شكستی ئەنقەرە.. توركیا گەورەترین دۆڕاوی‌ تەنگژەكانی سوریا-یە

کوردستان

28/02/2019‌ 4267 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕاپۆرتیكی ئەمریكی باس لەوە دەكات، كە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا داوكاری دروستكردنی زۆنێكی ئارام لەسوریا، كە تەنیا لەژێر كۆنتڕۆڵی سوپای توریكا بێت دووبارە و سێبارە دەكاتەوە.

راپۆرتەكە باش لەوەش دەكات، ئەو داواكارییەی توركیاش ڕووبەڕووی ڕەتكردنەوەیەكی هەرێمی هەڵكشاو دەبێتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی واشنتۆن بڕیاریدا 400 لەسەربازەكانی لەباكووری سوریا بێڵێتەوە، كە شڕۆڤەكاران لەو بارەوە جەخت دەكەنەوە، توركیا گەورەترین دۆڕاوی تەنگژەی سوریایە.

ڕاپۆرتەكە، كە دوریان جۆنز بۆ دەنگی ئەمریكای ئامادەیكردووە،‌ "سەرنجمان بۆ ئەو هەڕەشە بەردەوامانە ڕادەكێشێت، كە سەرۆكی توركیا لەكوردەكانی باكووری سوریای دەكات"، نووسەر لەسەر زاری ئەردۆغانەوە ئەوەی گواستووەتەوە، كە رایگەیاندووە، بۆ ئێمە قبوڵكراو نییە ئەو ناوچە ئارامە بەشێوەیەك دروستبكرێت، كە دژ بە تێگەیشتنی ستراتیژی ئێمە بێت، ئەگەر بڕیرا بیت ناوچەكی ئارام لەسەر سنووری ئێمە هەبێت، دەبێت لەژێر كۆنتڕۆڵی ئێمەدا بێت.

زۆرێك لە شڕۆڤەكارانیش دەڵێن:  هەرەشەكانی ئەردۆغان پشتی بە كشانەوەی 200 سەربازەكەی ئەمریكا بەستبوو لەسوریا، كە جۆنز پێیوایە بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا بەكشانەوە لە سوریا وا لێكدانەوەی بۆ كراوە، كە هەڵكردنی گڵۆپی سەوزە بۆ ئەنقەرە بۆ هێرشكردنە سەر كوردەكان. 

نووسەر ئاماژە بەوەش دەدات، كە ڕاگەیاندنەكەی ترامپ بە مانەوەی لایەنی كەمی 200 سەرباز  لە سوریا، لەوانەیە پلانەكەی ئەنقەرە بۆ دەستوەردان لە سوریا شكست پێبێنێت‌و دەشڵێت: "بەتەنیشت هەڕەشەكانی توركیاوە بە دووبارە سەرهەڵدانەوەی بارگرژی لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ واشنتۆندا، كەچی هێزە ئەمریكییەكان لەجەنگی دژ بەتیرۆر زۆر بەتۆكمەیی لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكراتدا كار دەكەن، ئەمەش ئەنقەرەی توڕە كردووە.

جۆنز وای دەبینێت، كە ئاراستەی ئەنقەرە بەرە و واشنتۆن لەئاكامی ناكۆكییەكانیەتی لەگەڵ مۆسكۆ و تاراندا، لە لایەكی دیكەشەوە نووسەری توركی جەنگیز ئەكتار دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە توركیا گەورەترین دۆڕاوی تەنگژەی سوریایە، ئەنقەرە لەدوای لوتكە سۆچی ئەو ڕاستییەی زۆر باش بۆ دەردەكەوێت، كە پەراوێز دەخرێت".

وتیشی: ئەردۆغان لە لوتكەی ئەم مانگەی سوچی شكستیهێنا لەوەی دەموچاوی پلانەكەی سەبارەت بەزۆنی ئارام لەبەردەم ئێران و ڕوسیادا جوان بكات‌، لەگەڵ دەستبەسەرداگتنی ڕووبەرێكی فراوانی خاكی سوریا لە لایەن ئەنقەرەوە، شڕۆڤەكاران وای بۆ دەچن، كە مۆسكۆ و تاران ترسیان لێنیشتووە لەوەی توركیا فراوانخوازی زیاتر لە خاكی سوریادا بكات. 

سینان ئۆڵجن–ی سەرۆكی كۆمەڵەی توێژنەوەكانی ئیدام، كە بارەگاكەی لەئەستەمبوڵە وتی: "دەشێ مۆسكۆ پشتیوانی لەكردەیەكی سەربازی سوپای توركیا بكات لەسەر سنور لە ناوچەكەدا"، دەشڵێت: "هەتا ئەگەر ئەنقەرە پەیوەندییە دبلۆماسییەكانی بەتەواوی لەگەڵ سوریادا ئاسایی بكاتەوە ، هێشتا دیمەشق زۆر بە توندی دژ بە هەر دەستتێوەردانێكی توركیایە".

شڕۆڤەكاران دەشڵێن ترسێكی گەورە هەیە لە جیهانی عەرەبی لەوەی توركیا ئەو خاكە جێنەهێڵێت، كە لە سوریا كۆنتڕۆڵی كردووە، ئەمەش بەگوێرەی ڕابردووی ڕەشی مێژوویی توركیا لەگەڵ عەرەبەكاندا. 

سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەروەی روسیا لە پێشدەستییەكی تازەدا پێشنیاری ئەوەی كردووە پۆلیسی ڕوسیا دەستەبەری ئاسایشی سنوری توركیا بكات، لاڤرۆڤ وتیشی: "ئەزموونمان هەیە لە بواری ڕێككەتننامەكانی ئاگربەست و تەگبیرسازی ئاشتی و دامەزراندنی ناوچەكان هێووركردنەوە بەبڵاوەپێكردنی پۆلیسی سەربازی ڕوسی".

هێشتا ئەنقەرە هیچ توانجێكی لەسەر پێشنیارەكەی لاڤرۆڤ نەداوە، نووسەریش دەڵێت: "وا پێدەچێت ئەنقەرە زۆر جۆش‌و خرۆشی بۆ ئەو پێشدەستییە نەبێت، چونكە مۆسكۆ پەیوەندی پتەوی لەگەڵ یەكینەكانی پاراستنی گەلدا هەیەو لە هەوڵی ئەوەشدایە بە گرێدانی سەوداو مامەڵە لەگەڵ سوریا ڕازییان بكات".

بەتەماشكردنی دۆخی توركیای لاتەریككراو لە تەنگژەی سوریا ، ئۆڵجن ووتی ئەنقەرە دەبێت بە ووریاییەوە جوڵە بكات سەبارەت بە پلانەكانی بۆ دروستكردنی زۆنێكی ئارامی تایبەت بەخۆی لە سوریا.

ئۆڵجن ئەوەشی وت: "هەر لە بنچینەدا توركیا نایەوێـت گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ مۆسكۆدا بپچڕێنێت، ئەگەر ئەو بكات بە تەواوی لاتەریك دەكرێت، چونكە ڕژێمی سوریا دژ بەو پڕۆسەیەیە، ئێرانیش هەر دژیەتی، بێگومان مۆسكۆش دژیەتی، خۆ ئەگەر تاكلایەنە ئەنقەرە ئەو كارە بكات، ئەوا ڕووبەڕووی ڕوسیا دەبێتەوە كە ئاڵێنگاری جوڵەكانی ئەنقەرە دەكات". 

وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر