تۆمارە دەنگییە نهێنییە ئابڕووبەرەكانی نێوان توركیاو داعش ئاشكرادەكرێت

جیهان

18/02/2019‌ 4738 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەنووسی توركی عەبدوڵڵا بوزكورت، كە سەرچاوەی زانیارییەكانی لەلێكۆڵینەوەكانی سەنتەری ستۆكهۆڵم بۆ ئازادییەكان وەرگرتووە بڵاویكردەوە، دەیەها تۆماری دەنگی نهێنی، كە لەسەرچاوەی تایبەتی ناو حكومەتی تركیاوە وەرگیراون، ئەوەیان ئاشكرا كردووە چۆن حكومەتەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا، كاری بۆ چەكدارە‌ بیانییەكان‌و توركەكان ئاسان كردووە، بۆ  شەرشكردن شان بەشانی چەكدارەكانی داعش، لەتوركیاوە ئاودیوی سنووری سوریابن.

بەڵگەنامە نهێنییەكان، كە عەبدوڵڵا بوزكورت ئاشكرایكردوون و لە "The California Courier" بڵاویكردونەوە، ئاماژە بەوە دەدەن "ڕێككەوتننامەیەكی نهێنی لە نێوان داعش و بەرپرسە ئەمنییەكانی توركیادا هەبووە، كە ڕێگەی داوە ئەو چەكدارانە لەلایەن قاچاخچییەكانەوە بەدرێژایی ماوەی 822 كیلۆمەتری سنوری سوریاو توركیا هاتوچۆ بكەن‌و بپەڕنەوە، بێ ئەوەی حكومەتەكەی ئەردۆغان هیچ ڕێگرییەكیان لێبكات". 

ڕێككەوتننامەكە ئەوەشی بۆ داعش ڕەخساندووە، هێڵی لۆجستی پشتیوانی لەسەر سنوور بخاتەگەڕ و چەكدارە بریندارەكانیشی بەمەبەستی چارەسەركردن بگوازێتەوە بۆ توركیا.

تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوەكان ئەویان ئاشكرا كردووە، كە كەسێكی‌ بەرەگەز توركی تەمەن 36 ساڵ،  بە ناوی ئیلهامی بالی ئەو كارەی ئەنجامداوە.

ڕێكخستنی جوڵەكردنی جەنگاوەران
ئیلهامی بالی كە ناوە ڕێكخستنەكەی"ئەبوبەكر" ە، ڕێكخستن و ئاسانكاری بۆ جوڵەی ئەو چەكدارانە كردووە كە ژمارەیەكی زۆر لە بیانی و توركەكان بەدرێژایی سنوری توركیا و سوریا لە هاتوچۆدا بوون. ئەبوبەكر كاڵاو كەلوپەلی وەك پێلاو و جلوبەرگ و زنجیر و خێمە و دووربین و ئامیری بروجیكتۆری بۆ داعش گواستونەوە.

تۆمارە دەنگییەكان ئەوەشیان ئاشكرا كردووە كە حكومەتی توركیا ناوی شوێن و پێگەی 33 هاووڵاتی توركی زانیووە كە بەڵێنیان داوە وەك شۆفێر لە "تۆڕیبەقاچاخبردنی سەر بە داعش" كار بكەن.

بە گوێرەی لیستی ئەو تۆمەتانەش كە نوێنەرانی داوكاری گشتی پێشكەشیان كردووە، ئەبوبەكر تۆمەتبارە بەوەی ئەقڵە تەگبیركەرەكەی 3 هێرشە تیرۆرستییەكەی‌ ساڵی 2015 ی ئەنقەرەی پایتەختی توركیایە كە 142 كەس تێیدا بوونە قوربانی.

دوای تێپەڕبوونی ساڵێك، دادگایەكی تاوانكاری فرمانی گرتنی ئەبوبەكری دەركردووە بەوەی دەستی هەبووە لە خوێناویترین هێرشی تیرۆرستی لە مێژووی توركیا لە 10 ی ئۆكتۆبەری 2015 لە ئەنقەرە كە كوژرانی 105 هاووڵاتی مەدەنی لێكەوتەوە بە دوو خۆكوژەكەشەوە، ئەمەش‌ كاتێك بوو كە داعش هێرشی كردەسەر ڕیكخراوە ناحوكمییەكان و پارتە چەپەكانی لاگیری كوردەكان كە لە خۆپێشاندانێكی ئاشتیخوازانەدا بوون لە دەرەوەی وێستگەی شەمەنەفەری سەرەكی شارەكە،  هەروەك بوزكورت باسی لێوە كردووە. 

سەرباری ئەوەی دەسەڵاتدارانی توركیا دەیانزانی ئەبوبەكر لە كوێیە و دادگاكانی توركیاش چەند فرمانێكی دەستگیركردنی ناوبراویان دەركردبوو، كەچی حكومەتەكەی ئەردۆگان ڕێگەی بە ناوبراو داوە بە ئازادی لە نێوان توركیا و سوریادا هاتووچۆ بكات.

هێڵە گەرمەكەی داعش
تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوەكان ئاماژەیان بەوەش‌ كردووە كە ڕێكخراوی داعش خاوەن هێڵێكی گەرم بووە لە نێوان تیرۆرستەكانی سوریا و توركیادا. ئەبوبەكریش ئەو پەیوەندییانەی ڕێكخستوون و سەرپەرشتی گواستنەوەی چەكدارەكانی كردووە لە توركیاوە بۆ سوریا.

لە یەكێك لە تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوەكان، توندڕەوێكی جۆرجی بە ناوی لاشا نادیراشفیلی،  بە ئەبوبەكر دەڵێت كە 4 كەسی جیهادی لە سەنتەر‌ی شاری غازی عەنتاب كە كاتژمێرێك لە سەر سنورەوە دوورە، چاوەڕێی ئۆتۆمبیلێكن بیانگوازێتەوە، ئەبوبەكر شوێنی كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكەی بە توندڕەوەكان گوتووە، وا بڕیار بووە ئەو بیان بینێت و ئاودیوی سنوریان كات.

لە تۆماریكی دیكەی دەنگیدا، یەكیك لە توندڕەوە ڕوسەكان كە ناوی "ئۆلیكسەندەر بوششوك" ە بە ئەبوبەكر دەڵێت كه"‌ 11 كەسی جیهادی چاوەڕێ ئەوەن كەسێك ئاودیوی سنوری سوریان بكات".

تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوەكان ئەوەیان دەرخستتوە كە ئەبوبەكر لە كاتی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا، ڕاپۆرتێك پێشكەشی داعش دەكات سەبارەت بە ژمارەی ئەو تیرۆرستانەی كە یارمەتی داون و‌ ئاودیوی سنوری سوریای كردوون، لەو تۆمارەدا دەڵێت: "ڕۆژانە  50 بۆ 100  تیرۆرستی داعش ئاودیۆی سنوری سوریا دەكرێن"، بوزكورت دەشڵێت: "ساڵانە زیاتر لە  15000 تیرۆرست ئاودیوی سنوری سوریا دەكرێن".

چارەسەركردنی پزیشكی داعشە بریندارەكان 
ئەبوبەكر لە نەخۆشخانەی Danismanlik M.I.S.  لە ئەنقەره، خزمەتگوزاری پزیشكیشی  پێشكەشی تیرۆرستان كردووە. پەیوەندییە تەلەفۆنییەكای نێوان ئەبوبەكر و سافاس دوغرو خاوەنی نەخۆشخانەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە لە بەرامبەر چارەسەری پزیشكی بۆ  16 تیرۆرست، نەخۆشخانەكە داوای 62000 دۆلارهی كردووە‌، لە گفتوگۆیەكی دیكەدا، دۆغروی خاوەنی نەخۆشخانەكە،‌ سكاڵای ئەوە دەكات كە بڕی 150 هەزار دۆلار نەدراوە بە نەخۆشخانەكە كە بەهای تێچونی نەشتەرگەری پزیشكییە بۆ تیرۆرستەكانی داعش لە سوریا.

گفتوگۆ تەلەفۆنییەكان ئەوەشیان ئاشكرا كردووە كە دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) لە یارمەتیدانی تیرۆرستانەوە تێوەگلاوە بەوەی لە دەستی پۆلیسی خۆجێی دەربازی كردوون.

هاكان فیدانی بەڕێوەبەری دەزگای میتی توركی بە یەكێك لە كەسە نزیكەكانی ئەردۆگان دادەنرێت ، كاتێك یەكێك لە پەیامنێران لە ساڵی 2014 ئەوەی ڕاگەیاند كە چەند ئەفسەرێكی هەواڵگری توركیا دەستگیركراون بەو تۆمەتەی بارهەڵگری پڕ چەك و تەقەمەنیان بۆ سوریا گواستۆتەوە و لە ڕێگادا دەستگیر كراون، یەكسەر حكومەتی توركیا ئەو ئەفسەرانەی ئازاد كردن و ئەو پەیامنێرەشی بە ناپاك لە قەڵەمدا كە هەواڵی ئەو چەكانەی ئاشكرا كردووە.

لە گفتۆیەكی نیوان ئەبوبەكر و سەربازێكی توركیدا، ئەوە بە ئەبوبەكر گوتراوە ئەوەی پێویستییەتی دەستی دەكەوێت. هەردوولاش لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون كە پێكدادان لە نێوان داعش و "پاسەوانی ئەمت توركیدا" ڕوونەدات.

جێی سەرسوڕمانیشە كە ئەحمەد داود ئۆگڵۆی سەرۆك وەزیرانی ئەوسا، لە تەلەفزیۆنەوە ڕایگەیاند كە حكو‌مەت نەیتوانیوە ئەو تیرۆرستە خۆكوژانە دەستگیر بكات پێش ئەوەی كردە خۆكوژییەكەیان ئەنجام بدەن، سەرباری ئەوەی پێشتر توركیا زانیاری پێشوەختی لە باری ناوی خۆكوژەكانەوە لەبەر دەست بووە‌.

ئەو كردە خۆكوژییانە، لە هەڵبژارنی ساڵی 2015 ی توركیادا پێگەی پارتەكەی ئەردۆگانیان بەرە و باڵاتر برد.

پرسیارە بێ وەڵامەكان
بوزكورت دەشڵێت كۆمەڵێك پرسیاری جدی هەن كە پەیوەستن بە "پرسەكانی تایبەت بە داعش و ڕێكخرای قاعیدە و گروپی چەكداری دیكە كە ئێستا لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە دەكرێت. ئاماژە بەوەش دەدات كە حكومەت ئارەزوو ناكات فەرمانی دادگایی دژ بەو كەیسانە دەربچێت، هەر بۆیەش فرمانە دادگاییەكان دژ بە چەكدارانی داعش زۆر بە كەمی لەو دادگایانەوە دەركراون".

بوزكورت ئاماژەی بەوەش داوە كە حكومەتەكەی ئەردۆگان ڕێوشوێنی توندی گرتونەبەر بۆ دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ و ئەكادیمی و بەرهەڵستكارە سیاسییە بێ تاوانەكان، كەچی ئاسانكاری تەواوی بۆ تیرۆرستە ڕاستەقینەكان كردووە، لەو بارەوە دەڵێت: "لە ڕاستیدا و لە زۆر لە كەیسەكاندا، ڕێگە بە ئەندامانی داعش و قاعیدە دراوە بە سوك و ئاسانی دەربایان بێت، ئەمەش بە شێوەیەكی ڕێكخراو لە لایەن حكومەتەوە ئەنجام دەدرێت".

هەر بە گوێرەی قسەكانی بوزكورت، ‌ لەسەر ئەمریكا و دەوڵەتە ئەوروپییەكان پێویسته، ڕێوشوێنی توند دژ بە ئەردۆگان بگرنەبەر لە پێناو سنورداركردنی پاڵپشتییەكانی بۆ تیرۆرستەكانی سوریا. سەیر و ‌سەمەرەشە كە توركیای ئەندامی ناتۆ یارمەتی تیرۆرستان بدات و پڕچەكیان بكات.

بوزكورت دەشڵێت ناكرێت ڕێگە بە بەردەوامی ئەو ڕەفتارانەی حكومەتەكەی ئەردۆگان بدرێت ، بە تایبەتیش دوای ئەوەی تڕەمپ كێشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لە سوریا ڕاگەیاند بەو پاساوەی سوپای توركیا جەنگی‌ دژ بە داعش درێژە پێ دەدات، ئەمەش بڕیارێكی مەترسیدارە و حكومەتی توركیا دەستواڵا دەكات كە برەو بە پاڵپشتی تیرۆرستەكانی سوریا و ناوچەكانی دیكەی جیهان بدات.

وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ