بەهاری عەرەبیی.. بوو بەپایزی تەمەنی چەند كەسایەتییەكی دیار

عیراق

14/02/2019‌ 1327 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا
ژمارەیەكی زۆر لەكەسایەتییە دیارەكانی كۆمەڵگەی عەرەبی لەئەنجامی رووداوەكانی تیرۆركردندا لەلایەن گروپە تیرۆریستییەكانەوە لەسەرەتای دەستپێكردنی بەهاری عەرەبییەوە كوژراون.

ئەگەر لەسوریاوە باسی ئەو كەسایەتییانە بكرێت، كە تیرۆكراون، ئەوە ئەو وڵاتە تائێستاش بەدەست تیرۆرەوە دەناڵێنێت، كە بۆ ماوەی هەشت ساڵە بەردەوامە، كە بە زانای شوێنەوارو بەرێوەبەری شوێنەواری پێشووی تەدمور "خالد الاسعد" لە 18 ی ئابی ساڵی 2015دا بەدەستی رێكخراوی داعش تیرۆركرا دەستپێكراوەو تیرۆری چەندین كەسی تری بەداوە هاتووە.

وەك ئەو وێنانەی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرانەوە، ئەو زانایە لەدوای كوشتنی لەلایەن داعشەوە سەری لەجەستەی لێكراوەتەوەو جەستەكەشی بەیەكێك لە پایەكانی شوێنەواری شاری تەدموری سوریا هەڵواسرابوو.

نووسەری ئوردنی "ناهز حتر" لە 25 سیپتەمبەر ساڵی 2016 لەبەرانبەر دادگا لەپایتەختی ئوردن بە سێ فیشەك تیرۆكرا، ئەوانەی رووداوەكەیان بینیوە دەگێڕنەوە چەكدارێكی نەناسراو تەقەی لەناوبراو كردووە لە بەرانبەر تەلاری "العدل" لە ناوچەی عەبدەلی لە ناوەڕاستی عەمان.

 

دیسانەوە لە سوریا سەرۆكی یەكێتی زانایانی وڵاتی شام "محمد سعید البوتی" لەتەقینەوەیەكی خۆكوژیدا لە ناوەراستی دیمەشق لە 21 ی ئازاری 2013 دا كوژراو و لەم پرۆسە تیرۆریستییەدا نزیكەی 42 كەس گیانیان لەدەستدا، لەنێویاندا نەوەی "البوتی" تێدا بوو.

 

لە لیبیاش رۆژنامەنووس "عز الدین قوساد" پێشكەشكاری تەلەفزینی لەكەناڵی "الحرە"ی ناوخۆیی لە شاری بەنغازی رۆژهەڵاتی لیبیادا كوژرا، لە كاتی گەرانەوەی لەنوێژی هەینی بۆ ماڵەكەی، كە چەكدارە نەناسراوەكان پاش ئەوەی لە ئۆتومبیلەكەی دابەزی بوو، تەقەیان لێكرد.

 

لە عێراق لە 3ی شوباتی ساڵی 2019 چەند چەكدارێكی نەناسراو تەقەیان لەنووسەری بەناوبانگ "عەلا مەشزوب" كرد لە نزیك ماڵەكەی خۆی لە كەربەلا و تیرۆریان كرد.

 

لە 5ی ئابی ساڵی 2018 زانای سوری دیارو بەناوبانگ  "دكتۆر عەزیز ئیسبر" بەرێوەبەری توێژینەوەی زانستی لە شاری مسیاف تیرۆر كرا، لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلەكەیدا.

 

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە 27 ی ئەیلولی 2018 رایگەیاند، نمایشكاری جل و بەرگی عێراقی "تارە فارس" بەهۆی فیشەكەوە گیانی لە دەستداوە و وتەبێژی وەزارەت "سیف البدر" لە بەیاننامەیەكدا وتی: تەرمی ناوبراو گەیشتووەتە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی بەغدا و بەهۆی فیشەكەوە گیانی لە دەستداوە.

لە 6ی نیسانی ساڵی 2018 پیاوێكی ئایینی مەسیحی لەتائیفەی سریانی ئەرسەدۆكسی لەنزیك ماڵەكەی لە ناوەراستی بەغدا تیرۆكرا و سەرچاوە ئەمنییەكان رایانگەیاند، چەند چەكدارێكی نەناسراو لە نێو ئۆتومبیلێكی مەدەنییەوە بە چەكی سووك تەقەیان لە پیاوی ئاینی "یوسف عادل" سەرپەرشتیاری كەنیسەی مار بترس وبولس بۆ سریانەكانی ئەرسەدۆكس لە شەقامی پیشەسازی رۆژهەڵاتی بەغدا كردووەو ناوبراو دەستبەجێ گیانی لە دەستداوە.

سەرچاوە: Sputnik news