كارتە بێ‌ هێزەكە.. یەكێتی دەتوانێت دوو ئیداریی رابگەیەنێت؟

کوردستان

23/02/2019‌ 9687 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شیكاری: سەرتیپ قەشقەیی
لە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و ڕێكنەكەوتنی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی، زۆرجار باس لەوەدەكرێت دوو ئیدارەیی ئەگەرێكی بەهێزە، لەحاڵەتێكدا ئەگەر پارتی نەیەتە ژێر باری داواكارییەكانی یەكێتی، ئەوا یەكێتی پلانی دیكەی هەیە، لەوانە ڕاگەیاندنی دوو ئیدارەیی‌و پاشەكشەكردن لەم حكومەتەی ئێستا.

ئەوەی لەبارەی دوو ئیدارەیەوە دەوترێت نەپلانی یەكێتییە، نە بارودۆخەكەش گونجاوە، كە كوردستان بەرەو دوو ئیدارەیی بڕوات، سەركردەكانی یەكێتیش باش ئەوە دەزانن‌و لایان ڕوونە لەئێستادا كارتەكانی دەستیان لەبەرانبەر پارتی بەهێزنین، ئەمەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە..

بارودۆخی یەكێتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، وەكو ساڵانی نەوەدەكان‌و سەرەتای ساڵی دووهەزارەكان نییە، تا بیەوێت هەڕەشەی دوو ئیدارەی بكات، چونكە ئەوكات یەكێتی جگە لەوەی حاكمی سەرەكی بوو لەو سنوورە، لەهەمانكاتدا زۆرێك لەو حیزبانەی، كە بەشە سەرەكییەكەیان لەو پارێزگایەبوو، زۆربەیان لەچوارچێوەیەی بەرەیەك كۆببوونەوە لەگەڵ یەكێتی لەدژی پارتی، بەڵام لەئێستادا بارودۆخەكە بەشێوەیەكی دیكەیەو زۆربەیان لە پارتییەوە نزیكن، باشترین نموونەش گۆڕانە.

لەڕووی دەستوورییەوە دروستكردنی ئیدارەیەكی دیكە، كە لە ئێستادا ناكرێت، بەغداش ئەوەی قبوڵ نییە، تاوەكو ئێستاش ئەوان لەگەڵ پارتی‌و حكومەت مامەڵەدەكەن، نموونەی دانانی وەزیری داد لەلایەن یەكێتییەوە، دانانی كەوتووەتە دەست پارتی و بارزانی.

لەڕووی هەرێمیشەوە، وڵاتانی دراوسێ بەبوونی كۆمەڵێك هۆكار رێگە بە دووئیدارەیی نادەن.

لەڕووی نێودەوڵەتیشەوە، بەهەمان شێوە ڕووبەرووی ئاستەنگ دەبێتەوەو ڕێگری هەیە بۆ دوو ئیدارەیی.

لەڕووی ئیداری‌و دامەزراوەیەوە، دیسان سەر لە نوێ دروستكردنی كۆمەڵێك دامەزراوەی وەكو (پەرلەمان و حكومەت ...هتد)، ئاسان نییەو ئەو قۆناغەی ڕابردوو بەسەرچووە.

لەڕووی ئابووریشەوە دوو ئیدارەیی گرفتی زۆری هەیە، هەرچەند بەشی زۆری نەوت و غازیش لەسنووری ئەو پارێزگایەش بێت، ئایە چۆن دەكرێت لەماوەیەكی نزیكدا، وەك ئەوەی ئێستا، كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان كردوویەتی لەماوەیەكی كەمدا ئەوان ئەنجامیبدن، ئایا ئەو كۆمپانیانە متمانەیان هەیە ئەو كارە بكەن؟!

ژمارەیەك لەسەركردەو كادیری یەكێتی، كە ماوەی چەندین ساڵە لە ژیانی ئاوارەیی بوون و دواتر گەڕاونەتەوە، كۆمەڵێك بەرژەوەندیان هەیە، ئەستەمە جارێكی دیكە بگەڕێنەوەو ئەو ژیانەی پێشووتر هەڵبژێرن.

یەكێتی سەركردەیەكی وەكو مام جەلالی نەماوە، تاوەكو بتوانێت قەوارەیەكی دیكە لەسنووری خۆی دروستبكات.

ئەوەی ئێستا لە بارەی دوو ئیدارەیەوە دەوترێت راست نییە، پارتی ئێستا وەك ئەمری واقع لە نوقتەیەكی بەهێز مامەڵەو قسە لەگەڵ لایەنەكان دەكات، یەكێتی هیچ پلان و كارتێكی بەهێزی بەدەستەوە نەماوە، لەماوەی ڕابردووش نەیتوانیوە هیچ كارتێكی بەهێز لەدژی پارتییەوە بجوڵێنێت. 

كۆبوونەوە فراوانەكەی سەرجەم ئۆرگانەكانی پێنجشەممەی ڕابردووی ئەو حیزبەش، دەرخەری ئەوەبوو، كە ئەو هێزە پلانی دیكەی نییەو لەو كۆبوونەوەیەشدا هیچ پلانێكی ڕانەگەیاند لەبەرانبەر مامەڵەكانی ئەم دوایەی پارتی.

ئامانجی سەرەكی یەكێتی ئێستا ئەوەیە، لەو ڕێككەوتنەی سیاسییەی بە نیازە لەگەڵ پارتی ئەنجامیبدات زۆرترین دەستكەوتی هەبێت، جگە لەوەی دەیەوێ پارێزگارێك لەخۆی بۆ پارێزگای كەركوك دابنێت، هەمووشتیش دەكات تاوەك پارتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح ئاسایی بكاتەوە.

لەئێستادا بەلای یەكێتییەوە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان گرینگ نییە، بۆیە لە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كاردانەوەكانی توند نەبوون‌و لەوانەیە لە خولەكانی داهاتووی گفتووگۆكانیدا، داواكارییەكانی لەسەرۆكی پەرلەمانەوە بگۆڕێت بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم و دوو وەزارەتی سیادی لەبەرانبەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.

ئەگەر یەكێتی ئەو پلانەی سەربگرێت ئەوا لەیەك كاتدا هاوسەنگی نێو باڵەكانی خۆی دەپارێزێت، لە هەمانكاتیشدا لەكۆڵ پەرلەمانێك دەبێتەوە، كە لایەن پارتی و پاشكۆكانی كۆنترۆڵكراوە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان تەنیا لەرووی سیادییەوە گەورەیەو دەسەڵاتەكانی به 21 كورسی هیچ نییە، دەستەی سەرۆكایەتیش پارتی قوفڵی داوەو سەرۆكی حەقیقی هێمن هەورامیە.

ئەگەر یەكێتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم و حكومەت و وەزیری ناوخۆو دارایی وەرگرێت، ئەوكات پاڵانسێك لەنێوان باڵەكان دروستدەكات، ئەوكات پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم دەدات بەكەسێكی وەكو (حاكم قادرو عیماد ئەحمەد)، كە خواستیانەو وەریگرن، قوباد تاڵەبانیش دەكاتە جێگری سەرۆكی حكومەت، دەرباز كۆسرەتیش بۆ وەزیری ناوخۆ، یاخود دارایی، لە كۆڵ ئەوەش دەبێتەوە لەسەر بێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەق كێشەی ناوخۆیی دروستبكات.

هەروەها یەكێتیی ئامانجیەتی لە گفتووگۆكانی داهاتووی، دەست بۆ كۆمەڵێك پۆست ببات، كە پارتی داویەتی بەگۆڕان، تاوەكو كێشە لە ڕێككەوتنەكەی نێوانیان دروستبێت.

لەبەرانبەردا پارتی بە هێنانی گۆڕان و واژووكردنی ڕێككەوتنی سیاسی لەگەڵیدا، بەو مەرجەی ئەو هێزە لەهەنگاوی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و كاراكردنەوەی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم بەشداربێت، گۆڕانی بۆئەوە بەلكێشكرد، تاوەكو هێزەكانی دیكەش بێن، چونكە بە نەهاتنی گۆڕان، ئەگەری ئەوەبوو هێزەكانی دیكەش نەیەنە دانیشتنی پەرلەمان، بەمەش پارتی ڕووبەڕووی گرفت دەبوویەوە.

یەكێتی پلانی دوو ئیدارەیی نییە، بەڵكو پلانی ئەوەی هەیە بەشێك لەو پۆستانە وەرگرێتەوە، كە پارتی لەسەر حسابی یەكێتی بەشێكی دایە گۆڕان، چونكە پۆستی وەزارەتێك كە هی یەكێتی بوو لە بنەڕەتداو بۆئەوان دانرابوو، بەڵام پارتی لە بەر خاتری هاتنی گۆڕان بۆ دانیشتنەكەی پەرلەمان دایە ئەو حزبە.

هاوكات پارتی لە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، پلانی ئەوەی هەبوو، لەگەڵ گۆڕان بەبێ یەكێتی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە، بەڵام ڕایگرت و دەیەوێت لەگەڵ یەكێتی خولێكی دیكەی دانوستاندن دەستپێبكاتەوە.

نێچیرڤان بارزانی لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لەهەرێمی كوردستان نەبووەو لەگەڵ هاتنەوەی ناوبراو، دوای سەردانیكردنی بۆ لای یەكێتی، لەماوەی دوو كۆبوونەوەی یەكەمدا، ئەگەری زۆرە هەردوولایەن ڕێكبكەون، بۆیە خەونی دوو ئیدارەیی و بەردەوامبوونی پەیوەندییەكان بەم شێوەی ئێستا ئەستەمە، ئەو دۆخە لەماوەیەكی كورتدا تێپەردەبێت.