چین بۆ كۆتاییهێنان بەشەڕی بازرگانی بە بەهای 1.2 تریلیۆن دۆلار شمەك لەئەمەریكا دەكڕێت

جیهان

23/02/2019‌ 1017 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تەلەفزیۆنی " cnbc" ی ئەمەریكی بڵاویكردووەتەوە لەچوارچێوەی دانوستانەكانی نێوان چین و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ كۆتاییهێنان بەشەڕی بازرگانی نێوانیان ، پەكین رەزامەندیی دەربڕیوە كەلوپەل و شمەكی ئەمەریكایی بە بەهای یەك تریلیۆن و دووسەد ملیار دۆلار  بكڕێت.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە هێشتا هەردوو وڵات سەبارەت بە بابەتە سەرەكییەكانی نێوانیان ، وەك بابەتی خاوەندارییەتی هزریی و گواستنەوەی زۆرەملێیانەی تەكنەلۆژیا لەیەكەوە دوورن، بەڵام ئەو لێكتێگەیشتنە لەنێوانیان دروست بووە، كە پەكین شمەك لە واشنتۆن بكرێت.

لەم هەفەتەیشدا دانووستكارانی هەردوو وڵات كۆدەبنەوە بەئامانجی ئەوەی بتوانن پێش هاتنی مانگی ئازار نزیك ببنەوە لەواژووكردنی ڕێكەوتننامەی بازرگانی نێوانیان ، كە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا ئەو بەروارەی وەك دوا مۆڵەت دیاری كردووە بۆ زیادكردنی باجی گومرگی بۆسەر كاڵا و شمەكی چینی بە بەهای ٢٠٠ ملیار دۆلار ، واتا بەرزكردنەوەی باج لە لەسەدا ١٠ وە بۆ لەسەدا ٢٥ .

هەروەها  بەگوێرەی  تەلەفزیۆنی " cnbc ' ی ئەمەریكی واچاوەڕێدەكرێت لەكۆتایی مانگی ئازار ، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و هاوتا چینییەكەی لەفلۆریدا كۆببنەوە.

سەرچاوە: Rueters arabic
وەرگێڕان : ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی