شارپرێس:
هه‌رچه‌نده هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی (هه‌سه‌ده) چه‌كدارانی داعشیان له‌چه‌ند كیلۆمه‌ترێكی كه‌مدا گه‌مارۆداوه، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یانتوانیوه سه‌ركه‌وتنی كۆتایی به‌سه‌ر ئه‌و گروپه‌دا ڕاگه‌یه‌نن.
ڕوانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ڕایگه‌یاند، دوو هۆكار له‌پشت دواكه‌وتنی سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاریی هه‌سه‌ده‌یه به‌سه‌ر داعشدا، كه هۆكاری یه‌كه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و مینانه‌ی داعش له‌ناوچه‌كه چاندوویه‌تی‌و ژماره‌یان هێنده زۆره كێشه‌ی بۆ هه‌سه‌ده دروستكردوه.
رێكخراویی هێرشه‌كانی هه‌سه‌ده بۆسه‌ر داعش، چه‌كدارانی ئه‌و گروپه‌ی ناچاكردووه داوای دانوستان له‌هه‌سه‌ده بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی ڕێڕه‌وێك بكرێته‌وه تا ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش كه كه له‌سوریا ماونه، به‌ره‌و ناوچه‌یه‌كی نه‌زاندراو بكشێنه‌وه، كه سه‌رچاوه هه‌واڵگرییه‌كان پێیان وایه داعش ده‌یه‌وێت به‌ئاڕاسته‌ی بادییه له عێراق بكشێته‌وه.
داعش چه‌ند داواكارییه‌كی پێشكه‌شی هه‌سه‌ده كردووه، له‌وانه گه‌یاندنی خۆراك‌و پێداویستی به خێزانی 300 چه‌كداری داعش، به‌ڵام هه‌سه‌ده ئه‌و داواكارییه‌ی ڕه‌تكردووه‌ته‌وه.
هه‌سه‌ده له‌چه‌ند كاتژمێری ڕابردوودا داوای له‌خێزانی ئه‌و چه‌كدارانه كرد، خۆیان بده‌ن به ده‌سته‌وه‌و له‌ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش له باغۆز هه‌ڵبێن.
قورسیی شه‌ڕی ئه‌مجاره‌ی هه‌سه‌ده‌و داعش كه واده‌كات چاره‌نوسی ئه‌و گروپه له‌سوریا یه‌كلاببێته‌وه، وایكردوه مه‌زڵوم كۆبانێ، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده داوا بكات ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی هاوپه‌یمانان كه له‌نێوان 1000 بۆ 1500 كه‌سدا بن، له‌سوریا بۆ شه‌ڕی داعش بمێننه‌وه.
چه‌كدارانی داعش داواكارییه‌كی دیكه‌شیان له‌هه‌سه‌ده هه‌بووه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ڕێگه‌یان پێبده‌ن به‌ره‌و ئیدلب بكشێنه‌وه، له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌وان مینه چێندراوه‌كانیان هه‌ڵبگرنه‌وه‌و پاشان بكشێنه‌وه.
ڕ . ج