ئەمریكا پلانی بۆ دەركردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەپارێزگا سوننییەكانی عێراق هەیە

عیراق

18/02/2019‌ 867 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پلانێكی ئەمەریكای ئاشكرایكردووە بۆ دەركردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەپارێزگاكانی رۆژئاوای عێراق ، لیژنەكەش هۆكاری ئەوەی بۆ ئەوە گەراندووەتەوە، كە واشنتۆن نایەوێت لەگەڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی تووشی بەریەككەوتن ببێت. 

عەلی جەبار ئەندامی لیژنەكە بۆ پێگەی "ئەلمەعلوومە"ی عێراقی رایگەیاندووە، ئەو هێزە ئەمەریكییانەی لەبنكەی سەربازی عەینئەسەدن لەپارێزگای ئەنبار و پارێزگاكانی تری رۆژئاوای عێراق ، پلانی ئەوە دادەنێن هێزەكانی حەشدی شەعبی لەو پارێزگایانە دەربكەن.

ئەو راشیگەیاندووە، ئەو پلانەی واشنتۆن بەهۆی ترسی واشنتۆنە لەهەر بەریەككەوتنێك لەگەڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی‌و درووست بوونی جۆرێك لە رای گشتی لەو وڵاتە، كە داوای دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا بكەن.

جەبار هەروەها رایگەیاندووە، هەر هەوڵێك و تێكۆشانێكی ئەمەریكییەكان بەئامانجی دەركردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ دروستكردنی جۆرێك لەرای گشتی لە عێراق تا داوای مانەوەی هیزەكانی ئەمەریكا بكەن، شكستدەهێنێت.

رۆژی شەممە لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشكرایكرد، كە هێزە ئەمەریكییەكان بە هەوڵی كۆمەڵێك لە سەرۆك هۆز و سەكردە دیارەكانی پارێزگا سونییەكانی عێراق ، لە هەوڵی دامەزراندنی بنكەیەكی سەربازی دەدەن كە لە هێزە بەكرێگیراوەكان پێكبێت ، بەئامانجی بەدەستهینانی پشتیوانی جەماوەری بۆ درێژكردنەوەی مانەوەی سوپای ئەمەریكا لە وڵات.

كازم ئەلحاج پسپۆڕی ئەمنی ، هۆشداریدا لەپلانی ئەمەریكا بۆ بەكارهێنانی هەندێ لەو بەكرێگیراوانەی كە رەگەزنامەی عێراقییان هەیە دژ بە هێزە عێراقییەكان و هیزەكانی حەشدی شەعبی و هەندێ لە كەسایەتییە دیارەكانی ناوجەكانی رۆژئاوای عێراق ، گوتیشی زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئەمەریكا بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی ، جگە لە داعش خەریكی بەكارهێنانی هێزی تری ناو عێراقە .


وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی