یەکێتی خۆی بۆ پلانی B ئامادەدەکات
پارتی: بەبێ ئامادەبونی یەکێتیش کۆبونەوەی پەرلەمان ئەنجامدەدەین

کوردستان

13/02/2019‌ 7865 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی پڕۆژەکەی یەکێتی داوەتەوە و رایگەیاندووە، بەبێ ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەوزیش کۆبونەوەی 18ی ئەم مانگەی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدەدەن.

بەپێی زانیاریەکانی شارپرێس، پارتی هەوڵدەدات کۆبونەوەی 18ی ئەم مانگەی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت تەنانەت بەبێ ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکێتی، ئەو پەیامەشی ئەمڕۆ بەرونی داوەتە بەرپرسانی یەکێتی.

ئەمڕۆ چوارشەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبووەوە و دوای کۆبونەوەکە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "كۆبونەوەی (18ی شوبات)ی پەرلەمانی كوردستان بەندە بە ئیمزاكردنی رێكەوتنامەی سیاسی لەنێوان یەكێتی‌و پارتی، وەك یەك پاكێچ بۆ هەرێم‌و بەغداد‌و كەركوك‌و پرسە نەتەوەیی‌و نیشتمانیەكان".

شارپرێس زانیویەتی، دوای کۆبونەوەکە پارتی بە فەرمی یەکێتی ئاگادارکردوەتەوە لەوەی کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت و ئامادەنین کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی دیکە دوابخات.

هەربەپێی زانیاریەکانی شارپرێس، پارتی هەوڵدەدات لە کۆبونەوەی 18ی ئەم مانگەدا هەریەکە لە گۆڕان و یەکگرتوو بەشداریبکەن و سەرۆکی کاتی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێت و پۆستەکانی یەکێتی بە بەتاڵی بهێڵێتەوە هاوشێوەی ساڵی 2014 کاتێک لەگەڵ گۆڕان گەیشتە ڕێککەوتن.

هەرچەندە لە کۆبونەوەی 5ی شوباتدا پارتی و یەکێتی گەیشتنە رێککەوتن بۆ دیاریکردنی کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بەڵام دواتر پارتی ئاشگەزبووەوە و گەڕێکی دیکەی دانوستانی بۆ لای کۆمەڵ و پێکهاتەی تورکمان و سۆسیالیست دەستپێکرد، بەئامانجی بەشداریکردنیان لە کۆبونەوەی 18ی ئەم مانگەدا.

یەکێتی داوا دەکات پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دیاریکردنی پارێزگاری کەرکوک و پۆستەکانی دیکەی عێراق پێکەوە بڕیاریان لەبارەوە بدرێت، بەڵام پارتی ئەوە رەتدەکاتەوە و پێداگری دەکات لەسەر پێکهێنانی کابینەی حکومەت و پاشان یەکلاییکردنەوەی پرسەکانی دیکە، کە ئەوەش ناکۆکی قوڵی نێوان هەردوو حزبەکەیە.

شارپرێس زانیویەتی، یەکێتی لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیدا تاوتوێی بژاردەی دیکەی کردوە و لیژنەیەکی لە ئەندامانی سەرکردایەتی پێکهێناوە بۆ تاوتوێکردنی پلانی b لە ئەگەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەبێ ئامادەبونی فراکسیۆنی یەکێتی،بەڵام تائیستا زانیاری ورد لەوبارەیەوە ئاشکرانەکراوە.
ە.م