ژنە سەركردەیەكی كورد داوا لەبەریتانیا دەكات كورد پشتگوێ نەخات

کوردستان

26/02/2019‌ 1255 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ژنە سەركردەیەكی دیاری كورد لە وتارێكیدا لەرۆژنامەی "دیلی گراف"ی بەریتانی دەڵێت: ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا رووبەرووی مەترسی دەبێتەوە ئەگەر گەلەكەمان لەژێر دەست و رەحمەتی ئەردۆغاندا جێبهێڵێت.

ئیلهام ئەحمەد، كە سەرۆكی دەستەی جێبەجێكاری ئەنجومەنی سوریای دیموكراتە لەوتارەكەیدا دەشڵێت: لەم ماوەیەی دواییدا سەردانی پایتەختەكانی ئەوروپام كرد، تێبینی ئەوەم كرد سەركەوتنی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەسەر داعشدا بە گوێرەی پێویست رێزی لێناگیرێت.

ئەو ئاماژەی بەوەش كردووە، هەڵمەتی سەربازی دژی داعش بەلای ئەمەریكا و ئەوروپاوە تێچووەكەی كەمبووە، بەڵام بەلای سورییەكان و كوردو مەسیحیەیكانەوە نرخەكەی ئێجگار زۆرە، "ژمارەیەكی زۆر لە جەنگاوەرانی سوریای دیموكرات دژی داعش گیانی خۆیان بەخشی".. و داوای كرد هاوپەیمانەكانیان پاڵپشتی زیاتریان بكەن بۆ رێگرتن لە شانە نووستوەكانی رێكخراوەكە، كە لەسەرجەم سوریادا بڵاوبوونەتەوە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ هێرش نەكەنەوە سەر خەڵكی مەدەنی.

ناوبراو ئەوەش دەڵێت: ئێمە رووبەرووی مەترسییەكی گەورەتر لە داعش دەبینەوە، ئەویش توركیایە و ئەندامە لە ناتۆ و ئەو چەكانەی هەیەتی زۆربەیان ئەوروپین، لە هەمان كاتدا توركیا دەیەوێت روسیا و ئەمەریكا چرای سەوزی بۆ هەڵبكەن تاكو هێرشەكەی ئەنجام بدات بۆ سەر ئەو دامەزراوە دیموكراتیانەی لەدوای شكستی داعش بنیاتمان ناوە.

ئیلهام ئەحمەد داوای لە بەریتانیا كردووە هەوڵی ئەوە بدات نەتەوە یەكگرتووەكان كورد بخاتە لیستی كاری گفتوگۆكانی جنێفی تایبەت بە ئایندەی سوریا و ئەوەشی روونكردووەتەوە، بەم كارە بەریتانیا دەستی یارمەتی بۆ گەلێك لەگەلەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست درێژ دەكات، كە نموونەیان كەمە، بەوەی هاوبەشە لەگەڵ رۆژئاوا لە بەها ئەخلاقی و سیاسییەكان.

لەبەردەوامی نووسینەكەیدا ئیلهام دەڵێت: شێوەی ژیانمان دیموكراتی‌و یەكسانی بەرزدەكاتەوە لە نێوان هەردوو رەگەزدا، ژنەكان لەكۆمەڵگی ئێمەدا بەشداربوون لە شەڕی دژی داعش‌و بەشداریەكی فراوانیان هەیە لە دامەزراوە سیاسی و میرییەكاندا.

سەرچاوە: Pont post
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا