UN: داعش خەزێنەیەکی دارایی بە بڕی 300 ملیۆن دۆلاری بۆ داهاتوی هەیە

عیراق

13/02/2019‌ 805 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس.. یاسین نادر:
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندوە "چەکدارانی داعش خەزێنەیەکی دارایی شاراوەی 300 ملیۆن دۆلارییان هەیە، کە دەتوانن بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەڕاسیۆنەکان و دابینکردنی دارایی هێرشە نوێیەکانیان بۆ وڵاتانیی ڕۆژئاوا لە پلانەکانی داهاتویان سوودی لێ ببینن".

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی دەیلی مەیل "ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم ڕاپۆرتەیدا ئەوەی دەرخستووە، گروپی تیرۆریستی داعش هەوڵی خەزنکردنی بڕێکی زۆر پارەی لە ناوچەکانی ژێر کونتڕۆڵی خۆی داوە و پاشماوەی پارەکانی بەشێوەی قاچاخ بۆ دەرەوە ناردووە یان لە بازرگانیکردنی یاسایی وەبەرهێنانی پێکردووە".

لەم ڕاپۆرتەدا ئەوەش ڕوونکراوەتەوە "لەگەڵ ئەوەی کە لەم ڕۆژانەدا داعش لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا دەرکراوە، ئەم تاقمە دارایەکانی خۆی شاردووەتەوە، بەم ستراتیژییەوە کە لە داهاتوودا هەلێکی بۆ بڕەخسێت تا بە سووبردن لەوان دەست بەهێرشی گەورە لە چوارچێوەیەکی گەورەتردا ئەنجامبدات".

لەڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها ئەوەش هاتووە "میلیشیا دەرەکییەکان کە ناوچەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکان بەجێدێڵن، لەگەڵ ئەوانەشی پێشووتر گەڕاونەتەوە و یان بەندکراون پاش ئازادبوونیان هۆکارگەلی هەڕەشەو مەترسی جددی بەئەژمار دێن".

ئەم ڕاپۆرتەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەشکردوە "بەڕێوبەرێتیکردنی پەیوەستبوەکانی ئەم ڕێکخراوە کێشەیەکی گەورەیە، چونکە ژنان و منداڵانێک کە لەژێر دەسەڵاتی ژیانی ئەواندا بوون، ڕەنگە لەکاریگەری ئەوان دوبارە مەترسی دروستبکەنەوە". 

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەشکردوە "داعش لەگەڵ لەدەستدانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێشتا نزیکەی18هەزار ئەندامی وەفاداری لەعێراق و سوریا و 3هەزار ئەندامیشی لە دەرەوەی ئەو وڵاتانە هەیە".

لە ڕاپۆرتەکەشدا ئەوەش ڕوونکراوەتەوە "شکستە سەربازییەکان، داعشی ناچار کردووە تا لە ئێستادا دەست لە بیرۆکەی حکومەتدارێتی لەسەر ناوچەیەکی جوگرافی وەک خەلافەت واز‌ لێبێنێت، بەڵام ئەم گروپە هێشتاکە ئامانجی درێژ مەودای خۆی پاراستووە و لە ئاستی دەرەوەشدا هەندێک بانگەشەی لەمبارەیەوە کردووە".

سەرچاوە: sputnik arabic

هـ ـ ر