پرسی پێكهێنانی حكومەت
گفتوگۆكانی پارتی‌و یەكێتی بۆ گەیشتنە رێككەوتن بەردەوام دەبێت

کوردستان

21/02/2019‌ 2599 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گفتوگۆكانی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی بۆ گەیشتنە رێككەتنی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.

پشتیوان سادق ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكرات لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی ئەمڕۆ پێنج شەممە رایگەیاند، كە گفتوگۆكانیان بۆ پێكهێنانی حكومەت بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی.

پشتیوان سادق راشیگەیاند، گفتوگۆكان بەئامانجی گەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی بەردەوام دەبێت‌و بەم نزیكانەش لەو بارەوە گەرێكی نوێی دانیشتنەكان دەستپێدەكات.

قسەكانی ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی لەكاتێكدایە، رۆژی 18ی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان بەبێ‌ یەكێتی نیشتمانی كۆبووەوەو دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژارد، كە ئەوە نیگەرانی ئەو حیزبەی لێكەوتەوە.

لەبارەی نیگەرانییەكانی یەكێتی پشتوان سادق جەختیكردەوە، كە نیگەرانییەكان نابێتە هۆی وەستانی گفتووگۆو پەیوەندییەكان‌و لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵ هەیە بۆ چارەسەری تەواوی كێشەكان.

هـ ـ ح