هەڵوێستی فەرمی یەكێتی لەبارەی رێككەوتنی پارتی‌و گۆڕان

کوردستان

17/02/2019‌ 5664 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: سیڤان ئازاد
یەكێتی نیشتمانی هەڵوێستی لەسەر ئەو رێككەوتنە راگەیاند، كە لەنێوان پارتی دیموكرات‌و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەت ئەنجامدراوە.

لەو بارەوە لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی بۆ شارپرێس وتی: گۆڕان حیزبێكی سەربەخۆیەو ئازادە لەوەی كۆبوونەوە ئەنجامبدات‌و رێككەوتن بكات‌و چۆن هەڵوێست رادەگەیەنێت.

بزووتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموكرات شەوی شەممە دوای كۆبوونەوەیەكی پێنج سەعاتی، گەیشتنە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەوەش دوای كۆبوونەوەیەكی بێ‌ ئەنجامی پارتی‌و یەكێتی بوو لەو بارەوە.

لەتیف شێخ عومەر، لەبارەی گفتوگۆی حیزبەكەی لەگەڵ پارتی‌و گەیشتنە رێككەوتن وتی: هەموومان یەك هەڵوێست بین لەدروستكردنی حكومەت و چارەسەكردنی كێشە كانی كەركوك‌و بەغدا باشترە، وەك ئەوەی نەگەین بەرێككەوتن.

هەروەها وتیشی: ئێمە ڕێكەوتنێكمان لەگەڵ پارتی هەیە، كە لەرۆژی پێنجی شوبات لەسەری رێككەوتووین‌و بەپێی رێككەوتنەكە دەبێت پرسەكانی پێكهێنانی حكومەت‌و بەغداو كەركوك گرێ دراوی یەكترین بن، كە چاوەرێی ئەوەین لەچەند سەعاتی داهاتوودا ئەو ڕێكەوتنە جێبەجێبكرێت، یاخود چارەسەرێكی تری بۆ بدۆزینەوە".

وتەبێژی یەكێتی ئەوەشی  وت: ئێمە وەكو یەكێتی پەلەمانە، كە حكومەت پێك بێت و خزمەت گوزارییەكانی بەردەوام بێت بۆ خەڵك.

رێككەوتنی پارتی‌و گۆڕان لەكاتێكدایە، كە تائێستا رێككەوتن لەبارەی پێكهێنانی حكومەت لەنێوان پارتی‌و یەكێتی ئەنجامنەدراوە، ئەوەش بەهۆی ناكۆكی هەردوو حیزب لەسەر چەند پرسێك.