سەرەڕای فشارەكان هێزەكانی‌ ئەمریكا لە عێراق دەمێننەوە

عیراق

15/02/2019‌ 888 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
عەبدول حەلیم ڕەهیمی توێژەری سیاسی ئەوەی دوپاتكردەوە، هەموو ئەو داواكارییانەی داوای چوونەدەرەوەی هێزە ئەمریكییەك اندەكەن، داواكاری‌ واقعی نین‌.

عەبدول حەلیم ڕەهیمی لەلێدوانێكی بۆ ئاژانسی "سپۆتنیك" دەڵێت: تەنیا بەرپرسە سەربازییەكان دەتوانن پێداویستی قۆناغەكە هەڵبسەنگێنن نەك سیاسییەكان، ڕێككەوتنێكی واژووكراو لە نێوان بەغدا و واشنتۆندا هەیە، كە هێشتا عێراق پێویستی بەو هێزانەیە بۆ سەقامگیری خۆیی‌و دەوڵەتانی دەوروبەر.

ئەو توێژەرە سیاسییە دەڵێت: حكومەتی عێراق و سەركردایەتی سوپا وایدەبینن، كە قسەوباس لە بارەی بەجێهێشتن، یان مانەوەی هێزە ئەمریكییەكان پرسێكی گرنگە و دەبێت بە ئەقڵانییانە و پشوو درێژییەوە لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكرێت، نەوەك وەك دروشمێكی سیاسی بەكاربێت.

ڕەهیمی ئەوەشی ڕوون كردەوە، لایەنی عێراقی هەن پێیان وایە دەبێت ڕێككەوتننامەكەی نێوان بەغدا و واشنتۆن كۆتایی پێ بێت و هێزەكانی ئەمریكا پاشەكشە بكەن، لە ڕاستیشدا ئەم دۆخە میدیا و دروشمە سیاسییەكان دیاری ناكەن، بەڵكو هێزی مەیدانی بڕیاری لەسەر دەدات.

ئەو هەروەها دەڵێت: ئەم سێ حكومەتەی دوایی بەحكومەتەكەی عەبدولمەهدیشەوە،‌ پێیان وایە بڕیاری وەدەرنانی هێزە ئەمریكییەكان پەیوەستە بەسەركردە سەربازییەكانەوە، هەر ئەوانیش پێداویستی ئەمنی عێراق دیاری دەكەن، ئەوان پێیان وایە لە بەرژەوەندی عێراقدایە ئەو هێزانە بمێننەوە بۆ دەستەبەركردنی سەقامگیری و لەناوبردنی داعش، ئەمەش خزمەت بە ئاسایشی ئێران و دەوڵەتانی دەوروبەریش دەكات.

ڕەهیمی ئاماژەی بەوەشدا، كە زۆرینەی گەورە سەركردە مەیدانییەكان وایدەبینن، عێراق بۆ چەند ساڵێكی داهاتووش، پێویستی بەپشتیوانی هێزە نێودەوڵەتییەكان هەیە و بە تایبەتیش هێزەكانی ئەمریكا، تاكو بتوانین سوپایەكی بەهێز دابمەزرێنین، كە بەرگری لە سنور و مافەكانی گەلی عێراق بكات و سەقامگیری و ئاسایش بۆ عێراق و دەوڵەتانی دەوروبەر دەستەبەر كات. 

هاوكات وتیشی: "پێم وایە پەرلەمان بێ گەڕانەوە بۆ ڕای سەركردە سەربازی و سیاسییەكان، بڕیارێكی یەكلاییكەرەوەی لەو جۆرە نادات، پێم وایە هۆشیاری ئەوەی هەیە ڕێككەوتننامەكە هەموار بكاتەوە؛ ئەوەشی گووت كە سوپای عێراقی پێویستی بە پشتیوانی هێزە ئەمریكییەكان هەیە كە هێزی شەڕەكەریان نییە لەسەر زەوی، سوپای عێراق پێویستی بە پاڵپشتی هێزەكانی ئەمریكا هەیە، بە تایبەتیش لایەنی ڕازگری و داتایی و ڕاهێنان و بوارەكانی دیكەی پاڵپشتی لۆجستی".