هەزاران كەس لە باغۆز گیریان خواردووە.. شەڕ لەدوا مۆڵگەی داعش لەسوریا بەردەوامە

کوردستان

23/02/2019‌ 978 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شەڕ لەكۆتا ناوچەكانی ژێردەستی داعش بەردەوامەو لەو ناوچەیەش هەزارەها خەڵكی سڤیل گیریان خواردووە.

هەفتەی ڕابردوو هێزە كوردییەكانی، كە لەلایەن ئەمریكا پشتیوانی دەكرێن، هێرشیان كردە سەر "باغور"، كە دەكەوێتە سەر سنووری نێوان عێراق و سوریاو دوا مۆڵگەی چەكدارانی داعش.

هەینی رابردووتر دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا وتی: لەماوەی لەماوەی 24 سەعاتی داهاتوو شكستی داعش بەتەواوی ڕادەگەیەنین، بەڵام شەرڤانە كوردەكان دەڵێن كەوتنی تەواوەتی داعش چەند ڕۆژێكی تری پێدەچێت، كە لەگەڵ هەڵهاتنی خەڵكی سڤیل لەناوچەكەدا بەردەوامە.

چیا فورات سەرۆكی هێزەكانی سوریای دیموكرات وتی: چەكدارانی داعش گەمارۆدراون لەسنوری ۷٠٠ مەتر چوارگۆشەدا لەناو شارەكە. 

هەروەها وتیشی، هەزارەها خەلكی سڤیل گیریان خواردووە، كە داعش وەك قەڵغانی مرۆیی بەكاریان دەهێنێت.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا ناوبراو وتی: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەواڵی دڵخۆشكەر دەدەن بە هەموو جیهان  بەنەمانی تەواوەتی داعش.

هەروەها عەدنان عەفرین وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، سەریان سورماوە بەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵكی سڤیل لەشارەكەوە، كە ئەمەش هۆكارێكە بۆ دواخستنی هێزەكانیان بۆ چوونە ناو شارەكە.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە، كە ٤٤٠ چەكداری داعش خۆیان بەدەستەوە داوە لەچەند ڕۆژی ڕابردوو، بەڵام هێزەكانی سوریای دیموكرات پێیان وایە چەند سەد داعشێك هێشتا لەشارەكەدان.

وەرگێڕان: باخان كەمال