سیخوڕەكەی مۆسادو وەزیری دەرەوەی پێشووی ئیسرائیل‌ واز لەسیاسەت دەهێنێت

sharpress.net

1723 جار خوێندراوه‌ته‌وه

20/02/2019‌

شارپرێس:
تسیبی لیڤنی وەزیری پێشوی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، دەست لە ژیانی سیاسی هەڵدەگرێت، ئەمەش دوای ئەوە هات حیزبەكەی (هاتنوعا) لەراپرسییەكانی پێش هەڵبژاردنی مانگی نیسانی داهاتوو، پاشەكشەیەكی زۆری بەخۆیەوە بینی.

لیڤنی تەمەن 60 ساڵە، كە لەگۆرەپانی نێودەوڵەتیدا ناسرا بەهۆی ئەو رۆڵەی لەدانوستانەكانی وڵاتەكەی و فەلەستینیەكان بینی‌و راشیگەیاند، حیزبەكەی بەشداری هەڵبژاردنەكان ناكات‌و لە بەیاننامەیەكدا لە بەرانبەر رۆژنامەنووسان لەتەل ئەبیب باسی ئەوەشی كرد حیزبەكەی هەڵدەوەشێنێتەوە.

لیڤنی، كە لە هەمان كاتدا سیخوڕ بوو لەدەزگای هەواڵگیری ئیسرائیل "مۆساد"، خەریك بوو ببێتە سەرۆك وەزیران لە دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2009، ئەو كات سەركردایەتی حیزبی "كادیما"ی دەكرد، ئەو حیزبەی لەلایەن سەرۆك وەزیرانی پێوشوتری ئیسرائیلەوە "ئارێل شارۆن"ەوە دامەزرابوو، لەو كاتەدا زۆربەی كورسییەكانی بەدەست هێنا، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەیتوانی هاوپەیمانییەتییەك دروست بكات نەبووە سەرۆك وەزیران.

ئەو پارێزەرەو لەدایكبووی تەلئەبیبە، كەسێكی دیارە لە سیاسەتی ئیسرائیلیدا، بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1999 وەك بەشێك لەحیزبی "لیكۆد"ی راسترەو هەڵبژێدرا بۆ پەرلەمان، بەڵام پاشان بە ئاراستەی نێوەند رۆیشت بەوەی بڕوای وابوو پێویستە ئیسرائیل خۆی لە فەلەستینییەكان جیابكاتەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە زۆرینەی یەهودی لەوڵاتدا بكات.

پۆستە وەزارییەكان
لیڤنی ژمارەیەك پۆستی وەزاری وەرگرتووە، لەوانە، داد و دەرەوەو سەركردایەتی گەڕی كۆتایی دانوستانی جدی كردووە لە نێوان فەلەستینییەكان و ئیسرائیل، كە بە سەرپەرشتی ئەمریكا بوو، بەڵام لە ساڵی 2014 دا شكستی هێنا.

لیڤنی لەم دوایەدا زۆر هاوكاری سەركردایەتی هاوپەیمانی یەكێتی سەهێونی (چەپی ناوەند)ی بەرهەڵستكاری سەرەكی لەئیسرائیل دەكرد، بەڵام دوای ئەوەی لە مانگی كانونی دووەمدا دووبەرەكی تێكەوت، كۆتایی بەو رێكخستنە هات، كە حیزبی كرێكارانیشی تێدا بوو، پاش ئەوە سەرۆكی حیزبی كار (ئافی غابای) رایگەیاند هاوبەشی لیڤنی ناكات.

لەگەڵ ئەوەی هاوپەیمانی سەهێونی لەهەڵبژاردنەكانی ئەم دوایەی ساڵی 2015 دووەم دەنگی هێنا، بەڵام لە كۆتا راپرسییەكاندا پاشەكشەی بەخۆیەوە بینیوە.

ئەو ژنە سیاسییە ئیسرائیلییە، ویستی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی داهاتوو لە دەرەوەی هاوپەیمانی سەهێونی ئەنجام بدات ، بەڵام هەستی بەوە كرد زۆر قورسە هاوپەیمانی بەگوێرەی بیروبۆچوونی ئەو بێت، سەرەرای پاشەكشەی "غابای" لە راپرسییەكاندا.

لەئێستادا وا دەردەكەوێ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە پۆستەكەی خۆی بمێنێتەوە لە دوای هەڵبژاردنەكان، بە گوێرەی دەركەوتنی هەندێك ئەنجامی راپڕسی بەردەوام، لەگەڵ ئەوەی زنجیرەیەك لێكۆلینەوەی تایبەت لە گەندەڵی لەگەلدا كراوە.

هەروەها پێشبینی دەكرێت داواكاری گشتی لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا چەند تۆمەتێكی ئاراستە بكات، بەڵام رەنگە راگەیاندنەكەی بكەوێتە پێش هەڵبژاردنەكان و هەڵمەتەكەی ناتانیاهۆ روبەروی لەرزین دەكاتەوە.

سەرچاوە: الجزیرە
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا






ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved