بڕیارەكەی دۆناڵد ترامپ كارتی بكەرە بیانییەكانی سوریای تێكەڵ كردووە

کوردستان

25/02/2019‌ 1720 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بڕیارەكەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا، كە ژمارەیان (نزیكەی 2000 سەربازە)، بەو پاساوە ئەركی خۆیان جێبەجێكردووە، كە لەناوبردنی داعشە، بووە هۆی تێكەڵ‌و پێكەڵكردنی كارتەكانی سەرجەم بكەرە دەرەكییەكان لەتەنگژەی سوریادا، ئەمەش بۆ ڕوسیا و توركیا و ئێران، كتومت ڕاست دەردەچێت. 

ڕاگەیاندنی بڕیارەكە، توركیای ناچاركرد، بڕیاری بڵاوەپێكردنی سوپاكەی لەباكووری سوریا دوابخات بە مەبەستی پێكهێنانی زۆنێكی ئارام، چونكە ئەنقەرە هێزەكانی سوریای دیموكرات بەهەڕەشە دەزانێت بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی. 

لەبەرانبەردا ڕوسیا بە گومانەوە لەو بڕیارەی ڕووانی و لە بەرانبەر لێكەوتەكانی ترسی لێنیشت، بە تایبەتیش بە هۆی دانانی ئەو گریمانەی، كە ئەو بڕیارە تەنیا هەنگاو‌ێكە بۆ پەلكێشكردنی بۆ تێوەگلانی زیاتر لەتەنگژەی سوریا، بۆیە ناچار بوو لە دوو بواردا نەرمی بۆ توركیا بنوێنێت. 

یەكەمیان هێشتنەوەی ناوچەی ئیدلب و لادێنشینەكەی وەك ناوچەیەكی كەمكردنەوەی بارگرژییەكان، واتە ڕازیبوون بەوەی توركیا سەرپەرتشی ئەو ناوچەیە بكات، دووەم نەرمنواندنی بۆ ئەنقەرە سەبارەت بە زۆنە ئارامەكە، بەڵام بە گویرەی ڕێككەوتننامەی ئەدەنەی ساڵی 1998، كە شەرعییەت بە هاتنەناوەوەی هێزەكانی توركیا دەدات بۆ ناو خاكی سوریا بە قووڵایی 5-10 كیلۆمەتر، نەەك وەك پلانەكەی ئەمریكا، كە پێشنیاری قوڵایی 20-30  كیلۆمەتری كردووە بۆ ناو خاكی سوریا.

لەو هەڵوێستانەشەوە‌‌ بە ڕوونی دەردەكەوێت، كە دۆڕاوە گەورەكە ئێرانە، چونكە قۆناغی دوای شەڕی تیرۆر ، چ داعش یان بەری نوسرە نوێنەرایەتی بكات، واتای حەتمیەتی بەرتەسككردنەوەی هەژموونی ئێرانە، بە تایبەتیش لە دوای پاشەكشەكردنی ململانێ سەربازییەكان لە سوریاد و چوون بەرە و كاراكردنی چارەسەری سیاسی، چ لە ڕیگەی لیژنەیەكی دەستوری یان بە گەڕانەوە بۆسەر ڕێڕەووی جنێف لەگەڵ هاتنی نوێنەرێكی نێودەوڵەتی تازەدا، ئەم بەرتەسكبوونەوەی هەژموونی تاران هاوكات بوو لەگەڵ هەڵمەتێكی نێودەوڵەتی ئەمریكی ئیسڕائیلی بۆ بەئامانجگرتنی بەرتەسككردنەوەی هەژموونی ئێران لە عێراقەوە تا سوریا، وە سەپاندنی سزاكان بەسەریدا، بەو پێیەی بە تاران یەكێكە لە گرنگترین سەرچاوەكانی نائارامی و ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لەهەموو ئەوەی باسكرا، ئەوە هەڵدێنجین كە ململانێی سوریا لە دەروازەی قۆناغیكی تازەدایە سەبارەت بەو بكەرانەی گەمه لە گۆڕەپانەكەدا دەكەن و ئەو ڕووبینی و گرێكوێرانەش كە تەنگژەكەی ڕەنگڕێژ كردووە، چونكە قۆناغی دوای جەنگی دژ بە تیرۆر  وەك قۆناغی پێش تیرۆر نییە ، قۆناغی ململانێی سەرازیش لە هی پێشوو ناچێت، قۆناغی سەپاندنی  زۆنی ئارامیش لە باكوری یان باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ دیاریكردنی رۆڵی توریكا وەك ئەوەی پێشوو نییە. بۆیە واپێدەچێت قۆناغی ئایندە ئەم ڕوخسارانەی خوارەوە بەخۆییەوە دەبینێت: 

یەكەم، سەقامگیربوونی دابەشبوونی نەخشەی هێزە سەربازییەكان لە جوگرافیای سوریادا، بە زۆی وایە كە توركیا لە باكوری ڕۆژئاوا، واتە ئیدلب و لادێنشینەكەی دەمێنێتەوە، ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات دەمێنێتەوە بە هێشتنەوەی 200 سەرباز لە هێزەكانی هەروەك لە دوا بڕیاریدا هاتووە، لە بنكەی تەنەف – یش دەمێنێتەوە، دەستەبەری ئاسایشی توركیاش دەكات، لەولاشەوە هێزەكانی سوریای دیموكرات دەپارێزێت، لەولاشەوە ڕژێمی سو‌ریا بە هێزی دوو هاوپەیمانەكانی (ڕوسیا و ئێران) بەسەر ناوەڕاست و ڕۆژئاوای سوریادا زاڵ دەبێت ، هەرچی ناوچەی باشووریشە، بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لە بن دەستی ئیسڕائیل دایە. 

دووەم، ئەو شوێنگرتنەی هێزە كاراكان لە ململانێی سوریادا ئەوە نیشان دەدات كە ڕێساكانی ململانێكە گۆڕانی بەسەردا دێت، لە داكەوتێكی (واقع) لەم جۆرەدا، تاكە خاڵی كێشكردنی ململانێی سەربازی، ناوچەی ئیدلب و لادێنشینەكەیی و شارە (حەما) یە، بە تایبەتیش ئەگەر توركیا سەركەوتوو نەبێت لە باوەڕپێهێنانی ڕوسیا بە پڕۆژەكەی خۆی كە پەیوەستە بە ئیدارەدانی ناوچەی ئیدلب و لادێنشینەكەی بەو هێزانەی تیایدا جێگیرن، بە تایبەتیش بەرەی نوسڕە.

سێیەم، ئەم دۆخە واتای كزبوونی ڕۆڵی ئێرانە لە بەرژەوەندی ڕوسیا، زانراویشە كە توندبوونی پێكدادانە سەربازییەكان، پەردەپۆشی هاتنەناوەوەی میلیشیاكان بوو بۆ زۆرێك لە ووڵاتان، كەمبوونەوەی پێكدادانە سەربازییەكانیش، دەستتێوەردانی میلیشیاكان كەمدەكاتەوە، بە تایبەتیش كە ڕوسیا سەلماندی لە ئێران زیاتر پارێزەری ڕژێمەكەی سوریا بووە  و ئێستاش هەر خۆی سەرەداوەكانی ململانێی سوریا دەجوڵێنێت نەوەك ئێران. 

چوارەم، هەتا ئەگەر ئەمریكا تەنها 200 سەرازیش بهێڵێتەوە لە سوریا، بەڵأم هێشتا واشنتۆن پارێزگاری لە ڕۆڵی بڕیاردەری خۆی كردووە لە ئیدارەدانی ململانێكە، ئەمەش واتای ئەوەیە ڕوسیا دەتوانی مانۆڕی ماسولكە سەربازییەكانی لە سوریا نمایش بكات و بوونی خۆی بسەپێنێت، بەڵام ناتوانێت ئەو خۆسەپاندنە بگۆڕێت بۆ‌ وەبەرهێنانێكی سیاسی لە سوریادا، ئەمەش واتای ئەوەیە كە لە پرسی دۆسییەی گێڕانەوەی سەقامگیری سیاسی، گەڕانەوەی ئاوارەكان و دووبارە بنیاتنانەوەی سوریا دەستەوەستان دەبێت‌. 

وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر
سەرچاوە: پێگەی ئەلیكترۆنی عەرەب