ئەمریكا سوورە لەسزادانی ئەو پاسەوانانەی ئەردۆغان هێرشیان كردە سەر چالاكوانە كوردەكانی واشنتۆن

کوردستان

21/02/2019‌ 3585 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
توركیا مل بۆ دادگاییكردنی پاسەوانە یاوەرەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا لەواشنتۆن دەدات‌و ئەو هەڵوێستەش پەیامێكە وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ هەڵوێستی ئەنقەرە بەرانبەر دۆسییەی كورد.
 
یاوەرانی سەركی توركیا لە داوای سیستەمی دادوەری ئەمریكا دەربازیان نابێت، ئەمەش دوای ئەوەی هێرشیان كردە سەر ئەو چالاكوانە كوردانەی لەمایۆی 2017 دژ بەسەردانی ئەردۆغان لە واشنتۆن خۆپێشاندانیان كرد.

بەرەنگاربوونەوەیەكی دادوەری گەرموگوڕو دوور و درێژ لەئاسۆدا دەردەكەوێت، بە تایبەتیش، كە سیستەمی دادوەری ئەمریكا نەچووە ‌ژێر فشارەكانی پڕۆتۆكۆڵی دبلوماسی، كە واباوە بەو سەرۆكانە دەدرێت، كە سەردانی ئەمریكا دەكەن، ئەمەش‌ پەیامێكی شاراوەیە بۆ سەرۆكە لەخۆباییەكەی توركیا، كە بەهەڵوێستە خراپەكانی وێنەی ئەو پەیوەندییە دووقوڵیانەی شێواند، كە هەمیشە بە دانسقە وەسف دەكران.

دوای ئەوەی حكومەتی توركیا تەواو لەوە دڵنیابوو، كە سیستەمی دادوەری ئەمریكا لێبڕاوانە كار دەكات بۆ دادگاییكردنی یاوەرە تێوەگلاوەكانی ئەردۆغان لە كاری توندوتیژی، ئەنقەرە پەنای بردەبەر كۆمپانیای "ساڵتزمان ئاند ئیفێنتش"ی یاسایی بۆ دەستخستنی كاتی زیاتر بەمەبەستی  خۆسازدان بۆ  بەرگریكردن لەپاسەوانە یاوەرەكانی ئەردۆغان.

حكومەتی توركیا لە بایەخ و ئەنجامەكانی ئەو ڕووداوەی كەمكردەوە، بانگێشتنە دادگاییەكانی پێشووشی ڕەتكردبوونەوە، بەو پاساوەی، كە داواكاران تیرۆرستن و یاوەرانی سەرۆكی توركیاش بەمەبەستی بەرگریكردن لەخود ئەو كارەیان كردووە.

دادگای ناوخۆی ویلایەتی كۆڵۆمبۆی ئەمریكی لەو بارەوە وتی: بەدەم داواكارییەكەی توركیاوە چووەو وادەی  موڵەتپێدانی توركیای بە 55 ڕۆژ دیاریكردووە بۆ وەڵامدانەوەی تۆمەتەكانی دادگای ناوبراو سەبارەت بە دۆسیییەكە.

دەكرێت بەو هەنگاوە توركیا بتوانێت چارەسەری پرسە یاسایی‌و واقعی و سیاسییەكانی بكات، كە داواكارانی دۆسییەكە ئەنقەرەیان پێ تۆمەتبار كردووە.

ڕووداوە توندوتیژ ئامێزەكەی واشنتۆن كاتێك ڕوویدا، كە پاسەوانەكانی ئەردۆغان هێرشیان كردەسەر كۆمەڵێك چالاكوان، كە لە دەرەوەی شوێنی حەوانەی باڵوێزی توركیا لەبازنەی شیریدان لە واشنتۆن كۆبوونەوە، دوای چەند خولەكێك لەوەستانی ئۆتۆمبیلەكانی ئەردۆغان لە ڕاڕەوی تەرخانكراو، ئەو ڕووداوە ڕویدا. 

دەسەڵاتدارانی ئەمریكا تۆمەتی تێوەگلانیان ئاراستەی 19 كەس كرد، كە 15 كەسیان لە دەستەی ئەندامانی دەزگای ئاسایشی توركیا بوون، چونكە هێرشیان كردە سەر خۆپێشاندەران و لێیاندان. 

لۆسیك ئۆسیان چالاكوانی ژنی داكۆكیكار لەكچە ئێزیدییەكانی هاوڕێی، كە یەكێكیشە لە داوكاران لە دۆسیەكەدا، تووشی پێكان هاتووە لەمێشكیدا لە ئاكامی ئەوەی لێدانە چەندجارەی، كە بەر سەری كەوتووە لەو كاتەی دروشمیان بۆ دەركردنی باڵوێزی توركیا دەوتەوە، دیارترین پاڵپشتی ئەو دروشمەش سیناتۆر جۆن مەكینی كۆچكردوو بوو.

داواكارانیش، كە زۆرینەیان كوردن، بە داواكارییەكەی توركیا ڕازیبوون،‌ كە داوای درێژكردنەوەی وادەی ئامادەبوونی تۆمەتباران دەكات، كە دەكرێت ئەنقەرە ئەو داوكاری درێژكردنەوەی وادەیە بقۆزیتەوە لەپێناو چارەسەركردنی دۆسییەكە لەدەرەوەی دادگا، بە ڕازیكردن هەندێك لە داواكاران، كە داوای قەرەبووی ماددەی بە بڕی زیاتر لە 310 ملیار دۆلار دەكەن.

موڕاد یاسا، كە بەهۆی لێدانەكانی سەرییەوە تووشی گرفت بوو لە یادەوەریدا، لە لێدوانیكیدا بۆ پێگەی ئەلەكترۆنی مۆنیتۆر دەڵێت: "من گرنگە بەپارەو سامان نادەم، پێیان وتین كەیسەكە لەوانەیە‌ 7 ساڵ بخایەنێت، تا ماوەی دۆسییەكەش دوورو درێژتر بێت، هێندەی دیكە ڕاگەیاندنەكان تیشك دەخەنەسەر ڕاستی و دروستی كەسایەتی ئەردۆغان، دەمانەوێت ڕاستییەكان بۆ هەمو جیهان دەركەون".

چاودێرانی ڕەووتی كەیسەكە دەڵێن قوربانیان، كە بەرهەڵستكاری سیاسەتەكانی ئەردۆغانن، لە بەرژەوەندییانە بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ لە كەیسەكەیان لە بەردەم دادگا بەردەوامبن، وەك كارتێكیش بەكاریبهێنن‌و وەبەرهێنانی تێدا بكەن، ئەمەش بەمەبەستی ئاشكراكردنی تۆماری ڕژێمەكەی توركیای ئیسلامی بەرانبەر بەرهەڵستكارانی، بە تایبەتیش، كە پرسە هەر لە سنووری بە ئامانجگرتنی كوردەكان ڕاناوەستێت، بەڵكو لایەنگرانی عەبدوڵا گولەن یان خەڵكی دیكەش دەگرێتەوە وەك میدیاكاران و چالاكوانانی تۆرەكانی سۆشیاڵ میدیا.

پارێزەری یۆنانی ئەندریاس ئەكاراس پێیوایە، كە كەیسێكی بەهێزی دژ بە ئەردۆغانی بەدەستەوەیە، ئاماژی بەوەشدا، كە ئامانجی پشت هێرشكردنەسەر بەرهەڵستكارە كوردەكان سەركوتكردنی مافی ئازادی بیروڕایە، سەرۆكی توركیاش بەم هەڵوێستەی پەیامكی بۆ بەرهەڵستكارە كوردەكان نارد بەوەی دەتوانێت تارو مار( پەرتوبڵاو) یان كات.

كاركردن دادوەری و سیاسی و میدیایی لەسەر ئەو كەیسە لە ئەمریكا، نامەیەكی شاراوەیە بۆ ئەردۆگان كە واشنتۆن زۆر كارتی بەدەستەوەن و دەتوانێت وەك ووڵامدانەوەیەك بۆ هەڵوێستە فسقەلكارییەكانی ئەو بیانخاتەگەڕ، بە تایبەتیش ئەەی پەیوەستە بە كوردانی سوریاوە، كە ناوە ناوە ئەردۆگان هەڕەشەی هێرشكردنەسەر هێزە كوردییەكانی ڕۆژئاوا دەكات لە ڕۆژهەڵاتی فورات، ئەمەش‌ واشنتۆنی توڕە كردووە كە لە هەنگاوی یەكەمدا پیشدەستی سەپاندنی سزای ئابووری دژ بە ئەنقەرە خستەڕوو. 

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێرانی : لوقمان حاجی قادر