"خەلیفە" وردەكاری چیرۆكی بەرهەمهێنانی گرتە ڕیكلامەكانی داعش دەگێڕێتەوە

جیهان

19/02/2019‌ 3977 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی، ناسنامەی بەناوبانگترین چیرۆكخوانی گرتە ڤیدیۆ ڕێكلامە دڕەندەكانی داعش ئاشكرادەكات، كە ناوی "محەمەد خەلیفە"یە، بە ڕەگەز ئەسیوپییە و لە دایكبووی سعودییەیە و هەڵگری ڕەگەزنامەی كەنەدییە.

ڕۆژنامە لەڕاپۆرتێكیدا بڵاویكردووەتەوە، "خەلیفە تەمەنی 35 ساڵە، لە كۆلیژی تۆرینتۆ خوێندوویەتی و پێشتریش لەبواری تەكنەلۆجیای زانیاری كاری كردووە، ئەو مانگی‌ ڕابردوو لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە لە باكوری سوریا دسەتگیر كراوە".

بەگوێرەی ڕۆژنامەكە خەلیفە لەیەكەی ڕاگەیاندنی تایبەت بە ڕێكخراوی داعش كاری كردووە ، سەرە‌تای كارەكەی لە ساڵی 2004 بە خوێندنەوەی دەنگی سەر گرتە ڤیدیۆ بەناوبانگەكە بەناونیشانی "لرفەی جەنگ" دەستپێكردووە.

"خەلیفە" لە شوێنی بەندكردنی لە سوریا و لە چاوپێكەوتنێكی چەند سەعاتیدا لەگەڵ نیویۆرك تایمز‌، ئەوەی ڕوونكردووەتەوە، بە منداڵی لە سعودییەوە كۆچی كردووە بۆ تۆرینتۆ، لەوێ زۆر بەباشی زمانی ئینگلیزی فێر بووەو هاوشێوەی كەنەدییەكان قسەی پێكردووە، پێش چوونی بۆ سوریا، لەوێ سیستەمەكانی كۆمپیوتەرو تەكنەلۆجیایی خوێندووەو لە كۆمپانیایەكی ئەو بوارە‌شدا كاری كردووە، ئەو لەڕێگەی گرتە ڤیدیۆییەكانی یوتیوبەوە هاتووەتە ناو گۆرەپانی جەنگی سوریاوە.

خەلیفە دەشڵێت: هیچ ڕۆڵێكی لەوێنەگرتن و ئەنجامدانی كردەی ناو ئەو گرتە ڤیدیۆییانەدا نەبووە، كە بەدەنگی ئەو خوێندراونەوە، ئاماژەی بەوەش‌ كردووە میكانیزمەكانی ڕاگەیاندنی ڕێكخراوەكە لەلایەن "ئەبو محەمەد فیرقانی" عێراقییەوە بەڕێوەبراوە، كە كەسێكی نزیكی ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی داشە.

هەروەها دەڵێت: "ئەبو محەمەد لە هێرشێكی ئاسمانیدا لە ساڵی 2016  كوژراوە، بەرپرسی‌ پێداچوونەوەی دەقەكان و هەمواركردنەوەیان بووە"، ئەوەشی وت: "ئەبو محەمەد مكوڕ بوو لەسەر بەشداریكردن لەو گرتە ڤیدیۆیانەی پەیوەست بوون بە لە سێدارەدانی كۆمەڵێكی جۆراوجۆری فرە ڕەگەزی ئەندامانی ڕێكخراوەكە، ئەمەش بۆ جەختكردنەوە لەوەی ڕێكخراوەكەیان جیهانییە".

خەلیفە هەروەها دەڵێت: "من تەنیا بە دەنگم بەشداربووم، كاری من تەنیا لەناو ستۆدیۆ بوو"، وتیشی: "لە لایەن سەرپەرشتیارێكی ئوستوڕالیا بەناوی ئەبو عەبدوڵڵاوە بۆ ئەو كارەی دەستنیشان كراوە".

خەلیفە لە بەردەوامی قسەكانیدا وتی: "دەقێكی دەخستە بەردەستم، ئەگەر هەڵەی تێدابایە ڕاستم دەكردەوە، ئینجا تۆمارمان دەكرد، ئینجا ئەو پێیدا دەچۆوه،‌ تاكو بزانێت شتێك هەیە من هزری خۆمی لەسەر چڕكەمەوە، سەرەتا دەنگەكە لە ستۆدیۆی ئامادەكراودا لەگەڵ بەكارهێنانی بەرنامەی (ماجك سامبل تیود) بۆ كاری مۆنتاژی دەنگ تۆمار دەكرا، لە كۆتایشدا بەرهەمەكە پەخش دەكرا".

وتیشی: "بەڵام بە هۆی هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2014 ، ئەم دۆخە گۆڕانی بەسەرداهات و ناچاربووین لە ماڵێكەوە بگوازینەوە بۆ ماڵێكی دیكە". 

بۆ دڵنیابوونیش لەوەی كە ئاخۆ دەنگی خەلیفە هەمان ئەو دەنگەیە كە لە گرتەی "لرفەی جەنگ" دا هاتووە، ڕۆژنامەی نیویۆڕك تایمز پەنای بردە بەر 3 شارەزای پزیشكی دادوەری بۆ بەراوردكردنی دەنگە تەلەفزیۆنییەكەی خەلیفە كە لە تەلەفزیۆنی سوریا لە دوای ماوەیەكی كەم لە دەستگیركردنی بڵاوكرایەوە، 3 شارەزاكە پێیان وابوو دەنگەكە هی خەلیفەیە، دوای ماوەیەكی دیكە بەرپرسێكی ئەمریكی ئەوەی دووپات كردەوە كە خەلیفە چیرۆكخوانەكەیە.

داعشە كەنەدییەكە ئەوەشی روون كردەووه كە: "دوای چوونە  ناو ڕێزەكانی داعش ژنی هێناوە و دوو منداڵیشی هەیە، هەر چەند هێشتا شوێنی خێزانەكەشی نادیارە، ووتیشی كە هیچكام لە دەسەڵاتدارانی كەنەدی سەرداینان نەركردووە، هیچ كەسیش لە كونسوڵخانەی كەنەدی پیشنیاری ئەوەی بۆ نەكردووە یارمەتی بدات".

"خەلیفە" ئەوەشی دووپات كردەوە كە "هەست بە پەشیمانی ناكات لەوەی چۆتە ڕێزەكانی داعشەوە"‌ و وتی: "پەشیمان نیم لەوەی كردومە" ، ئاماژەی بەوەشدا كە "لێكۆڵەرەوان لەوبارەوە پرسیاریان لێكردوم و منیش هەمان ووڵامم دانەوە".

ڕوونیشی كردەوە ، "پێش دەستگیركردنی لە یەكەی ڕاگەیاندن كاری نەدەكرد، بەڵكو چەكێكی كڵاشینكۆفی دەست دایە بۆ بەشداریكردن لە بەرگریكرن لە دوا پەناگە و مۆڵگەی داعش لە سوریا".

"خەلیفە" ژمارەی چالاكوانانی یەكەی ڕاگەیاندنی ڕێكخراوی داعش بە 20 كەس مەزەندە دەكات لەو ناوچەیە، بەرپرسانی سوریایی دیموكراتیش دەڵێن خەلیفە لەو كاتە دەستگیر كرا، كە لە هەوڵی‌ هێرشكردنەسەر یەكێك لە پێگەكانیاندا بوو.
   
وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر