لەكشانەوە لەسوریا پاشگەزدەبێتەوە.. ترامپ لەنێوان دوو پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەردۆغان

کوردستان

23/02/2019‌ 3176 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەماوەی دوو مانگدا، قسەكانی سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترامپ لەقۆناغی سەركەوتنە مێژووییەكانەوە دژی رێكخراوی داعش‌و گەڕانەوەی گەنجە مەزنەكان لە سوریاوە چووە قۆناغی قسەكردن دەربارەی هەندێك بابەتی زۆر ئالۆز.

لەم دواییەدا، وتەبێژی كۆشكی سپی "سارە ساندرز" لە گۆڕانكاریەكی لەناكاودا، قسەی دەربارەی مانەوەی 200 سەربازی ئەمەریكا كرد لە سوریا، كە ئەو بڕیارە نوێیەی ئەمەریكا راگەیەنرا لەپاش قسەكردنێكی تەلەفۆنی ترامپ بوو لەگەڵ ئەردۆغان.

بەپێی بەیاننامەكەی كۆشكی سپی: هەردوو سەرۆك رێككەوتن لەسەر بەردەوامیدان بەكاری رێكخراوەیی دەربارەی دروستكردنی ئەگەری ناوچەی ئارام و مانەوەی گروپێكی چەكداری بچووكی ئاشتی پارێز، كە ژمارەكەیان 200 سەربازە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو.

ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە پێش بڕیاری كشانەوەی هێزەكان لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی مانگی دیسەمبەری رابردوو دەچێت، كە تێیدا سەرۆكی ئەمەریكا بڕیارەی كشانەوەی هێزەكانیدا لە باكووری سوریا، كە ژمارەیان 2000 سەربازە و رستەیەكی كورتی بەسەرۆكی توركیا وت: "ئەمە بۆ تۆ"، لە ئاماژەیەكدا بۆ سوریا.

لە نێوان ئەو دوو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، پێدەچێت راگەیاندنی سەركەوتنی نزیك، یان ماوە درێژ بەسەر رێكخراوی داعشدا دوورودرێژ بێت.

200  رۆژهەڵات و 200 باكوور
دوای ئەوەی پێشبینی دەكرا تا مانگی نیسانی داهاتوو سەرجەم هێزە ئەمەریكییەكان وڵاتی سوریا بەجێبهێڵن، بەڵام پلانەكە گۆڕا و بەرپرسێكی ئیدارەی ئەمەریكا وتی: وڵاتەكەی 200 سەرباز لەبنكەی تەنەف دەهێڵێتەوە، سەرەرای هێزێكی ئاشتی پارێزی 200 كەسی لەباكووری رۆژهەڵاتی سوریا، ئەوەشی روون نەكردەوە تا چ كاتێك ئەو هێزە لەوێ دەمێنێتەوە، یاخود چ كاتێك بڵاوەی پێدەكرێت.

رۆژی هەینی ترامپ بۆ رۆژنامەنووسان وتی: بڕیارەكەی دەربارەی مانەوەی ژمارەیەكی دیاریكراوی سەرباز لەسوریا، مانای ئەوە نییە گۆرانكاری لە قسەكانی مانگی دیسەمبەردا بكات.

ئەو بابەتە لەلایەن جەنراڵێكی ئەمەریكییەوە دووپاتكرایەوە و وتی : گۆرانكاری لە هەلمەتی سەرەكیدا نییە لەسوریا، بەڵام چەند هەمواركردنێكی تێدا كراوە بەهۆی هەرەشەكانەوە.

چی گۆڕا؟ 
لە پەیوەندی تەلەفۆنی یەكەمی نێوان ترامپ و ئەردۆغان لەبەرواری 14ی دیسەمبەر، هەردوو سەرۆك رێككەوتن لەسەر ئەوەی رێكخراوی داعش (شكستی هێناوە).

ئەردۆغان ئەوەشی بۆ قسەكانی زیاد كرد وتی: سوپای توركی بەهێزەو دەتوانێت بەسەر پاشماوەكانی داعشدا سەربكەوێت، بۆچی تاكو ئێستا 2000 هەزار سەرباز لەوێ ماون؟ لەئاماژەیەكدا بۆ ئەو ناوچەیەی دەكەوێتە رۆژهەڵاتی فورات لە سوریا.

ترامپ وەڵامی دایەوە: دەزانی چی؟ ئەوە (سوریا)یە بۆ تۆ، من بەجێی دەهێڵم، بەڵام ئەوەی ئێستا لەسەر زەوی روودەدات پێچەوانەی قسەكانی ئەردۆغانە، بەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە ئەمەریكا پاڵپشتی دەكات، بەتەنیا شەڕ دەكات دژی پاشماوەكانی داعش لەشارۆچكەی (باغوز).

لەبەرانبەردا، ئەردۆغان هیچ كارێكی نەكردووە بە ئاراستەی مەترسی داعش، كە تاكو ئێستا بەردەوامە، لەهەمان كاتدا خۆی‌و بەرپرسە توركییەكان بێزار نەبوون لەهەڕەشەكردن دژی یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد، پێكهێنەری سەرەكی هێزەكانی سوریای دیموكرات.

لەبەرانبەر ئەو هەرەشانەی ئێستا هەیە و باكگراوندی پاڵپشتی توركیا بۆ هەلكشانی داعش و وەسف كردنی بە (رێگای خێرای تیرۆر)، دوای ئەو ئاسانكارییانەی بۆی كرد بەهاتنە ناوەوەی چەكدارە بیانییەكان بۆ سوریا و عێراق، بۆ پەیوەندی كردن بەداعش و گروپە تیرۆریستەكانی ترەوە، سەركردەی هێزەكانی سوریای دیموكرات داوای مانەوەی هێزێكی نێودەوڵەتی كرد لەناوچەكە ژمارەیان لە نێوان 1000 بۆ 1500 سەرباز بێت بۆ ئەوەی هاوكارییان بكات لە شەڕی داعش.

لەهەمان كاتدا، توركیا نیازی خۆی پیشاندا بە دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام بە پاڵپشتی لوجستی هاوپەیمانەكانی لە ناتۆو ئەمەریكا و وتی : دەبێت ئەو ناوچەیە لەیەكینەكانی پاراستنی گەل پاك بكرێتەوە، چونكە بە رێكخراوێمی تیرۆریستی لە قەڵەمی دەدات.

لەو بارەیەوە، بەیاننامەی كۆشكی سپی دووپاتیكردەوە پەیوەندی تەلەفۆنی دووەمی نێوان ترامپ و ئەردۆغان باسی بەردەوامی هەماهەنگیان كردووە دەربارەی ئەگەری دروست كردنی ناوچەیەكی ئارام.

رازی بوونی ترەمپ بەدروستكردنی ناچەیەكی ئارام كوشتنی دوو چۆلەكەیە بەیەك بەرد لە یەك كاتدا، یەكەمیان وەڵامدانەوەی هاوپەیمانەكەیەتی (هێزەكانی سوریای دیموكرات) بەوەی پارێزگارییان لێدەكات لە هێرشەكانی توركیا، لە هەمان كاتدا بەسەر ئەو رەخنانەدا سەردەكەوێ كە پێیان وابو كشانەوەكە لە ناكاو بوەو دەبێتە مایەی گەڕانەوەی هێزی داعش لە ناوچەكە.

سەرچاوە: Sky News Arabia
وەرگێران: حلمی رەسول رەزا