یەكێتی بە بەرزكردنەوەی سەقفی داواكارییەكانی كێشە بۆ پێكهێنانی حكومەت‌و رێككەوتنەكەی پارتی‌و گۆڕان دروستدەكات

کوردستان

23/02/2019‌ 5210 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی بە بەرزكردنەوەی سەقفی داواكارییەكانی كێشە بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و رێككەوتنەكەی پارتی دیموكرات‌و بزووتنەوەی گۆڕان دروستدەكات، كە لەو رێگەیەوە دەیەوێت تۆڵە بكاتەوەو زۆرترین داواكاریشی بۆ جێبەجێبكرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، یەكێتی نیشتمانی لەگەڕی نوێی گفتوگۆكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ پارتی دیموكرات، چەند داواكارییەكی نوێ‌ دەخاتەڕوو، كە جیاوازە لەداواكارییەكانی پێشووی.

هەر بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكان، یەكێك لەداواكارییەكانی یەكێتی، وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێم، یان جێگری سەرۆكی هەرێم‌و دوو وەزارەتی سیادی دەبێت، لەكابینەی داهاتووی هەرێمی كوردستان.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە یەكێتی بەو داواكارییانەی ئێستای كێشە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ دروست بكات، ئەوەش وەك تۆڵەكردنەوەیەك لەپارتی دیموكرات، كە بێ‌ یەكێتی كۆبوونەوەی 18ی شوباتی پەرلەمانی كوردستانی بەرێوەبردو دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژارد.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، یەكێتی پێیوایە، پارتی بەرپرسیاری پێكهێنانی حكومەتەو لەگەری دروستكردنی كێشە بۆ پێكهێنانی، ئەوە رەخنە لەپارتی دەگیرێت‌و بەلایەنی كەمتەرخەم لەپێكهێنانی حكومەت تۆمەتباردەكرێت.

هەروەها زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە یەكێتی هەر بە بەرزكردنەوەی سەقفی داواكارییەكان‌و گۆڕینی چەند داوایەكی، كێشە بۆ رێككەوتنی گۆڕان‌و پارتی دروست بكات، كە ئەو رێككەوتنەش لە 18ی شوبات كراو یەكێتی پێی ناڕازییە.

پارتی‌و گۆڕان بەوە رێككەوتوون، كە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاندیدی گۆڕان بێت، لەگەڵ پۆستی وەزارەتێكی سیادی، كە وەزارەتی داد دەبێت، بەڵام یەكێتی ئێستا چاوی لەوەیە لەگەڕی نوێی گفتوگۆكان ئەو دوو پۆستە بۆ خۆی داوا بكات‌و بەوەش كێشە بۆ رێككەوتنەكە دروست دەكات، وەك ئەوەی خۆی بەرنامەی بۆ داوە.

هـ ـ ح