ئەمریكا رۆڵی سەرەكی هەبووە لەدەستگیركردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان

sharpress.net

2040 جار خوێندراوه‌ته‌وه

17/02/2019‌

شارپرێس: 
وەرگێران: حلمی رەسول رەزا
پێش چەند رۆژێك یەكێك لەپێشكەشكارەكانی كەناڵی "خەبەر"ی توركی سەر بەحكومەت لە پەخشێكی راستەخۆدا لەكاتی كۆمێنتێكدا دەربارەی رووداوی كەوتنە خوارەوەی هەلیكۆپتەرێكی توركی‌و كوژرانی سەرنشینەكانی وتی: "هیوام دەخواست كوژراوەكان سەربازی ئەمەریكا بونایە".

ئەو هەڵوێستە نموونەیەكی بچووكە لە هەڵوێستی حكومەت‌و گەلی توركیا دژی ئەمریكا، كە پێدەچێت توركەكان ئەو رۆڵەی واشنتۆنیان بیرچووبێت، كە 20 ساڵ لەمەوبەر بە شێوەیەكی پراكتیكی رابەری پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە "عەبدوڵڵا ئۆجەلان"ی دایە دەست هەواڵگری توركیا.

پێش چەند مانگێكیش ئەمەریكا دە ملیۆن دۆلاری تەرخان كرد بۆ هەركەسێك زانیاری، یاخود هاوكار بێت لە دەستگیركردنی سێ سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستان، كەچی راگەیاندنەكانی توركیا باس لەوە دەكەن واشنتۆن پاڵپشتی پەكەكە دەكەن.

لەلایەكی ترەوەو تا ئێستا ئەمەریكا بەردەوامە لە پاڵپشتی هەواڵگری بۆ توركیا دژی پەكەكە، كە ماوەی 40 ساڵە لەپێناو هەندێك مافی نەتەوەیی وەك ئیدارەیەكی خۆبەرێوەبەرو بەكارهێنانی زمانی كوردی خەبات دەكات.

پاش چەند رۆژێك لە دەستگیركردنی ئۆجەلان رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردەوە، بەهۆی فشاری دیبلۆماسی و ئەمنییەوە بۆ ماوەی چوار مانگ، واشنتۆن توانی لە كۆتاییدا ئۆجەلان رادەستی توركیا بكات. 

لەلایەكی ترەوە، سەرۆكی ئەركانی سوپای پێشووی توركیا "ئیكلەر باشوغ"  وتی: ئەمریكا بە شێوەیەكی پراكتیكی ئۆجەلانی رادەستی توركیا كرد، ئەمەش بە مەبەستی دەست بەسەراگرتنی پەكەكە بووە لە گوێرەی قسەی ناوبراو. 

دیارە ئەمەریكا فشاری دیبلۆماسی زۆری كردە سەر ئەو وڵاتانەی فڕۆكەكەی ئۆجەلانی پێدا تێدەپەڕی و لە كۆتاییدا ناوبراو هیچ شوێنێكی نەما پەنای بۆ بەرێت.

پاش ئەوەی توركیا هەرەشەی لە سوریا كرد بە دەركردنی ئۆجەلان و وەستاندنی پاڵپشتی بۆ پەكەكە، لە كۆتاییدا سوریا چووە ژێر فشاری توركیا و ناوبراو ناچار بوو لە تشرینی یەكەمی 1998 سوریا جێبهێڵێت، لەو كاتەدا هەواڵگیری ئیسرائیل "مۆساد" چاودێری جوڵانەكانی ئۆجەلانی لەسوریا دەكرد.

ئۆجەلان سەرەتا بەرەو ئیتالیا و پاشان رووی كردە روسیا و لەوێوە چووە یۆنان، لەكۆتاییدا رووی كردە كینیا بۆ ئەوەی خۆی لەباڵوێزخانەی یۆنان حەشار بدات. 

لەو كاتەدا واشنتۆن هۆشداریدایە روسیا و وڵاتە ئەوروپییەكان بەوەی جێگای ئۆجەلان نەكەنەوە، ئەمەش وای كرد حكومەتی یۆنان پەنا بۆ ئەو بژاردەیە ببات.
 
گەیشتنی ئۆجەلان بۆ نەیروبی هاوكات بوو لەگەڵ هەبوونی 100 كەسی ئاسایش و هەواڵگری ئەمەریكا لەپایتەختی كینیا، كاری ئەوان بریتی بوو لە لێكۆڵینەوە بەهاوكاری حكومەتی كینیا لەو هێرشە تیرۆریستییەی كرابووە سەر بالوێزخانەی ئەمەریكا لە ئابی 1998.

سیخورەكانی ئەمەریكا ئۆجەلان-یان لە قونسوڵییەتی یۆنانی لە نەیروبی ئاشكرا كرد و یەكسەر دەستەی دیبلۆماسی یۆنانی خرانە ژێر چاودێرییەوە پەیوەندیەكانیان كۆنترۆڵ كرا، لە نێویاندا مۆبایلەكەی خودی ئۆجەلان.

پاش ئەمە، هەواڵگری ئەمەریكا، حكومەتی توركیای لەشوێنی مانەوەی ئۆجەلان ئاگاداركردەوە و ناوبراو بۆ ماوەی دوو هەفتە لەوێ مایەوە، لەو كاتەدا چۆنییەتی دەستگیركردنیان رێكخستبوو، ئەوانەشی بەشدار بوون هەریەك لەیۆنان، كینیا، ئەمەریكا و توركیا بوون.

حكومەتی كینی ئۆجەلان-یان رازی كرد بەوەی قونسوڵییەت بەجێبهێڵێ و بچێتە فرۆكەخانە تا بەرەو هۆڵەندە بڕوات، ئەویش لە ئۆتومبیلیدا سەركەوت شۆفێرەكەی ئەفسەرێكی ئاسایشی كینی بوو تا بەرەو فرۆكە خانە بڕوات، شۆفێرەكەش لەجیاتی ئەوێ بەرەو شوێنی تیمێكی كۆماندۆسی توركیا رۆیشت، كە چاوەڕوانیان دەكرد، پاشان تیمەكە بە نێچیرێكی بە نرخەوە گەڕایەوە توركیا.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 15ی شوباتی 1999 لەكینیا دەستگیركرا، كە 15ی ئەم مانگە یادی 20 ساڵەی دەستگیركردنی كرایەوە، كە ئەو ماوەی زیندانییەی لەدورگەی ئیمراڵی لەنزیك ئەنقەرە لەدەریای مەڕمەڕە بەرێكردووە.

سەرچاوە: BBC






ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved