ئەمریکا دەیەوێت بنکەیەکی گەورەی سەربازی لە سێگۆشەی عێراق، سوریا، ئەردەن دابمەزرێنێت

عیراق

13/02/2019‌ 1002 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەی ئاگادار لە پارێزکای ئەنبار ئاشکراکردوە "هێزەکانی ئەمریکا دەیانەوێت بنکەیەکی سەربازی هەمیشەیی لە نزیک سێگۆشەی سنووری عێراق و سوریاو ئەردەن دروستبکەن".

ئەمڕۆ چوارشەممە ئاژانسە هەواڵییە عێراقیەکان، بڵاویانکردووەتەوە "ڕۆژی سێشەممە یەکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا بەبێ ئەوەی مەبەستی ڕوون و ئاشکرایان دیاری بێت، لە یەکێک لە بارەگاکانی خۆیان لە پارێزگای ئەنبار بەرەو قوڵایی خاکی سوریا بەڕێکەوتون".

ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە گفتگۆیەکی لەگەڵ ئاژانسی مەعلوومە ئاشکراشیکردووە "هێزەکانی ئەمریکا بەهۆکارگەلێکی نادیار دەیانەوێت بنکەیەکی سەربازی هەمیشەیی لە نزیک سێگۆشەی سنووری عێراق-سوریا-ئەردەن لە ڕۆژئاوای ئەنباردا دروستبکەن".

سەرچاوەکە ئاماژەی بە کردوە "هێزە ئەمریکییەکە ژمارەیەک لە ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر و پێداویستییە سەربازییان بەمەبەستی دروستکردنی ئەم بنکەیە لە ئەردەنەوە بەرەو خاکی عێراق گواستووەتەوە، بەبێ ئەوەی ئامانجی ئەو گواستنەوەیە ڕوون ببێتەوە".

سەرچاوەکەی وتوشیەتی "هێزەکانی ئەمریکا لە نزیکی سنووری عێراق و سوریا لە هاتووچۆدان و بنکەی سەربازییان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی بیابانی ئەنباردا هەیەو ئەم هێزانەش هیوادارن بنکەیەکی سەربازی گەورە کە سیستەمی موشەکی پێشکەوتووی هەبێت، تیادا جێگیر بکەن".

بەپیی وتەی ئەو سەرچاوەیە "بەرپرسانی ناوچەیی ئەنبار مافی دژایەتی یان قبوڵکردنی ئەم بنکانەیان لەئەستۆدا نییە، چونکە هەموو ڕێکەوتنە واژووکراوەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و ئەمریکادا بووە".

لەکۆتاییشدا سەرچاوەکە ڕوونیکردووەتەوە "ژمارەیەک لەهێزەکانی ئەمریکا لە تێپەڕگەی تڕیبیل-ەوە بەرەو خاکی سوریا چوون و لەوێشەوە بۆ ئەلتەنێف لەسوریا ڕۆیشتوون، بەبێ ئەوەی کە هۆکاری ڕاستەقینەی ئەم هێزانە بۆ سوریا و پێسپاردنێک کە لەخاکی وڵاتانیتر هەیانە،دیاری ببێت".
هـ ـ ر