عێراق دەیەوێت هاوبەشی راستەقینەی لەگەڵ فەرەنساو یەكێتی ئەوروپا هەبێت

عیراق

27/02/2019‌ 1062 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراق،‌ كە ئێوارەی رۆژی دوو شەممە لەقاهیرەی پایتەختی میسرەوە گەیشتە پاریس، ئارەزوومەندی خۆی دەربڕی بەبنیاتنانی هاوبەشی ڕاستەقینە لەگەڵ فەڕەنسا و یەكێتی ئەوروپا، لە پێناو كۆتایهێننان بەو دۆخی‌ ناهەموارەی تیرۆر.

ئەو ئاماژەی بەوەشدا، كە عێراق كۆششەكانی خۆی لەسەر پەرەپێدانی مرۆیی چڕكردووەتەوە و چاوەڕێی ئەوەش لە هاوپەیمانان دەكەن لەو ئەركەدا هاریكاریان بن، داوای ئەوەشیكرد شاری بابلی دێرین بخرێتە لیستی شوێنەواری جیهانییەوە.

لەبەرانبەردا ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا جەختی لەوە كردەوە، كە وڵاتەكەی كار بۆ پاراستنی دەوڵەتی عێراق دەكات، پێشیوابوو سەركەوتنی حكومەتی عێراق لەوەدایە هەموو كێشەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان چارەسەر بكرین.

هاوبەشی ستراتیژی 
بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتی كە دەست ڕۆژنامەی سەباح كەوتووە، دەڵێت كە بەرهەم صاڵح لە كۆشكی ئیلیزێ لەگەڵ ماكڕۆنی هاوتا فەڕەنسییەكەیدا باسیان لە ڕێباز و میكانیزمەكانی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو ووڵات كردووە، دواین پێشهات و پەرەسەندنەكانی سەر گۆڕەپانی عەرەبی و نێودەوڵەتیشیان تاوتوێكردووە.

بەرهەم ساڵح ئەوەشی دووپات كردووە كە "ووڵاتەكەی فەڕەنسا بە هاوبەشێكی ستراتیژی و هاوڕێیەكی دانسقە‌ دەزانی لەوەی ڕۆڵێكی زیندووی هەیە لە پێشكەشكردنی پشتیوانی و تێكشكاندنی تیرۆر و جێگیركردنی سەقامگیری و ئارامی لە ووڵاتدا، ئاماژەی بەوەشدا كە هەردوو ووڵات لەسەر هەموو ئاستەكان ، پەیوەندییەكی مێژوویی پەرەسەندوویان هەیه".

سەرۆك كۆماری عێراق هیواشی خواست فەڕەنسا لە بنیاتنانەوەی عێراقدا پشكدارییەكی ڕوون و بەرچاوی هەبێت، بە تایبەتیش لە ناوچە ئازادكراوەكانی ژێردەستی داعش، وە وەبەرهێنان بكات لە بوارەكانی كەرتی پیشەسازی و ووزە و نەوت و بنیاتنانی توانستە سەربازییەكانی هێزە ئەمنیەكانی عێراق، پێزانینی خۆشی دەربڕی بۆ ئەو ڕۆڵە گەورەی پاریس لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر گێراویەتی  كە بە هەموو توانایەكەوە بەرەنگاری چەتەكانی داعش بۆتەوە)).

لای خۆشییەوە سەرۆك ماكڕۆن پەرۆشی ووڵاتەكەی بۆ سەقامگیری و پەرە‌سەندن و یارمەتیدانی عێراق دەربڕی لەسەرجەم بوارەكاندا، ئامادەی ووڵاتەكەشی نیشاندا بەخستنەگەڕی ئەزموون و شارەزاییەكانی لە پەرەپێدانی كەرتەكانی پیشەسازی و نەوت و ووزە لە عێراقدا.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیشدا لەگەڵ هاوتا فەڕەنسییەكەی، بەرهەم ساڵح جەختی لەوە كردەوە كە "بۆ ئەوەی سەركەوتنەكەی عێراق تێروتەواو بێت، پێویستیمان بە بەردەوامیدانە بە پەرەپێدانی بواری ئابووری و ڕۆڵی هەرێمایەتیمان، ئاماژەی بەوەشدا كە پێویستە هاریكاریمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە پێناو ووشككردنی سەرچاوەكانی تیرۆر و لەناوبردنی ئەو دیاردە ڕیزپەڕە‌".

سەرۆك كۆماری عێراق ئەوەشی دووپات كردەووە كە "عێراق سەرنجی خۆی لەسەر پەرەپێدانی مرۆیی چڕكردۆتەوه،‌ كە ئەمەش كارێكی ئاسان نییە، بۆیە چاوەڕێی ئەوە لە هاوپەیمانان دەكەین لەو بوارەدا هاریكارمان بن، داواشیكرد لەم قۆناغەدا گرنگی بە ئاوەدانكردنەوەی عێراق بدرێت".

بەرهەم ساڵح وتیشی "فەڕەنسا هەمیشە هاوبەشێكی ئابووری كارای عێراق بووە، هیوامانە ئەو پەیوەندییە زیاتر پەرە بستێنێت، ئاماژەی بەوەشدا كە عێراق بەركەوتی (ئستحقاق) سیاسی و ئابووری و  چاكسازی گەورەی لەپێشن، بە تایبەتیش كە عێراقییەكان شێلگیرن لەسەر بەنگەوەهاتنی ئەو بەركەوتانە ، تاوەكو عێراق بگەڕێتەوە پێگە و شوێنە شیاوەكەی خۆی لەوەی ئایندەیكی پرشنگداری هەبێت".
 
بەرهەم ساڵح پێشی لەسەر ئەوە داگرت كە "نایانەوێت عێراق ببێتە گۆڕەپانێك بۆ زۆرانبازی، بەڵكو گەرەكییانە ببێتە گۆڕەپانێك بۆ سازانی نێوان دەوڵەتان، نیازمەندی خۆشی نیشاندا بۆ گەیشتن بە هاوبەشبەندییەكی ڕاستەقینە لەگەڵ فەڕەنسا و یەكیەتی ئەوروپادا، لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغه سەختەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە سەركەووتویی".

ماكڕۆنیش لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا گووتی : "فەڕەنسا كار بۆ پاراستنی دەوڵەتی عێراق دەكات، سەركەوتنی حكومەت عێراقیش بەوە دەكرێت هەموو گرفتەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان چارەسەر بكرێن، زۆر پڕۆژەمان هەن بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پاڕێزگا زیان لێكەوتووەكانی جەنگی داعش، ئامانجمان بنیاتنانی كۆسیستەمێكی هاوبەشی هاریكاری ئابوورییە لە نێوان هەردوو ووڵاتدا".

پاڵپشتی یونسكۆ
سەرۆك كۆماری عێراق پێش دیداری ماكڕۆن چاوی بە ئۆدی ئۆزۆلای بەڕێوەبەری ڕێكخراوی یونسكۆ كەوتبوو، داوای پاڵپشتی ڕێكخراوەكەی بۆ عێراق لێكردبوو لەوەی هاریكاریان بن لە‌ گێرانەوەی كەلوپەلە شوێنەوارەییە دزراوەكان، پشتیوانی ڕێكخراوەكەشی بەرز نرخاند لەوەی ناوچەی زۆنگاوەنی عێراقیان خستۆتە لیستی كەلەپوری جیهانییەوە ، پێشدەستی دووبارە بنیاتنانەوەی شاری موسڵ – یان ڕاگەیاندووە، داواشی لێكردن بەشداربن لە دۆزینەوەی شوێنەوارە نەدۆزراوەكانی دیكەی عێراق، شاری بابلیش بخرێتە لیستی كەلەپوری جیهانییەوە، تازەكردنەوەی پرۆگرامەكانی خوێندن بە گوێرەی میتۆدە تازەكان و پشتبەستن بە پرۆگرامسازی ژمارەیی، لای خۆشیەوە بەرێوەبەری ڕێكخراوی یونسكۆ پشتیوانی و هاریكاری ڕێكخراوەكەی بۆ ئەو داواكارییانەی سەرۆك كۆماری عێراق دەربڕی، جگە لەم پرسانەش چەندەها پرسی دیكەی لە نێوان ڕێكخراوی یونسكۆ و سەرۆك كۆماری عێراقدا تاوتوێكران وەك نەهێشتنی نەخوێندەواری، توێژینەوەی زانستی، دەرامەتە ئاویی و ژینگەییەكان، زیادكردنی هەلی كار، پڕۆسەی زیرەكی دەستكرد.

لای خۆشییەوە وەزیری ڕۆشنبیری و  گەشتوگوزار و شوێنەوار كە یاوەری بەرهەم ساڵحی دەكرد، ڕایگەیاند كە بەم زووانە یونسكۆ بارەگای خۆی لە بەغدا دەكاتەوە. وەزیری ناوبراو لەگەڵ بەرێوەبەری یونسكۆدا چەندەها پرسی دیكەی بواری ڕۆشنبیری و شوێنەوار و پەروەردەیان تاوتوێكرد.

بەرهەم ساڵح سەردانەكەی بۆ میسر بە سەركەوتوویی كۆتایی پێهێنا بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی لوتكەی عەرەبی – ئەوروپی كە لە شەرم شێخ بەسترا، ئامادەبوونی عێراق جێگەی گرنگیپێدانی سەرۆك و شاندە بیانی و هاوڕی و دۆستەكان بوو، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە عێراق سەركەوتوو بووە لە دووبارە گرێدانەوەی ڕایەڵەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی و هەرێمیدا. سەرۆك بەرهەم ساڵح بە هۆی چاوپێكەوتن و ڕاگۆڕینەوەی لە دیدارە دووقۆڵی و چەندقۆڵییەكاندا، پشكدارییەكی گرنگ و كارای هەبوو لە سەرخستنی ئامانجەكانی كۆنگرەكە، بە تایبەتیش لە بواری پەرەپێدانی هاوبەبەندی عەرەبی – ئەوروپی و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵێنگارییە هاوبەشەكان.

لە كۆنگرەی شەرم شێخ كە 50 دەوڵەت تیایدا بەشداربوون، سەرۆك كۆماری عێراق و شاندی یاوەری پێشوازییەكی گەرمییان لێكرا و زنجیرەیەك كۆبوونەوەشیان لەگەڵ شاندە جۆراوجۆرەكاندا ئەنجامدا، سەرۆكی میسر عەبدولفەتاح سیسی، شا سەلمانی پاشای سعودیە، شێخ سەباح احمد جابری میری كوێت ، لە دیدارەكانیاندا لەگەل سەرۆك كۆماری عێراق، جەختیان لەسەر‌ پەرەپێدانی توندوتۆڵی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەغدا كردەووە، دەستخۆشیشیان لە سیاسەتە تازەكەی عێراق كرد لە برەودان و كرانەوە بەڕووی پەیوەندییە عەرەبی و هەرێمایەتییەكاندا، هیواخوازی فراوانكردنی پەیوەندییە دۆستایەتییەكانیش بوون لەگەڵ بەغدادا.

بەرهەم ساڵح چاوی بە بە هەر یەك لە سەرۆكی سۆماڵ - یش كەوت، هەر دوو سەرۆك پەیوەندییە دووقۆڵیییەكانی نێوان هەردوو ووڵات و چۆنیەتی برەودان و فراوانكردنی تاوتوێكرد.

دواتر سەرۆك كۆماری عێراق چاوی بە ئەندریا بابیشی سەرۆكی ووڵاتی چیك وكەوت و پەیوەندییە نێوانی هەردوو وولاتییان تاوتوێكرد بەشێوەیەك كە پەیوەندی دۆستایەتی نێوان هەردوو گەلی عێراق و چیك پەرەپێ بدات.

هەر‌ لە میانەی لوتكەی ناوبراودا، بەرهەم صاڵح چاوی بە ستیڤان لۆڤینی سەرۆك وەزیرانی سوید كەوت و پرسی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوو ووڵات تەوەری دیدارەكە بوو، بەشدرای كۆمپانیا سودییەكان لە وەبەرهێنان و دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عێراق و هاریكرای لە بوراەكانی ئابووری و كراەبا و نەوتدا تەوەری دیكی گفتوگۆكان بوون.

لە درێژەی دیدار و كۆبوونەوەكانیدا، بەرهەم ساڵح  لەگەل هەر یەك لە سەرۆكی نەمسا و سەرۆك وەزیری فنلەندا كەوت و پرسی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان لە تەوەرە سەرەكییەكانی ئەو دوو دیدارە بوون.

دواتر سەرۆك كۆمرا لە میانەی ووتەیەكیدا لە كۆنگرەكە تیشكی خستەسەر خاڵە هاوبەشەكانی هاوبەشبەندی عەرەبی ئەوروپی و پەیوەندی مێژوویی نێوانیان، پێویستی و گرنگی هاریكاری ئابووری و تەواوكرای رۆشنبیری و كاری هاوبەش لە پێناو بەرژەوەندی هاوبەش و ئایندەی گەشی گەلەكانیان.
سەرۆك كۆمار لە ووتەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەش‌ كرد كه مەترسی ‌تیرۆرستانی داعش هێشتا بوونی هەیە، پێوویستی بە هاریكرای هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ لەناوبردنی ئەو دیاردە مەرتسیدارە، سەركەوتنی عێراقیش لە جەنگی دژ بە تیرۆرستان دەگەرێتەوە بۆ  گیانبازی ڕۆلەكانی عێراق و پشتیوانی و پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

سەرۆك كۆماری عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە عێراق بە پێگە ستراتیژی و زۆروزەوەندی دەرامەتەكانی، لە كۆششی ئەوەدایە ڕۆڵێكی ئەرێنی بگێڕێت و گۆڕەپانێكیش بێت بۆ سازانی بەرژەوەندی دەوڵەتان و گەلانی ناوچەكە و جێگیركردنی ئاشتی سەقامگیری، نەوەك شوێنێك بێت بۆ یەكلاییكردنەوەی كیشەو ململانێی دەوڵەتان. 

بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەشدا كە عێراق دەتوانێت هێزێكی كارا و كاریگەری ناوچەكە بێت و ڕۆڵیشی هەبیت لە كەمكردنەوەی بارگرژییەكان. ئەوەشی گوت كە پرسی پەرەپێدان و پاراستنی سەروەری ووڵات و سەقامگیرییەكەی و بەدوورخستنەوەی لە سیاسەتەكانی تەور‌بەندی ، كاری نیشتمانی و لە پێشینەی ئێمەیە، بەو پێیەی ئەجیندای كاری بەغدا لە ناوچەكە بنیاتنانی كۆسیستەمێكی تازەی سەقامگیر  و پشكدارییەكی كرایە لە بواری ئاسایشی هاوبەش و تەواوكاری ئابووریدا لە ڕیگەی بەستنەوەی ژێرخانی ئابووری بە پرسی داماڵینی هۆكارەكانی بارگرژی و كێشە و ململانێكان. 

بەرهەم ساڵح دووبارە جەختی لەسەر هاریكارییەكی سەراپاگیری سوودبەخش كردەوە لەسەر بنەمای سوود و كەڵكی هاوبەشی پەرەپێدان و سەقامگیری ئەمنی لە نێوان دەوڵەتەكانی سەر لێواری كەنداوی عرەەبی و دەریای ناوەڕاست، ئوەشی ڕوون كردەوە كە ئەگرە ئاسایش و سەقامگیری لەو دوو ناوچەیەدا دەستەبەر بیت ، ئەوا ئاسایش و سەقامگیری جیهانیش سەقامگیر دەبێت 

 

وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر

بەپەلە