دەستی بۆ كوونی زەردەواڵە بردووە
پلانەكەی ترامپ لەعێراق بەكۆدەنگی لەبەغدا رەتدەكرێتەوە

عیراق

14/02/2019‌ 3465 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
بانگەشە چاوەڕواننەكراوەكەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بەئارەزووكردنی مانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لەعێراق بۆ "چاودێریكردنی ئێران"، ئامانجێكی پێكا، كە لە توانادا نەبوو پێشتر بپێكرێت، ئامانجەكەش "یەكڕیزی دامەزراوە سیاسییەكانی عێراق" بوو.

گرفتی جۆناڵد ترامپ لەیەكڕیزی ڕەتكردنەوەی بەكۆمەڵی پێشنیارەكەیدا بوو، بوو بەسەرەداوێكیش بۆ سەرهەڵدانی چەند یاسایەكی پێشنیازكراو، كە دەكرێت بەربەستبن لە بەردەم توانستی هێزەكانی ئەمریكا لەكاركردنیان لە عێراقدا، كە ئەو ڕیسەی ئێستاش دەڕێسرێت‌و ئەو ڕێوشوێنەی لەقۆناغی داڕشتن دایە، لەجوڵە و چالاكی هێزەكانی ئەمریكا كەم دەكاتەوە لەعێراقدا.

لێدوانەكانی ترامپ لە میانەی چاوپێكەوتنێكدا بوو لە‌سەر پێگەی "بەرەنگاربوونەوەی نەتەوەیەك"، كە تۆڕی هەواڵی "سی بی ئێس" پەخشی دەكات و لە كاتێكی درەنگوەختی ڕۆژی یەكشەممەی ڕابردوودا بوو، هەموو جومگەكانی حكومەتی عێراقیش ڕەتیانكردەوە، بەو هێزانەشەوە، كە هاوپەیمانی ئەمریكان‌، لەوانە بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراق.

بەرهەم ساڵح، كە ڕۆژی دووشەمەی ڕابردوو لە بەغدا لەمونتەدای ڕافیدەین قسەی كردو وتی: بە پرسە تایبەتەكانی خۆت، باری سەرشانی عێراق قورس مەكە، كە ڕووی دەمی لە لێدوانەكانی ئەم دوایەی ئیدارەی ئەمریكا بوو كاتێك‌ وتی: "ئێمە لێرە دەژین".

هەرچەندە قسەكانی بەرهەم ساڵح هێدی و هێمنتر بوون لەوەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و سەركردە سیاسییەكان، كە زۆر دەمێكە هەستیان بەوە كردووە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕێز لە سەروەری عێراق ناگرێت، بەڵام كاریگەری خۆی دەبێت.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووش، هەندێك ئەندام پەرلەمان داوای جوڵەی بەپەلەیان كرد بۆ وەدەرنانی هێزە ئەمریكییەكان لەعێراق، توندترین لێدوانیش هی وتەبێژی سەربازی كەتیبەكانی حیزبوڵڵا بوو، كە گروپێكی چەكداری عێراقییەو ئێستا خاوەن باڵێكی سیاسییە (ڕاستەوخۆش پەیوەست نییە بەحیزبوڵای لوبنانییەوە)، كە وتی: قسەكانی ترامپ هێزەكانی ئەمریكای كردنە ئامانجێكی مەشروعی هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی عێراقی.

هەر چۆنێك بێت ئەو ڕووداوە ئەوەی دەرخست، كە شوێنپێی ئەمریكا لەعێراق لەسەر ڕووتەختێكی سەهۆڵبەندی تەنكە، سەركردە سەربازی‌و سیاسییەكانی ئەمریكاش بوارێكی ئەوتۆیان نییە بۆ مانۆڕ  و مانۆڕكاری.

دبلۆماتە ئەمریكی و بەرپرسە سەربازییەكانی واشنتۆن و بەغدا، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، ویستیان بەر بەو لێكەوتە سیاسییانەی عێراق بگرن، كە لە ئاكامی ئەو لێدوانانەوە هاتنەكایەوە، بەوەی بەناوی ترامپەوە جەختیان لەوە كردەوە هێزەكانی ئەمریكا بۆ چاوێریكردنی جموجوڵە پۆخەڵەكانی ئێران لە عێراق دەمێننەوە.

یەكێك لە بەرپرسە ئەمریكییەكانیش وتی: "یەكێك لە شتە باشەكان، كە یارمەتیدەر بوو لەكەمكردنەوەی توڕەیی عێراقییە‌كان، ئەوە بوو پەرلەمانی عێراقی لە وەرزی كۆبوونەوەكانی خۆیدا نەبوو، لەوانەیە ئەمەش واشنتۆن لەتوڕەیی زیاتری دۆخەكە پاراستبێت".

بەرپرسێكی تری ئەمریكی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە گۆنگرەیەكی ڕۆژنامەزانیداو پێش كۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی واشنتۆن لەگەڵ نوێنەری نزیكەی 80 دەوڵەتی هێزە هاوپەیمانەكان وتی: "بوونی هێزەكانمان لە عێراق بە مەبەستی گەرەنتی دەستەبەركردنی بەزاندنی بەردەوامی داعشە"، بۆ بەزاندنی دەوڵەتی ئیسلامییە لە عێراق و سوریا و زۆر دەوڵەتی دیكە، كە ئەو ڕێكخراوە تیرۆرستییەی تێدا چالاكە. 

هەر وەك دبلوماتكار و شارەزا سەربازییە ئەمریكییەكانیش دەڵێن، پێدەچێت ترامپ بێ مەبەست دەستی بۆ كوونی زەردەواڵە بردبێت، كاتێك باسی سرووشتی بنكەی ئەسەدی ئاسمانی لە رۆژئاوای عێراق كرد، كە لە كۆتاییەكانی دیسەمبەری ساڵی پار سەردانی كردبوو، لەوێ ئەمریكییەكان لەژێر فەرمانی عێراقییەكاندا كار دەكەن، پیشنیاری ئەوەشی كرد، كە دەكرێت ئەو بنكەیە بۆ چاودێریكردنی ئێران بەكاربهێندرێت.

ترامپ لە لێدوانێكی بۆ "سی بی ئێس" وتیشی: "بنكەیەكی مەزنمان لەعێراق هەیە، من لەو ماوەیەی دوایی لەوێ بووم، نەمتوانی باوەڕ بەو بڕە پارە زەبەلاحە بكەم، كە لێی خەرجكراوە".

بەرپرسە سەربازی و هەواڵگرییە ئەمریكییەكان دوڕدۆنگی خۆیان لەهەمبەر قسەكانی ترامپ نیشاندا، بەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە بنكەی ئەسەد، یان هەر بنكەیە‌كی دیكە، بتوانێت ڕۆڵی چاودێریكردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران یان هەر چالاكییەكی گومانلێكراوی تاران بكات.

واش باوە، كە كردەی كۆكردنەوەی زانیارییە هەواڵگرییەكان "ڕازگرییەكان" لە ڕێگەی چەند كەناڵێكی سیخوڕی ئەمریكییەوە لەلایەن ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەییەوە بەشێوەیەك ئەلەكترۆنی كۆدەكرێنەوە، هەروەها لە ڕێگەی كردەی "نهێنی سیخوڕەكانی سی ئای ئەی" یەوە ئەو كارە ئەنجام بدرێت. 

سەردانەكەی ترتمپ بۆ عێراق دوڕدۆنگی سیاسییە عێراقییەكانیشی لێكەوتەوە، هەندێك بەوە وەسفیان كرد، كە بێڕێزیكردنێكی لوتبەرزانەی رەفتارئامێزی ئەمریكایە ە سەرچاوەكەی لە داگیركرای ساڵی 2003  وە دەستیپێكردووە و دواتریش ڕووداوەكانی بەندیخانەی ئەبوغرێب‌و قوربانیانی مەدەنی و بڵاوبوونەوەی توندوتیژی تایەفەگەرییە بەدوادا هاتوون.

بڕیاری چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2011 لە عێراق،  زۆرترین توێژی عێراقییەكانی نیگەران كرد، سەربای ئەوەش ئەمریكییەكان بژاردەیەكی دیكەیان نەبوو جگە لە بەجێهێشتنی وڵات، بەو پێیەی ماوەی یاساییان تەواو ببوو، سەركردە عێراقییەكانیش ڕۆڵیان لەو چوونەدەرەوەدا هەبوو، بەشێكی زۆری عێراقییەكانیش ئەمەیان بە هۆكاری پەرەسەندنی داعش لە قەڵەمدا.

جەواد موسەوی ئەندام پەرلەمانی هاوپەیمان لەگەڵ فراكسیۆنی سەدر، كە سەركردەیەكی شیعەیە وتی: "ئەوەمان لە بیرناچێت لە دوای پاشەكشەی هێزەكانی ئەمریكا ڕوویدا،  بیرمان ناچێت ئەمریكا لەهەر ئان و لە گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوەی جەنگ و تیرۆردا ساتێكدا بەتەنیا جێت دێڵێت".

لەگەڵ بەرتەسكبوونەوەی سنوری قەڵەمڕەوی داعش لەعێراق و سوریا لە جوغزێكی زۆر بچووكدا، عێراقییەكان لەوە دڵنیانین ئەمریكییەكان دەیانەوێت چی بكەن و لە كوێش نیشتەجێبن، لەوەش دەترسن عێراق ببێتە گۆرەپانی ململانێی نێوان واشنتۆن‌و  تاران، پەی بەوەش‌ دەبەن، كە زۆرێك لە عێراقییەكان پشت بە ئێران دەبەستن، كە لەم ساڵانەی دوایدا هاوپەیمانی بەغدا بووە ، وزەی كارەبای بۆ باشووری عێراق دابین كردووە ، لە جەنگی داعشیشدا لە ساڵی 2014 پشتیوانی بەغدا بووە.

عەمار حەكیمی سەركردەی دیاری شیعەكانیش لەبەیاننامەیەكدا لەسەر پێگەی تویتەرەكەی خۆی وتی: "بە توندی ئەو ڕەتدەكەینەوە عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی یان شوێنێك بۆ ورژاندنی دەوڵەتانی دەوروبەر، چونكە ئەو كارە هەڕەشە لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان و سەقامگیری ووڵاتەكەمان دەكات، بۆیە عێراق ڕێگە بەو كارە نادات".

هێشتا 5200 سەربازی ئەمریكی لە عێراقدا ماون كە ئەركی ڕاهێنان و ڕێنمایی هێزە عێراقییەكانیان لە ئەستۆ دایە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا. بەڵام ژمارەییەكی زۆری سەربازی دیكە بە شێوەی گریبەستی سەربازی لە ووڵاتدا بووینان هەیە، لەبەر هۆكاری ئەمنیش ژمارە ڕاستەقینەكانیان ئاشكرا ناكرێن.

بۆ چەند هەفتەیەكیش بوو ئەمریكا لەگەڵ عێراق لە دانوستاندا بوو سەبارەت بە ڕێگەدان بە هێزە تایبەتەكانی و پتشیوانیكردنیش لە هێزەكانی لە سوریا بۆ جیگیركردنیان لە بنكە سەربازییەكانی عێراق بۆ لێدانی داعش.

لەم دوو هەفتەیەی دوایشدا ئەوەی دۆخەكەی خراپتر كرد، لێدوانەكانی سیاسەكی كورد بوو – كە لێدوانەكەی پشتڕاست نەكراوەتەوە- ‌ ووتی لە گەشتێكیدا لەگەڵ كۆڵۆنێل - ێكی ئەمریكی لە نزیك سنوری ئێران 3 بنكەی سەربازیان بەسەر كردۆتەوە و سەبازە پاشەكشەپێكراوەكانی تێدا نیشتەجێ دەبن. دەسەڵاتدارە عیراقییەكان ئەو هەواڵەیان پشت ڕاست نەكردۆتەوە، بەڵام نزیكەكانی ئێران تووشی ترس و تۆقاندن بوونەوە و گەیشتونە ئەو ئاكامەی كە ئەمە جۆرێكە لە جۆرەكانی شەڕی دەروونی بۆ ورژاندنی ئێران، ئەمریكییەكانیش دووبارە دەیانەوێت عێراق وەك بنكەیەكی سەربازی بۆ چاودێریكردنی ئێران یان هێرشكردنەسەری بەكاربێنن.

زۆرێك لە گەورە ئەفسەر و دبلۆماتە ئەمركییەكان ترسی ئەوە‌یان هەیە لێدوانەكانی تڕەمپ دانوستانەكانی نێوان واشنتۆن و بەغدا لەبار بەرێت، كەچی شڕۆڤەكاری دیكە پێیان وایە ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزكاوەی نێوان هەردوولا لەو دۆخە ناهەموارە دەربازی دەبێت.

مایكل نایتس كە هاوڕێیەكی كاری دیاری پەیمانگای واشنتۆنە بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ووتی: "عێراقییەكان دەزانن بۆ بەزاندنی داعش چەند ساڵیكی دیكە پێویستە، بۆیە ئەوە دەزانن كە هاوبەشبەندی سەربازی ئەمریكی – عێراقی بەردەوام دەبێت".

واسق هاشمی سەرۆكی كۆمەڵەی لێكۆڵینەوە ستراتیژییەكانی عێراقی كە دامەزراوەیەكی هزرییە لە بەغدای پایتەخت ووتی: "سەرباری هەموو لێدوانە گەرموگوڕەكان، بەڵام لێكدانەوەی من ئەوەیە كە ئەو چەلەحانێیە ناگاتە ڕادەی بەیەكدادان و بەرەنگاربوونەوە.

وتیشی "ئێران سەركێشی ئەوە ناكات هێرش بكاتە سەر هێزەكانی ئەمریكا، ئەمریكاش نایەوێت گورزێك لە ئێران بوەشێنێت، چونكە هەردوولا پەی بەوە دەبەن كە ڕۆڵی عێراق هێوركردنەوەی دۆخەكە و پردی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێرانە".

سەرچاوە: نیۆریۆك تایمز