سامر غەزبان: هەرێم پشكی خۆی لەبودجە وەردەگرێت‌و نەوتیش رادەستناكات

عیراق

28/02/2019‌ 3176 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سامر غەزبان ، وەزیری نەوتی عێراق لەلێدوانێكیدا بۆ تەلەفزیۆنی ئەلعێراقییە ڕایگەیاندووە، تائێستا كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق سۆمۆ "، هیچ بڕێكی لەنەوتی خاوی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان وەرنگرتووە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە وەزارەتەكەیان لەڕێگای گفتوگۆوە هەوڵی ئەوەدایە كۆتایی بە بابەتی رادەستكردن، یان نەكردنی بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە نەوتی خاوی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان یەكلایی بكاتەوە ، ئەوەش لە چوارجێوەی بودجەی ساڵی ٢٠١٩ ی حكومەتی فیدراڵی .

وەزیری نەوتی عێراقی راشیگەیاندووە، بەگوێرەی بودجەی ئەمساڵ ، هەرێمی كوردستان پشكی خۆی لە بودجە وەردەگرێت ئەگەر بێت و ئەو بڕە نەوتەی ئاماژەی بۆ كراوە ڕادەست بكات یاخود نا ، ئەمەش مانای وایە هەرێم دەستەبەری پارەی خۆی كردووە بێئەوەی نەوتەكەی خۆی لەڕێگای سۆمۆوە بخاتە بازارەوە .

غەزبان ئەوەشی راگەیاندووە، چاوەڕی دەكەم بەم زووانە لەگەڵ هەرێم دەست بەگفتوگۆ بكەین ، ئومیدەوارم  ئەوەی جارەكانی تر تییدا شكستمان هێنا ئەوجارە تێیدا سەركەوتوو بین .

لەلایەكی تر حەنین قەدو ،ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق رایگەیاند، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕێكی زۆری نەوتی هەرێم لەڕێگای خاكی توركیاوە بەقاچاخ دەفرۆشێت . 

هەروەك حەمزە جەواهیری شارەزای بواری نەوت دەڵێت: ماوەی ساڵێكە هەرێم دەڵێت: رۆژانە ١٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە ، كەچی لەم كۆتاییانەدا هەرێم لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت ٤٠٠ هەزار بەرمیل رۆژانە هەناردە دەكات ، باشە ئەو ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتە زیادە لەكوێوە هات؟ .

قەدۆ  بەپیێگەی " ئەلمەسەلە"ی رایگەیاندووە،  بودجەی فیدراڵی تەنیا باسی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كردووە ، بێئەوەی سەرجەم بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان بخات ناو چوارچێوەی بودجەوە، كە نزیكەی ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتە ، نیوەی ئەو برەش لەڕیگای توركیاوە بە قاچاخ دەبرێت .

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەشڵێت: چەندین بیرە نەوتی ناوچەكانی دەشتی موسڵ لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیدا نین و هەرێم بە قاجاخ رەوانەی توركیایان دەكات،  بیئەوەی هیچ كەسێك هەبێت لێیبپرسینەوە لەو بابەتە بكات  ، دەشڵی رۆژانە سەدان تانكەر نەوتی ئەو بیرانە بەبەر چاوی خەڵكدا دەبرێن بۆ توركیا ، بەڵام بەهۆی موجامەلە و مامەڵە سیاسییەكانەوە چاوپۆشی لەو بابەتە دەكرێت.

قەدۆ  پێیوایە، كە سەرەرای ئەو هەموو بەڵگەی لەسەر ئەو بابەتە لەبەر دەستن ، بەڵام بۆئەوەی ئەوە تەنیا وەكو تۆمەت نەمیننەوە بۆیە داوا دەكەین  كە وەزارەتی نەوتی عێراقی هەڵویستێكی روون و راشكاوانەی لەسەر ئەو بابەتە هەبێت و  ناوەڕۆكی ئەو رێكەوتنانەشی لەسەر مەسەلەی نەوت لەگەڵ هەرێم هەیانە بۆ خەڵكی روون بكەنەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی