شارپرێس: ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی
دوبەی کە بە ناوەندی گەشتیاریی ناوچەی کەنداو دادەنرێت، بەملیارەها دۆلاری خەرج کردووە بۆ ئەوەی وا لە گەشتیارانی بیانی بکات بینە ئەو شارە، ئەو شارەی بورجی "خەلیفە"ی لێیە کە بەرزترین هەوربڕە لە جیهاندا.
بەگوێرەی ئەو ئامارە فەرمیانەی بڵاوکراونەتەوە، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لەساڵێکدا سەردانی دوبەیان کردووە و لانیکەم شەوێکی تێدا ماونەتەوە گەیشتۆتە 15 ملیۆن 92 ههزار کەس، ئەو ژمارەیەش له %0.8 ی زیاترە لە ژمارەی گەشتیارانی ساڵی 2017.
هەربەپێی ئەو ئامارهكان، لە ساڵی 2018 دا زۆرترین ژمارەی گەشتیار لە وڵاتی هیندستانەوە هاتوون بۆ ئەو شارە و پلەی یەکەمی هەبووە کە گەیشتووهتە زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیار، دوای ئەویش سعوودیە بە 1.6 ملیۆن گەشتیار پلەی دووەمی هەبووە، ئەو ژمارەیەش بەهۆی ئەو هەموو هەڵمەتی ڕیکلامکردنەیە کە بۆ ئەو شارە دەکرێت.
دوای ئەویش بەریتانیش پلەی سێیەمی هەبووە، هەروەها چینیش بە 875 هەزار گەشتیار، پلەی چوارەمی هەبووە، ئەو ڕێژەیەش لەسەدا 12ی زیاترە لە ژمارەی ئەو گەشتیارە چینیانەی ساڵی 2017 سەردانی دوبەیان کردووە.
ژمارەی گەشتیارانی نایجیریاش لەساڵی 2018 گەیشتووهتە 185 هەزار گەشتیار و بەرێژەی لەسەدا 36 زیادیکردووە.
ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە ساڵی 2018 بەهۆی ئەوەی ژمارەی گەشتیارانی عوممان بۆ دوبەی کەمی کردووە، ئەمەش بووهتە هۆی ئەوەی چین شوێنی ئەو وڵاتە بگرێتەوە بێتە پلەی چوارەم بە بوونی زۆرترین ژمارەی گەشتیار لەو شارە.
ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو لەساڵانی رابردوودا بەئامانجی پشتیوانیکردنی کەرتی گەشتیاری، ڕێوشوینەکانی پێدانی ڤیزای بۆ هاتنی گەشتیارانی چینی ئاسانتر کردووە.