هەرێم بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی بۆ ئێران هەڵوەشاندەوە

کوردستان

25/02/2019‌ 1306 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەرێمی كوردستان بڕیاری ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی بۆ ئێران هەڵوەشاندەوە‌و لەمەودوا سەرەڕای سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران هەناردەی نەوت بۆ ئەو وڵاتە بەتانكەر بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی سامانەسروشییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی لە ١٤ی شوبات بڕیاری راگرتنی ناردنی نەوتی بۆ وڵاتی ئێران دەركردبوو، رۆژی یەكشەممە ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندووەتەوە.

ساماڵ عەبدولرەحمان ، بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان بەئاژانسی "فارس"ی ئێرانی رایگەیاندووە، وەزارەتی سمانە سرووشتییەكان رۆژی ٢٠ ی شوبات روونكردنەوەیەكی بۆ وەزارەتی دارایی ناردووەو تێیدا ئەوەی ڕوونكردووەتەوە، كە بڕیاری رۆژی ١٤ ی شوبات بۆ ڕێگرتن لەناردنی نەوت بۆ وڵاتی ئێران ، ئەو بەرهەمە نەوتییانە ناگرێتەوە، كە لەو پاڵێوگانە بەرهەم دەهێنرێن و لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە مۆڵەتی فەرمییان هەیە".

پێشتر ئەوە راگەیەنرا، بەهۆی گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران حكومەتی هەرێم هەناردەی نەوتی راگرتووە، كە ئەو هەواڵەش لەلایەن لایە فەرمییەكانی هەولێر پشتراستكرایەوە.

هـ ـ ح