پلانە سەربازییەكەی سعودییە توركیای تووشی شپرزەیی كردووە

sharpress.net

10049 جار خوێندراوه‌ته‌وه

17/02/2019‌

شارپرێس:
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی گۆڤارێكی ئەمریكی، شانشینی سعودیە، پەردە لەسەر پلانێكی بەرفراوان لادەدات بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری‌و پیشەسازی لەسەرتاسەری وڵاتدا و بە تایبەتیش كەرتی بەرگری‌و سەربازی.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، جێبەجێكردنی پلانەكە تا ساڵی 2030 یە واش چاوەڕوان دەكرێت تێچووەكەی 426 ملیار دۆلار بێت و 1.6 هەلی كاریش دەستەبەر بكات، ئەمەش بەگوێرەی بەیاننامەی شانشینەكە.

گۆڤارە ئەمریكییەكە، كە بایەخ بەبابەتی بەرگری‌و پڕچەككردن دەدات لەجیهاندا لەڕاپۆرتێكیدا وتی: "ڕیاز گەرەكییەتی تا ساڵی 2030 نیوەی ئەو كەلوپەلانە بەرهەم بێنێت، كە ئاسایشی نەتەوەیی پێویستی پێیەتی".

ڕۆژنامەكە هەروەها بڵاویكردەوە، شانشینەكە گەرەكییەتی دووبارە حكومەت ڕێكبخاتەوە بەمەبەستی باشتر بەرێوەبردنی  پەرەپێدانی پیشەسازی بەرگری ناوخۆیی، ئاماژەی بەوەشدا لەئایاری 2017وە دەوڵەت كۆمپانیای عەرەبی سعودی بۆ پیشەسازییە سەربازییەكانی دامەزراندووە، كە لەبازاڕە هەرێمی و ناوخۆییەكاندا كار دەكات. 

دەستەی گشتی پیشەسازییە سەربازییەكانیش پێكهاتووە، بۆ هەماهەنگیكردن لەپڕۆسەی كرینی چەك، ئەمە جگە لە توێژینەوە و پەرەپێدان و چاو ووردكردنەوە ‌لەسەر سەرچاوە ناوخۆییەكان.

ڕۆژنامەكە لەسەر زاری سەرچاوەیەكی سەربازی سعودییەوە، كە نەیەویست ناوی ئاشكرا بكرێت بڵاویكردەوە، كە رایگەیاندووە "بیگومان پیشەسازی بەرگری لەئێستادا تەواو پەی بەوە بردووە، كە دەبێت برەو بەپەرەپێدانی كەرەستە سەربازییەكان ‌بدات‌و بە تایبەتیش بۆ دەربازبوون لەكۆت و بەندە نێودەوڵەتییەكان". 

سعودییەكان نایانەوێت هەر تەنیا پشت بە نەوت ببەستن ، بەڵكو دەیانەوێت وڵاتەكەیان زیاتر پشت بەخۆی ببەستێت لە دابینكردنی پێداویستییە ئەمنی‌و سەربازییەكانی.

ئەو هەنگاوانەش لەو سەودا و مامەڵەیە ئاشكراكرا، كە لە مانگی پێشوو ڕاگەیەنرا بەوەی ڕێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیای فڕۆكەوانی فەرەنسی و تالیس و  كۆمپانیای CMI  بەلجیكی كراوە، كە لە بواری هاریكاری سەربازیدا كار دەكەن.

كۆمپانیای تالیس بۆ گۆڤاری "دیفینیز نیوز" ڕایگەیاندـ "كۆمپانیاكەیان هەڵدەستێت بە پەرەپێدانی زۆر كۆمپانیا و زانكۆی ناوخۆیی لەشانشینەكەدا، بۆ دابینكردنی پێداویستی ووڵات لە بواری تەكنیكە جیهانییەكان".

كارتێكەرە‌ هەرێمییەكان
دیدگای 2030 بۆ دەوڵەتانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی دەگەیەنێت؟
زافر ئەلعەجەمی عەقیدی خانەنشینكراوی هێزە ئاسمانییەكانی كوێت پێی وایە ئەو كۆششەی سعودیە هاندەرێك دەبێت بۆ دەوڵەتە كەنداوییەكان لە برەودان بە پیشەسازییە نیشتمانییەكان.

گۆڤارەكە ئەوەشی بڵاوكردەوە، كە بە دامەزراندنی پرۆگرامەكەی شانیشنی سعودیه بۆ 2030 ‌، ڕون و ئاشكرایە كە ڕیاز دەیەوێت وەك كۆریای باشوور و هەندێك دەوڵەتانی رۆژئاوا ببێتە دەوڵەتێكی خاوەن هێزی بەرگری، ئەمەش سوودی ئابووری و سەربەخۆبوونی ووڵاتی لێدەكەوێتەوە (هاوشێوەی توركیا)  لە ئایندەدا، هەر وەك ئەمجەد تەهای سەرۆكی هەرێمی سەنتەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەریتانی بۆ لێكۆڵینەوە و توێژینەوەكان ئاماژەی پێداوە.

سعودیە لە هەوڵی كەمكردنەوەی پشت بەستنە بە هاوردەكردنی چەكە بیانییەكان لە ڕێگەی بنیاتنانی پیشەسازییە بەرگرییە تایبەتە ناوخۆییەكانییەوە، وە جۆراوجۆركردنی سەرچاوەكانی خۆپڕچەككردن بە پشت بەستن بە ڕوسیا و چین. 

شانشینی سعودیە ئەو پرۆگرامەی بۆیە داناوە كە ببێتە هۆكارێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی جەمسەری توركیا- ئێران و بەرقەراربوونی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە سایەی سامانی زۆروزەوەندی شانشینەكە و بەرزەفڕییەكانی محەمەد بن سەلمانی جێنشینی شانشینەكە، سعودیە تا ساڵی 2030  ئەگەر نەگاتە ئاستی توركیا لەو بەهێزتر دەبێت، ئەمەش ئەنقەرەی توڕە كردووە.

ڕیاز و ئەنقەرە لە حوزەیرانی 2017 وە دوو ئاراستەی جیاوازیان وەرگرتووە، ئەمەش كاتیك ڕوویدا كە سعودیە و بەحرین و ئیماڕات و میسر پەیوەندییەكانیان لەگەڵ قەتەردا پچڕاند بەو تۆمەتەی دەوحە پشتیوانی لە تیرۆر دەكات و سەقامگیری و ئاسایشی ناوچە دەخاتە مەترسییەوە. بەمەش سعودیە سنوری ووشكانی خۆی بە ڕووی قەتەردا داخست كە زۆرینەی كاڵا خۆراكییەكانی لەو سنورەوە پێ دەگەشت، توركیاش یەكسەر پشتیوانی و هاریكارییەكانی خۆی بۆ  دەوحە ڕەوانە كرد.

لە ساڵی 2018 و بە هۆی تەنگژەی تیرۆركردنی خاشقچییەوە، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو ووڵات بارگرژی زیاتری تێكەوت، چونكە ئەردۆگان شانشینی سعودیەی بەوە تۆمەتبار كرد كە تیرۆركردنی خاشقچی بە فرمانی دەسەڵاتدارانی باڵای سعودیە بووە كە تیمێكی 18 كەسییان بۆ كوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە ڕەوانەی ئەستەمبوڵ‌ كردووە.

سەبارەت بەوەش كە ئاخۆ سعودیە دەتوانێت ئامانجە ئابوورییەكانی لە بە گوێرەی خشتەیەكی زەمەنی بهێنێتەدی، بیتەر ویزەرمان لە پەیمانگای ستۆكهۆڵمی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەكانی ئاشتی دەڵێت: "بە گوێرەی ئەو ئاڵێنگارییانەی ڕووبەڕووی شانشینەكە دەبنەوە لە برەودان بە بوارە پیشەسازییەكەی، ئەو ئاستەنگانەش كە دەوڵەتانی دیكە لە پێناو برەودان بە پیشەسازی سەربازی ڕووبەڕووی بوونەوە، ئەوەمان پێ دەڵێت كە بەدیهێنانی ئامانجەكانی پرۆگرامەكەی سعودیە جێگەی گومانیكی گەورەیه".

دەشڵێت: "هێشتا سعودیە پشت بە هاوردەكردنی چەك دەبەستێت، واش چاوەڕوان دەكرێت بەرهەمهێنانی كەرەستە سەربازییە بەرگرییەكان لە لایەن ڕیازە بۆ ساڵانێكی زۆر پشت بە تەكنەلۆجیا و زانیاری و شارەزاو پسپۆڕە بیانییەكان ببەستێت".




ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved