تائێستا نەگەیشتوون بەرێككەوتن
پارتی نایەوێت رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتی واژوو بكات

کوردستان

18/02/2019‌ 3766 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكرات نایەوێت رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی واژوو بكات‌و بەو هۆیەشەوە تائێستا نەگەیشتوون بەرێككەوتن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی دەست شارپرێس كەوتووە، لەسەر ناكۆكیان بۆ چەند پرسێك ، بەتایبەتی پرسەكانی بەغداو كەركوك، پارتی نایەوێت رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتی واژوو بكات.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لەبەرانبەر ئەوەدا یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی رێككەوتنێكی سیاسی واژووكراو لەنێوانیان بۆ پێكهێنانی حكومەت هەبێت، بەڵام پارتی تائێستا ئەوە رەتدەكاتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، چەند سەعاتێكە پارتی‌و یەكێتی لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی كێشەكانیان لەسەر پێكهێنانی حكومەت چارەسەربكەن‌و بگەن بەرێككەوتن، بەو هۆیەشەوە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بەشێوەی كاتی دواخرا.

پێشتر پارتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر پێكهێنانی حكومەت گەیشتە رێككەوتن‌و ئەمڕۆش رێككەوتنێكی سیاسیان واژووكرد، كە هەر بڕیارە ئەمڕۆ بچێتە بواری جێبەجێكردن.

هاوكات چەند سەرچاوەیەكی نافەرمی بۆ شارپرێس ئاشكرایانكرد، كە پەیوەندی‌و گفتوگۆی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی بگەن بەسیغەیەك بۆ رێككەوتن.

هـ ـ ح  

بەپەلە