ئەردۆغان بۆچی داوای ده‌ستگیركراوه‌ بیانیەکانی داعش دەکات؟

sharpress.net

2492 جار خوێندراوه‌ته‌وه

21/02/2019‌

شارپرێس:
پرسی تیرۆریستە دەستگیرکراوە ئەوروپیەکانی داعش کە ژمارەیان ٨٠٠ کەسن لەدەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتی دا، بابەتێکە لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین جار بووەتە ڕۆژەڤی میدیاکان، تایبەتتر دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ هەڕەشەی ئازادکردنی کردن کردن لەئەگەری وەرنەگرتنەوەیان لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا.

هەرچی هێزەکانی سوریای دیموکراتی و ئیدارەی خۆسەرییە لەبەرامبەر بێدەنگی ئەوروپا و وەرنەگرتنەوەیان ٢٠ی ئەم مانگە لەزاری جێگری هاوسەرۆکایەتی نوسینگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵات  فورات فەنز ئەلکەعیت  داوای کردووە کە لە دادگایەکی نێودەوڵەتی تایبەتدا دادگایی ئەو ٨٠٠ داعشە بکرێن و چارەنوسیان یەکلابکرێتەوە.

ئەوەی ئاشکرایە دەوڵەتی تورکیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە بەپێی زۆر بەڵگە لەئاواکردن و هاوکاری داعش دا ڕۆڵیان هەبووە، هەموو هەوڵی خۆیان خستوەتە گەڕ تا دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمەریکا ڕازی بکەن داعشە گیراوەکانی تەسلیمی ئەوان بکەن.
لێرەدا ئەوەی نیشانەی پرسیار دروست دەکات ئەوەیە کە ئایا ئەردۆغان ئەو ٨٠٠ تیرۆریستەی بۆ چییە؟

پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی ترامپ و ئەردۆغان

بەپێی زانیاریەکانی ڕۆژنامەی حوڕیەتی تورکی لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکانی ئەم دواییەی نێوان  ئەردۆغان و ترامپ دا پرسی ئەو ٨٠٠ تیرۆریستە قسەی زۆری لەسەرکراوە، ئەردۆغان هەوڵی داوە ترامپ قایل بکات بەوەی ئەو تیرۆریستانە تەسلیمی ئەوان بکەن، گوایە دەتوانن لەو هەرێمانەی تورکیا داگیری کردوون وەک (ئیدلب، عەزاز، باب، جەرابلوس و عەفرین) زیندانیان بکات، ئەردۆغان دەیەوێت ڕێگا چارەی سێهەمین نیشانی ترامپ بدات گوایە لەو هەرێمانە سوپای سوری ئازاد هەن کە چەندین دیلی داعش یان لەدەستدایە و دەتوانن بەرپرسیارێتی پاراستنی ئەوانی دیکەش لەئەستۆ بگرن.
(ئەردۆغان بەنیازی چیە؟)

دەوڵەتی تورکیا لە دروستکردنی داعش و سەپۆرت و هاوکاری کردنیان تا ڕۆژی ئەمڕۆ بەردەوام بووە، تا ئێستا چەندین بەڵگە لەو ڕوەوە خراوەتە ڕوو، بیرمەندی جیهانی نۆمان چۆمسکی لە ١١ی ئاداری ساڵی ٢٠١٦ له‌ دامه‌زراوه‌ی ته‌کنه‌لۆژی ماساچۆستی ئەمەریکا، بەچەند بەڵگە پەیوەندیەکانی تورکیا و داعشی خستەڕوو.

بەرلەویش لەکاتی سەرهەڵدانی ئاڵۆزیەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیا لەپای خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگی ڕووسیا لەلایەن تورکیاوە لە ٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥ دا مۆسکۆ چەندین بەڵگەی لەبارەی پەیوەندی ئەنقەرە و داعش ئاشکرا کرد.

هەرکات داعش لەسەر دەستی شەرڤانان زەبری خواردبێت تورکیا هەوڵیداوە بە جەبهەی دووهەم و هێرش لە پشتەوە هاوکاری داعش بکات، لەگەڵ ئەوەشدا نەیتوانیوە ڕێ لە کۆتایی هێنانیان بگرێت.

بەهۆی ئەوەی ئەردۆغان ستراتیژی و سیاسەتی دوژمنکارانەی خۆی دژ بە گەلان و ئارامی ناوچە بەتایبەت کوردان لەسەر حسابی داعش داڕشتبوو، ئێستا و پاش نەمانی ئەم گروپە تیرۆریستە هەموو ئەو حساباتانەی سەروبن بوون و ڕوبەڕووی شکستێکی گەورە بووەتەوە.

دەتوانین ئامانجەکانی ئەردۆغان بۆ بەدەستخستنی ئەو ٨٠٠ چەتەیەی داعش لەم خاڵانەدا ڕاڤە بکەین:

1- ئەردۆغان هەوڵ دەدات هیچ کام لەو داعشانە نەدرێنە دادگایەکی نێودەوەڵەتی وەک ئەوەی هەسەدە داوای کردووە، چونکە لەئەگەری هەر دادگایەکی وەهادا ئەوا پەیوەندی و نهێنیەکانی داعش و تورکیا بەتەواوی ئاشکرا دەبێت.

2- لەئەگەر داننانی ئەو داعشانەدا لەدادگایەکی نێودەوڵەتی بەپەیوەندیەکانیان لەگەڵ تورکیا ئەوا دەکرێت تورکیاش بەتاوانی جەنگ پەلکێشی دادگای نێودەوڵەتی لاهای بکرێت.

3- تورکیا هەوڵ دەدات هەموو ئەو داعشانە لەژێر دەستی خۆیدا بهێڵێتەوە تا پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەو گروپە تیرۆریستیە نەچێتە دەرەوە.

4- ڕێگری کردن لە لەناوچوونی داعش، تا بەناو و بەرگی دیکە و لەژێر دەستی خۆیدا کۆیانبکاتەوە و بیانهێڵێتەوە.

5- بەکارهێنانی ئەو تیرۆریستانە بۆ بەردەوامی دان بە سیاسەتی شەڕ و داگیرکاری خۆی لەناوچەکەدا بەتایبەتی دژایەتی کوردان.

6- جارێکی تر بەکارهێنانەوەیان بۆ داگیرکردنی هەرێمەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان.

7- بۆ دژایەتی کردنی هەر ستاتۆریەکی کوردی لەسەر ئاستی هەر چوارپارچەی کوردستان لە نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوین دا.

8- بەکارهێنانیان بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی لە کێشە و ململانییە ناوخۆییەکانی تورکیا، لەئەگەری کودەتایەک بۆ لادانی ئەردۆغان لەسەر دەسەڵات، چونکە دۆخی کۆمەڵگای تورکیا لەبەرامبەر دەسەڵاتداری دکتاتۆری ئەردۆغان لەهەموو ئان و ساتێکدا لەبەر تەقینەوەدایە.
 
9- هەڕەشەپێکردنی ئەوروپا بۆ سەپاندنی داخوازییەکانی خۆی و دوورخستنەوەیان لە هاوکاری کوردان.

دەتوانین بەوە کۆتایی بەم باسە بهێنین کە نە هێزەکانی سوریای دیموکراتی و نە ئەمەریکا ئامادەن ئەو ٨٠٠ گیراوە بیانیەی داعش تەسلیمی تورکیا بکەن، چونکە دانپێدانان و بەڵگەکانی ئەو داعشانە بەسە بۆ دادگایی کردنی ئەردۆغان و تاقمەکەی بەتاوانی جەنگ.

سەڵاح خدر






ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved