هەواڵگیری عێراق هەڵمەتێك دژی بەرپرسە وەهمییەكانی بەغدا دەستپێدەكات

عیراق

21/02/2019‌ 1577 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بۆ یەكەمجارو لەهەنگاوێكی جۆریدا، هێزە ئەمنییەكانی عێراق هەڵمەتێكی فراوانیان دەست پێكردووە، ئەوەش دژی دیاردەی بەرپرسە وەهمییەكان‌و ئەو نوسینگە وەهمیانەی لەبەغداو شارەكانی تری عێراق بە شێویەكی بەربڵاو تەشەنەیان كردووە.

مەبەست لەبەرپرسە وەهمیەكان، یان ئەوانەی لە عێراق بە "فەزاییەكان" ناسراون خۆیان دەگۆڕن و سیفەتی سەربازی‌و ئەمنی بەخۆیان دەدەن، وەكو پلەی لیواو فەریق‌و عەقید، یاخود سیفەتی راوێژكارو قازی و چاودێری گشتی، یان بەرێوەبەرو رێكخراوە وەهمییەكان، یان هەڵگرتنی سیفاتی نێو دەوڵەتی.

لەزۆربوونی ئەم دیاردەیەشدا هاووڵاتی عێراقی دەبنە قوربانی، بەوەی پارە بەو جۆرە كەسانە دەدەن‌و ئەوانیش پەیمانی هەندێك شتیان پێدەدەن وەك دامەزراندن و ئازادكردنی ئەوانەی دەستبەسەرن، یاخود ئاسانكاری بۆ مامەڵەكانیان لەناو وەزارەتە جیاوازەكاندا.

بەرپرسێكی ئەمنی عێراقی لەو بارەیەوە وتی: ئەو هەڵمەتە پۆلیس و دەزگای هەواڵگیری ئەنجامیان داوەو بووەتە هۆی دەستگیركردنی ژمارەیەك لەو كەسانەی سیفەتی وەهمییان داوەتە پاڵ خۆیان و چەندین مۆری ساختەو مامەڵەی هاووڵاتیان و دراوی قورسیان پێ گیراوە.

سەرچاوەكە ئەوەی دووپاتكردەوە، هەڵمەتەكە بۆ راوەدوانانی ئەو كەسانەیە سیفەتی رەسمییان داوەتە پاڵ خۆیان لەبەغدا و هەڵمەتەكەش بەردەوام دەبێت تا كۆتایی هاتنی ئەم دیاردەیە، كە رێگری زۆری بۆ دەزگا ئەمنییەكان دروست كردوە، ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو زانیارییانەی بە دەستمان گەیشتووە دەریدەخەن هەندێك كەس سیفاتی بەرپرسە ئەمنییەكان‌و سەركردەی حیزبەكانیان داوەتە پاڵ خۆیان.

ئەوەش روونبووەتەوە ئەو جۆرە كەسانە سیفەتە فەرمییەكانیان قۆستووەتەوە لە پێناو جێبەجێكردنی پرۆسەی فیڵ‌و تەڵەكە و هەڵخەلەتاندن بە شێوەیەی فراوان لەبەرانبەر بڕێك پارەدا، ئاماژەش بەوە كراوە چركردنەوەی هەوڵە هەواڵگیرییەكان سنوورێكی بۆ ئەم دیاردەیە داناوە.

لەو چوارچێوەیەدا، شارەزای بواری ئەمنی "هشام الهاشمی" لە لێدوانەكانیدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندنی ناوخۆیی عێراقی ئەوەی دووپاتكردووەتەوە، دەزگای هەواڵگیری هەڵمەتێكی ئەنجامداوە دژی (كەسانی 56)، ئەمانە سیفەتی راوێژكاری‌و ئەفسەرو بەرێوەبەریان لە دەزگا ئەمنی‌و هەر سێ سەرۆكایەتییەكە داوەتە پاڵ خۆیان.

زاراوەی (56) لەعێراق بۆ ئەو كەسانە بەكاردەهێنرێت، كە پرۆسەی فرۆفیڵ‌و تەلەكەبازی بەرێوەدەبەن، لە ئاماژەیەكدا بۆ ژمارەی ماددەكە لەیاسای سزادانی عێراقی، كە سزا بەسەر ئەو جۆرە كەسانەدا دەسەپێنێت.

هەر لەم كاتەدا، سەركردایەتی پرۆسەكانی سوپا لە بەغدا رایگەیاند، رۆژی سێ شەممە نۆ كەسیان بەو جۆرە تۆمەتانە دەستگیر كردووە و لە بەیاننامەیەكدا روونیكردووەتەوە، چەند كەسێكیان دەستگیر كردووە، دەستیان گرتبوو بەسەر چەندین پارچە زەویدا لەبەغدا سەرەرای ساختەكردنی مامەڵەی فەرمی.

لای خۆیەوە، هێزە عێراقییەكان هێمایان بۆ ئەوە كرد شەممەی رابردوو كەسێكیان دەستگیركردووە، كە سیفەتی ئەفسەری دابووە پاڵ خۆی، ئەمەش پاش یەك رۆژ بوو لەدوای ئەوەی سەركردایەتی پرۆسەكانی سوپا لەبەغدا رایگەیاند، دوو كەسیان دەستگیر كردووە، یەكیان سیفەتی ئەفسەری دابووە پاڵخۆیی و ئەوی تریان بازرگانی بەمادە هۆشبەرەكانەوە كردووە.

هەر لەم بارەیەوە، پارێزەر ماجد سەلامی دووپاتیكردەوە لەدادگاكانی بەغدا لەم چەند مانگەی دواییدا ئەم دیاردەیە بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لەسەر دەستی ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەكەن، كە بەرپرسن لە دەوڵەتی عێراقیدا و رەخنەی لەوە گرتووە، كە چارەسەر بۆ ئەم بابەتە نادۆزرێتەوە.

سەلامی ئەوەشی روونكردووەتەوە، لە هەندێك كێشەدا ئەندامی حیزبە گەورەكان سیفەتی فەرمی دەدەنە پاڵ خۆیان و لە زۆر حاڵەتدا لێكۆڵینەوەكان دەری دەخەن هەندێك لەوانە بانگەشەی ئەوەی دەكەن بەرپرسی حكومی یان ئەمنین، بەلام هیچ بەلگەنامەیەكیان بەدەستەوە نییە بۆ سەلماندنی قسەكانیان.

ناوبراو باسی لەوەش كرد، ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان بوونەتە قوربانی ئەو دیاردەیە، بەتایبەتی ئەوانەی پارەیەكی زۆریانداوە بۆ ئەوەی دابمەزرێنرێن، یاخود كەسێكی دەستبەسەركراویان ئازاد بكرێت، ئەوەشی دووپاتكردەوە لەم ماوەیەی دواییدا ئەم جۆرە كارانە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیان كردووە.

سەرچاوە: العربی الجدید
وەرگێران: حلمی رەسول رەزا