عـێـراق بـاری سـەر شـانـی فـەرەنـسـا سـووك دەكـات

عیراق

26/02/2019‌ 1760 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق جەختی لەوە كردەوە، وڵاتەكەی لە هەوڵی وەرگرتنەوە و دادگاییكردنی ئەو چەكدارانەی داعشە لە تاوانەكانی دژ بە عێراق و دامەزراوە سەربازەكانییەوە گلاون.


ئەمەش لەكاتێكدایە، كە پرسی گێڕانەوەی ئەو فەڕەنسییانەی لەناو ڕێزەكانی داعش جەنگاون لەعێراق و سوریا، لە گفتوگۆ و تاوتوێكردندایە، ئەو پرسە ئاڵێنگاری زۆر بۆ پاریس دێنێتە پێشەوە، بەتایبەتی پاریس پابەندی چەند یاسا و ڕێسا و بەهای یاسایی تۆكمەیە، كە ڕێگری لێدەكەن بتوانێت چارەسەرێكی سەركەتووی دۆسییەی ئەو چەكدارانە بكات لەڕووی ئەمنی و كۆمەڵایەتییەوە، بۆیە حكومەتەكەی ماكرۆن زۆر مەبەستییەتی و گرنگی زۆریش بەوە دات خۆی لەو دۆسییە دەرباز كات و بارگرانییەكەش بخاتە سەر شانی عێراق.

ئیمانوێ ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا ڕۆژی 2 شەممە ئەوەی ڕاگەیاند، نیازی هەیە لەچەند مانگی ئایندە سەردانی عێراق بكات، مكوڕبوونی بەشداریكردنی وڵاتەكەشی دووپات كردەوە لە هەوڵ و كۆششەكانی دووبارە بنیاتنانەوەی ناوچە وێرانكراوەكانی عێراق بە هۆی جەنگی داعشەوە.

ماكرۆن لە میانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا هاوبەشدا لە پاریس لەگەل بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراق ڕاشیگەیاند، وڵاتەكەی دادگای ئەو چەكدارە تیرۆرستە بەرەگەز فەرەنسییانە دەكات، كە لە ڕێزەكانی داعش لە سوریا جەنگاون و ئێستاش ڕادەستی عێراق كراونەوە.

چاودێرانی بارودۆخی فەڕەنسا ئەو قسانەی ماكڕۆن ‌ وا لێكدەدەنەوە،  "ئامانجی پاریس خۆدەربازكردنە لەو كەسە فەڕەنسییانەی لەو چەند ساڵەی دوایدا لەڕێزەكانیدا داعشدا جەنگاون و لە تیرۆرەوە گلاون لە عێراق و سوریا، چونكە ڕیگەی گەڕانەوەیان بۆ پاریس بە چەند بەربەستێكی ئەمنی و یاسای سەخت و دژوار بووە، بۆیە لەوانەیە گەڕانەوەی ئەو چەكدارانە بۆ ماكڕۆن و حزبەكەی ببێتە كێشەیەكی دژوار كە چارەسەركردنی ئاسان نییە".

زۆر لە سەرچاوە عێراقییەكانیش باس لەوە دەكەن نیشانەی سەوداو مامەڵەیەك لە ئاسۆدا دەركەوتووە لە نێوان ووڵاتە ڕۆژئاواییەكان و بەغدادا،لەسەرووی هەمووشیانەوە پاریس،  بۆ دەربازكردنیان لە بارگرانی ئەو هاووڵاتییانەیان كە لە ڕیزەكانی داعشەوە گلاون.

 ڕاگەیاندنی جەختكردنەوەی پاریس لە بەشداریكردن لە دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق، دەكرێت ببێتە هۆكارێكی یارمەتیدەر بۆ دەربازبونی فەڕەنسا لەو پرسەی كە ئەو سەرچاوانە باسی لێوە دەكەن.

یاسا و رێسا و بەها فەڕەنسییەكان بەجۆریكن كە زۆر ئاستەنگ و بەربەستی تۆكمە لەبەردەم كردەی دادگاییكردنەكەدا دادەنێن، بە تایبەتیش ئەو چنە هاووڵاتییە فەڕەنسییانەی لە سوریا و عێراق مندالیان بووە و خاوەن بەڵگەنامەی فەرمی لەدایك بوونی منداڵەكانیشیان نین.

هەندێك لە فەڕەنسییەكان ترسی ئەوەشیان هەیە كە گەرانەوەی ئەو توندڕەوانە چ بۆ ناو كۆمەڵگای فەڕەنسی یان بۆ ناو بەندیخانەكانی ئەو ووڵاتە، ببێتە هۆكارێك بۆ بڵاوبوونەوەی هزر و بیری توندڕەووی لە كۆمەڵگای فەڕەنسیدا.

ڕۆژی 2 شەممە بەرهەم ساڵح لە دوای گفتوگۆكانی لەگەڵ ماكڕۆن ئەوەی ڕوون كردەوە كە بە گوێرەی یاسا عێراقی بەغدا دادگایی ئەو چەكدارە توندڕەوانە دەكات كە هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕادەستی عیراقی كردوونەوە.

سەرۆك كۆماری عێراق ئەوەشی وت: بەغدا دادگایی ئەو كەسانە دەكان كە لە كاری توندوتیژی دژ بە عێراق و دامەزراوە و سەربازەكانییەوە گلاون.

سەرچاوەیەكی عێراقی بۆ ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس گووتویەتی كە بەغدا 14 چەكداری توندڕەووی بە ڕەگەز فەڕەنسی لە لایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە ڕادەست كراونەوە.

هەر لەوبارەشەوە ڕۆژنامەی لۆفیگارۆی فەڕەنسی لە چەند سەرچاوەیەكی سەربازی عێراقییەوە ئەوەی ئاشكرا كردووە كە "عێراق 20 چەكداری توندڕەووی داعشی ڕادەست كراونەوە كە 14 كەسیان هەڵگری ڕەگەزنامەی فەڕەنسین".

سەرچاوەكە لە زاری ئەفسەرێكی سوپای عیراقییەوە كە سەرپەرشتی ئەو بەندكراوە توندرەوانە دەكات لەسەر سنوری سوریا ئەوەشی گوتووە كە "20 چەكداری توندڕەوی بیانی ڕادەستی هێزەكانی عێراق كراون لەگەڵ كۆمەڵێك لە جیهادییەكانی بە ڕەگەز عێراقی". 

هەر بە گوێرەی ڕۆژنامەكە گواستنەوەی ئەو چەكدارە توندڕەوانە لە دوای فشارەكانی دۆناڵد تڕەمپی سەرۆكی ئەمركیا و هێزە كوردییەكانەوە هات بۆسەر ووڵاتانی ئەوروپی كە ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان وەرگرنەوە كە لە ریزەكانی داعشەوە گلاون لە سوریا و عێراق.

هەمیشە پاریس جەختی لەسەر دادگاییكردنی هاووڵاتییەكانی خۆی كردۆتەوە لەناخۆی فەڕەنسا، بەلام بەرهەڵستكارانی ماكڕۆن و حزبەكەی دەڵین ئەوجارەیان فەڕەنسا چارەنووسی ئەو چەكدارە تیرۆرستە بە رەگەز فەڕەنسییانە ڕادەستی بەغدا دەكات كە بەرەوڕووی سزای لە سێدارەدان دەبنەوە، ئەو سزایەی لە فەڕەنسا یاساغ و قەدەغەكراوە.

ئەوەشی وت كە "ئەو چەكدارانە بۆیان هەیە سوود لە خزمەتگوزارییە یاساییەكانی كونسوڵخانەی وولاتەكەیان وەرگرن لە بەغدا".

ماكرۆن باسی ئەوەشی كرد كە لە چەند مانگی ئایندە سەردانی عێراق دەكات و وولاتەكەشی بە ری 1.1 ملیار دۆلار بەشداری لە دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق دەكات.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی عەرەب
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر