لەبەرهەمهێنانی نەوت روسیا شانشینی سعودییە تێدەپەڕێنێت

جیهان

19/02/2019‌ 709 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
داتاكانی نەوتی هاوبەش "جودی" ئاشكرایكرد، روسیا لەمانگی كانوونی یەكەمی 2018دا پلەی دووەمی بەدەستهێناوە لەروی بەرهەمهێنانی نەوتەوە بەبڕی 10.738 ملیۆن بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا، بەمەش جارێكی تر شانشینی سعودییەی تێپەڕاند، بەڵام ئەمەریكا هەر لەریزەكانی پێشەوە ماوەتەوە.

راپۆرتی جودی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەكانونی یەكەمدا بە تێكرا 11.658 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی بەرهەمهێناوە و وەك گەورەترین بەرهەمهێنی نەوت ماوەتەوە. 

شانشینی سعودییەش پلەی سێیەمی بە دەستهێناوە بە قەبارەی 10.643 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.

بەگوێرەی ژمارەی داتاكانی نەوتی "جودی" بڕی  بەرهەمهێنان لەروسیا بەرزبووەتەوە بە رێژەی 0.08 بە بەراورد لەگەڵ مانگی تشرینی دووەم، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەرێژەی 0.3 و لە شانشینی سعودییە بە رێژەی 4.06 دابەزیوون.

لەلایەكی ترەوە، ناردنە دەرەوەی نەوتی سعودییە لە كانوونی یەكەم بە رێژەی 6.65% دابەزیوە لەسەر بنەمای مانگانەو دەگاتە 7.687 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە و ئەمەریكا بەرێژەی 0.17%و دەگاتە 2.407 ملیۆنی رۆژانە و ئاماژە بەداتاكانی روسیا نەكراوە، بەڵام لە هەمان كاتدا داتاكان دەریدەخەن ناردنە دەرەوەی روسیا لەمانگی تشرینی دووەم 5.615 ملیۆنی رۆژانە بووە و لە تشرینی یەكەم 5.268 ملیۆن بەرمیل بووە.

لەهەمان كاتدا پرۆسەی دووبارە پاڵاوتنەوەی نەوت لە ئەمەریكا لە كانونی یەكەم بە رێژەی 2.51% بەبەراورد بە مانگی رابردو بەرز بۆتەوە و گەیشتۆتە 17.5 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، كەچی لە سعودیە بە رێژەی 5.36 % دابەزیوە بەبەراورد لەگەڵ مانگی تشرینی دووەم و گەیشتۆتە 2.684 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە و لە روسیاش بە رێژەی 1.35 % زیادی كردوە لە چاو مانگی پێش خۆی و گەیشتۆتە 6.002 ملیۆن بەرمیلی رۆژنە.

سەرچاوە: Sputnik news