبارەت بەمامەڵەی موشەكی "پاتریۆت" ڕادەگرن، ئەگەر توركیا سیستەمی موشەكی "ئێس-400" ڕوسی وەربگرێت.

میدیاكانی توركیا لێدوانەكانی ئەو بەرپرسە ئەمریكییەیان گواستەوە، كە داوای كردووە ناوی ئاشكرا نەكرێت رایگەیاندووە، كەوا كڕینی سیستەمی "ئێس-400" ڕوسی لەلایەن توركیاوە كاریگەریشی دەبێت بۆ سەر ڕادەستكردنی فڕۆكەی جەنگی "ئێف-35" ئەمریكی. 

ئەو بەوە وەسفی گفتوگۆكانی نێوان شاندی ئەمریكا و توركیای كردووە لەواشنتۆن، كە "بەرهەمدار و بنیاتنەر بووە"، كە پێشتریش شاندێكی ئەمریكی لە ناوەڕاستی مانگی كانونی دووەمی ڕابردوو ئەنقەرە گفتوگۆی لەگەڵ شاندی توركی كردووە ‌سەبارەت بە مەرجەكانی فرۆشتنی ئەو كۆسیستەمە موشەكییە ئەمریكییە (پاتریۆت) بەتوركیا، كە بەهاكەی 3.5 ملیار دۆلارە.

شاندەكە، كە شارەزای تەكنیكی تیدابوون دوای ئەوە سەردانی توركیایان كردووە، ئەنقەرە ڕازی نەبوو دەست لە كڕینی كۆسیستەمی "ئێس-400" ڕوسی هەڵگرێت، كە بەهاكەی 2.5 ملیار دۆلارە.

ئەمریكییەكان هۆشداریشیان داوەتە توركیا ئەگەر مكوڕبن لەسەر كڕینی كۆسیستەمە روسییەكە، ئەوا ڕووبەڕووی سزای قورس دەبنەوە، واشنتۆن نیگەرانی ئەوەشە، كە توركیا تەكنیكی دروستكردنی فرۆكەی جەنگی "ئێف-35" بۆ مۆسكۆ ئاشكرا بكات و بەمەش مۆسكۆ دەتوانێت سیستەمێكی موشەكی دروست بكات بۆ لێدانی ئەو فڕۆكەیە.

توركیا لەم ساڵدا ئەو كۆسیستەمە ڕوسییەی دەست دەكەویت، كە لە ساڵی 2017 لەگەڵ مۆسكۆدا لەسەری ڕیككەوتووه و تیمیكی سەربازی توركیش بەكاری دێنن.

لەولاشەوە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا جەختی لەسەر پتەوی پەیوەندییەكانی ئەنقەرە و  واشنتۆندا كردووەو ئاماژەی بەوەشدا سەرباری ئاڵینگارییەكانی بەردەمیان و جیاوازی دیدگایان بۆ پرسەكان، توانیویانە لێكتێگەیشتنێك لەنێوانیاندا بێننە ئاراوە.