بووەتە هێزێكی كاریگەری یەكلاكەرەوە
گۆڕان لەنێوان پارتی‌و یەكێتی كامیان هەڵدەبژێرێت؟

کوردستان

16/02/2019‌ 4559 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
خراپی دۆخی نێوان پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی، بزووتنەوەی گۆڕانی كردووەتە هێزێكی كاریگەری یەكلاكەرەوەی نێوانیان، ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە، ئەو بزووتنەوەیە كام لایەنیان هەڵدەبژێرێت؟

بزووتنەوەی گۆڕان لەهەڵبژاردنی 30 ئەیلوولی رابردووی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامێكی خراپی تۆماركرد، كە 12 كورسی بەدەستهێنا، ئەوەش لەهێزی دووەمەوە كردی بەهێزی سێیەم، كە پێشتر بە 24 كورسی دووەم هێزی هەرێمی كوردستان بوو.

هەرچەندە گۆڕان بەژمارەی كورسی كەمیكردووە، بەڵام گفتوگۆكانی ئەم دواییەی نێوان پارتی‌و ئەو بزووتنەوەیە، هەروەها گفتوگۆكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی، ئەوە دەردەخەن، گۆڕان وەك یاریكەرێكی بەهێز دەردەكەوێت لەپرسی پێكهێنانی حكومەت.

پارتی‌و یەكێتی بەهۆی ناكۆكیان لەسەر چەند پرسێك، لەوانە یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، هەروەها كێشەكانیان لەسەر پۆستەكانی بەغدا، نێوانیان باش نییە، بەو هۆیەشەوە لەگفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت، بەئەنجامێكی ئەوتۆ نەگەیشتوون.

 

لەخراپی دۆخی نێوان پارتی‌و یەكێتی، ئەگەر گۆڕان بتوانیت باش یاری بكات دەتوانێت لەگەڵ هەردوولایان بێت‌و لەگەل كەسیشیان نەبێت، بەڵام ئەگەر خۆی ساخكردەوە لەسەر لایەك رەنگە دەستكەوتی هەبێت‌و پێگەی لاواز بێت.

گۆڕان بۆ بەشداری لەحكومەت، پرۆژەی خۆی هەیەو لەگەڵ پارتی گفتوگۆی زۆری لەسەر كردووەو بەقسەی هەردوولاش لەگفتوگۆكانیان باش چوونەتە پێشەوە، ئەمە وای كردووە، كە پەیوەندییەكانی هەردوو حیزب لەئێستاداو پێچەوانەی چوار ساڵی رابردوو لەوپەڕی باشیدا بێت.

لەبەرانبەر باشی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و گۆڕان، یەكێتی ئێستا لەهەوڵدایە، بۆ ئەوەی دەستپێشخەری بۆ ئەو بزووتنەوەیە بكات، پەیوەندییەكانیان باش بكەنەوە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی گۆڕان نەچێتە ژێر باری پارتی‌و لەپرسی پێكهێنانی حكومەت تەنیای نەكات.

گۆڕان‌و یەكێتی ماوەی رابردوو گرژی كەوتە پەیوەندییەكانی نێوانیان، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەپرسی جێبەجێكردنی رێككەوتنی سیاسی نێوانیان هیچ نەچوونە پێشەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ئێستا یەكێتی دەستپێشخەری كردووە، بۆ ئەوەی لاپەڕەیەكی نوێ‌ لەگەڵ گۆڕان هەڵبداتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، كە شارپرێس لەچەند سەرچاوەیەكی جیاواز دەستیكەوتووە، یەكێتی ئامادەیی نیشانداوە، بۆ چارەسەری تەواوی ئەو كێشانەی لەنێوانیان دروست بووە، تەنانەت ئەوەشی خستووەتە روو، كە ئامادەن بچنەوە سەر رێككەوتنەكەیان تەواوی خاڵەكانی جێبەجێبكەن.

ئامانجی پارتی‌و یەكێتی-یش لەو نزیكبوونەوەو دەستپێشخەرییانەیان بۆ گۆڕان، ئەوەیە ئەو بزووتنەوەیە وەك كارتێكی فشار لەدژی یەكتری بەكاربهێنن، بەڵام ئەمە وەك خێرێك بۆ گۆڕان كەوتووەتەوەو دەرفەتی ئەوەی لەبەردەمدایە، بەوانە خۆی بەهێز بكاتەوە.

لەو بارودۆخەدا، گۆڕان دەتوانێت بەپرۆژەكانی خۆیەوە لەگەڵ هەردوو لا گفتوگۆب كات نەك لەسەر پرۆژەكانی ئەوان بڕیار بدات، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی رۆڵێكی كاریگەری هەبێت لەچوار ساڵی حكومڕانی هەرێمی كوردستان، كە لەچوار ساڵی رابردوو بە 24 كورسیشەوە نەیتوانی ئەو رۆڵە بگێڕێت.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە گۆڕان پیشنیازی ئەوەی لەلایەن یەكیتییەوە خراوەتە بەردەم، رێككەوتنامەی دەباشانی نێوانیان زیندوبكەنەوەو كێشەی ئیدارەی پاریزگای سلێمانی-یش جێبەجێبكەن.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، لای پارتیشەوە بڕیاری بەشداریكردنێكی راستەقینەو بەڵێنی هەندێك پۆست بەگۆڕان دراوە، كە گۆڕان ئەزموونێكی تاڵی لەگەڵ هەردوولایان هەیەو بەو هۆیەشەوە لەئێستادا بەترسەوە مامەڵە دەكات‌و رەنگە بڕیاردان بۆی قورس بێت.

گۆڕان ئێستا بەو هۆیەوە كەوتووەتە نێوان دوو بەرەوە، كە خۆساخكردنەوەی گۆڕان لە یەكێك لەو بەرانە، جگە لەوەی خۆی زیان دەكات ئەگەری ئەوەشی لێدەكەوێتەوە بەشێكی بەرەكەی تر لەدەست بدات، بەپێچەوانەشەوە گۆڕان دەتوانێت قەرەبووی ئەوە بكاتەوە، كە ژمارەی كورسییەكانی لەهەڵبژاردنی رابردوو بووە بەنیوە، ئەگەر بێت‌و بەیاریكەرە بەهێزەكە لەنێوان ئەو دوو حیزبە بمێنێتەوە.

گۆڕان بۆ بەشداریكردن لەحكومەت، تائێستا چەند گەڕێكی گفتوگۆی لەگەڵ پارتی بەرێوەبردووە، كە ئەوەی دووەمیان براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەوەو بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 16ی شوبات دواین گەڕی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ لەگەڵ ئەو حیزبە بەرێوەبەرێت.

بڕیاریشە دوای كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆو گەیشتن بەرێككەوتن جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كۆبوونەوەی خۆی بكات‌و بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات، كە رەنگە ئەو بڕیارە چارەنووسی گۆڕان بۆ چوار ساڵی داهاتوو دیاری بكات، بەوەی بە بەهێزی دەمێنێتەوە، یان پێچەوانەكەی.

نزار مەحمود ئەنجامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بۆ شارپرێس باسی لەوە كرد، گفتوگۆكانیان لەگەڵ پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت باش چووەتە پێشەوەو بڕیاریشە، لەو بارەوە دواین كۆبوونەوە بكەن ‌و بگەن بەرێككەوتن.

نزار مەحمود وتیشی: دوای رێكەوتنی شاندی گۆڕان‌و پارتی، ئەنجامی ‌وێككەوتنەكە دەهێنرێتەوە كۆبوونەوەی جڤات‌و بەدەنگی زۆرینەو كەمینە یەكلادەكرێتەوەو ئەوەش دەبێتە بڕیاری یەكلاكەرەوە بەبەشداریكردن لەحكومەت.

رۆژنامەنووس: سیڤان ئازاد بەشداریكردووە لەئامادەكردنی ئەم راپۆرتە