سەركردەكانی جیهان پاڵپشتی بۆ عێراق دووپات دەكەنەوە

عیراق

25/02/2019‌ 1263 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كارەكانی لوتكەی عەرەبی ئەوروپی لە شاری شرم شێخ لەكۆماری مسری عەرەبی دەستی پێكرد، ئەوەش بە ئامادەبوونی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق‌و بەشدارییەكی فراوان لەسەرۆكی وڵاتان و رێكخراوە جیهانی و دیبلۆماسییە عەرەبی و ئەوروپییەكان.

لەوتەیەكیدا عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر لە ژێر ناونیشانی (لەسەقامگیریماندا وەبەرهێنان دەكەن) وتی: زۆر پێویستە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە ناوچەیەكی ململانێەوە بگۆرێن بۆ سەركەوتن، ئەمەش هاوكارییەكی راستگۆیانەی دەوێ لە نێوان دوو ناوچەی زەرەر مەند كە دەتوانن زۆرترین سود لەو سەركەوتنە وەربگرن.

هاوكات لەپەراوێزی لوتكەكە سەرۆك كۆماری عێراقی، زنجیرەیەك دیداری لەگەڵ سەرۆكی وڵاتانی عەرەبی  ئەنجامدا و تێیدا ژمارەیەك دۆسیەی گرنگی هاوبەش تاوتوێكران.

بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكان بەرهەم ساڵح لەگەڵ سەرۆكی میسر باسیان لەپەیوەندییە دووقۆڵیەكانی نێوان هەردوو وڵات و رێگاكانی پەرەسەندنی كردەوە، لە نێویاندا بەشداری كردنی كۆمپانیا میسرییەكان لە دووبارە بونیادنانەوەی ناوچە رزگار كراوەكان لە ژێر دەستی داعشدا و وەبەرهێنان لە بوارەكانی ئابووری و نەوت و وزە.

لە دیدارێكی تریدا بەرهەم ساڵح لەگەڵ میری وڵاتی كوەیت "الشیخ صباح لاحمد الجابر الصباح" كۆبووەوەو باسی گرنگی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان و فراواكردنی لەسەرجەم بوارەكاندا كرا، ئەوەی بەرژەوەندی هەردوو گەلی تێدایە.

لەمیانی دیدارەكەدا، گفتوگۆكرا دەربارەی كۆتا پەرەسەندنەكانی سیاسی و ئەمنی، لای خۆیەوە میری كوەیت پالپشتی بۆ یەكپارچەیی عێراق و رووبەرووبوونەوەی ئالینگارەكانی ئێستای دەربڕی.

سەرۆك كۆماری عێراقیش لە دیدارێكی تری لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی چیك (ئەندریە بابیش) جەختی لەسەر پتەكردنی پەیوەندییەكان و هاوكاری نێوان چیك و عێراق كردەوە، سەرەرای ئەوەش نیازی عێراقی بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتوەكان دووپاتكردەوە.

لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی چیك رۆڵی بەرهەم ساڵحی لە بەهێزكردنەوەی جێگای عێراق لە رووی نێودەوڵەتیەوە بەرز نرخاند و ئامادەیی ولاتەكەی دەربڕی بۆ هاوكاری كردنی عێراق لەسەرجەم روەكانەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆك كۆماری چاوی كەوت بەسەرۆك وەزیرانی سوید (ستیفان لۆڤین) و لە میانی كۆبونەوەكەدا كە هەریەك لەوەزیرانی بازرگانی و دەرەوەو رۆشنبیری ئامادەی بوون، باس لەپەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی بەهێزكردن و پەرەسەندنی كردا، سەرەرای بەشداری كردنی كۆمپانیا سویدیەكان لە بنیادنانەوەی عێراق و وەبەرهێنان لە بوارەكانی ئابوری و كارەبا و نەوتدا.

بە هەمان شێوە، سەرۆك كۆمار لە میانی پێشوازی كردنی لەسەرۆك وەزیرانی فینلەندا (یوها سیبیلا)، ئاماژەی بۆ پێویستی وەبەرهێنانی كۆمپاینا فینلەندیەكان كرد لە پەرەپێدانی كەرتەكانی نەوت و وزەو پیشەسازی لە عێراق و بەشداری كرد لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانمەندەكانی دەستی تیرۆر.

لای خۆیەوە، سەرۆك وەزیرانی فینلەندە پالپشتی ولاتەكەی بۆ سەقامگیری و گەشەسەندن بۆ گەلی عێراق و كاركردن بۆ بەهێز كردنی پەیوەندیەكانی نێون هەردوو لا لەسەرجەم بوارەكاندا دووپاتكردەوە.

سەرچاوە: جریدە الصباح
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا