ئەمریكا بۆ مانەوەی هەمیشەیی دەچێتەوە سەر مانگ

جیهان

14/02/2019‌ 1171 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵییەكان، ئەمەریكا دوای ئەوەی هەستی كردووە هەر یەك لە چین و روسیا و یەكێتی ئەوروپا بەرنامەی ئەوەیان هەیە "بنكەی هەمیشەیی" لەسەر رووی مانگ دابنێن ، ئەویش پلان بۆ دامەزراندنی بنكەی هەمیشەیی خۆی لەسەر مانگ دادەنێت.

رۆژنامەی "ئیندپندنت"ی بەریتانی ئاشكرایكردووە، جیم برایدنستاین بەێوەبەری ئاژانسی  گەردوونی ئەمەریكا "NASA"  رایگەیاندووە، پلانی ئەوەیان هەیە بچنە سەر مانگ و لەوێش بمێننەوە.

برایدنستاین راشیگەیاندووە، ئامانج لەو پلانە ئەوەیە، كە لەماوەی دەیەی داهاتوودا  كەشتیوانی ئاسمانی بۆ سەر مانگ بنێرین، بەشێوەیەكی هەمیشەیی بمێننەوە ، هەروەك بۆ ئەو پرۆسەیە داوای باشترین‌و رەونەقدارترین پیشەسازیی ئەمریكی كردووە لەئەندازیاری ‌و پێشخستنی كەشتیگەلی نیشتنەوە لەسەر ڕووی مانگ .

هەروەها رایگەیاندووە، مەبەستی لەگەرانەوە بۆ سەر مانگ ، وەك ٥٠ ساڵ پێش ئێستا نییە ، بەڵكو مانەوەیە لەوێ ، ئەویش بە بەكارهێنانی تەكنیكی تازەو سیستەمی دۆزینەوەی شوێنی زیاتر لەسەر رووی مانگ .

سەرۆكی ناسا هەفتەی داهاتووی دیاریكردووە بۆ دەستپێكردنی پلانەكەیان ، سەرەتاش بانگ لەهەموو ئەو لایەن‌و كۆمپانیایانەی كەرتی تایبەت دەكات جا لەهەر شوینێك بن ، كە لە بارەگای ناسا ئامادەبن ، بەمەبەستی  گفتوگۆكردنی  بیروبۆچوونی پەیوەست بە دروستكردنی كەشتی ئاسمانیی بۆ نیشتنەوەی لەسەر مانگ.

بەم جۆرە كێبڕكێی ئاسمانگەڕی چوارلایەنەی (روسیا ، ئەمەریكا ، چین و یەكێتی ئەوروپا ) ، بۆ نیشتەجێبوون لەسەر مانگ دەستیپێكرد ، ئەویش دوای ئەوەی هەریەك لە چین و روسیا و یەكێتی ئەورووپا پێشتر نیازی خۆیان بۆ پلانی هاوشێوە ئاشكرا كردبوو.

هاوكات ئیسا جیمس كارپنتەر سەرۆكی تیمی دۆزینەوەی مانگ لە ئاژانسی بۆشاییگەڕی ئەوروپا رایگەیاند: زیاد بوونی  ئەم دواییانەی گرنگیدانەكان بە مانگ " تەنیا بە ئامانجی زانستیان نییە"، جەختیشی كردەوە ئەوانیش پلانی هاوشێوەیان هەیە بۆ نیشتەجێبوون لەسەر مانگ .

كارپنتەر وتیشی: هاندەر و پالنەری ئەو پلانە بریتییە لە بوونی هەمیشەییانەی مرۆڤ لەبۆشایی ، "ئەگەر بمانەوێت بژین و بەشێوەیەكی بەردەوام و ئابووریانە دوور لە  زەوی كار بكەین  ، ئەوە دەبێ سوود لە دەرامەتەكانی ئەوێ وەربگرین".

لەلایەكی ترەوە ئاژانسی ئاسمانگەڕی چینی ئومێدەوارە، كە لەڕێگەی ئەركی " چانگ٨ " ەوە بتوانێت بناغەی بنكەی لێكۆڵینەوەی مانگ دابنێت ، ئەوە جگە لە درووستكردنی شوێنی نیشتەجێبوون لەسەر رووی مانگ.

هەرچی پەیوەستە بە روسیاوەیە ، دیسەمبەری ساڵی رابردوو پلانی خۆی ئاشكراكرد بۆ ناردنی رۆبۆت بۆ سەر مانگ،  بەئامانجی هەستان بە كارە سەرەكییە قورسەكان بۆ دامەزراندنی بنكەیەك لەسەر مانگ ، ئەویش سەرەتا بە ناردنی كەشتی ئاسمانی "لۆنا٢٥" كە وابڕیارە ساڵی ٢٠٢١ رەوانە بكرێت ، ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد كە بەرنامەی جوونە سەر مانگیان تا ساڵی ٢٠٣٠ دەخایەنێت.