پەرلەمانی عێراق دەیەوێت پارەكانی داعش لەئەمەریكا وەربگرێتەوە

عیراق

28/02/2019‌ 933 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد كەریم عەبدول حەسەن ، ئەندامی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق رایگەیاند، پارە و شوێنەوارەكانی عێراق لە دوو كاتی جیاوازدا رووبەڕووی دزی و تاڵانكردن بوونەتەوە ، هەروەك جەختی كردەوە پەرلەمان و لیژنە تایبەتمەندەكان دەست بەجموجۆڵ دەكەن بۆ  وەرگرتنەوەی  بڕێكی زۆر لەو زێر و شوێنەوارە دێرینانەی عێراق كە ئەمەریكا دەستی بەسەردا گرتوون.

ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق بۆ پیگەی "الاتجاه" راشیگەیاند، لەدوو سەردەمی جیاوازدا پارە و زێر و شوێنەواری عێراق تاڵان كراون، جارێكیان لەساڵی ٢٠٠٣ كاتێك هێزەكانی سوپای ئەمەریكا هاتنە ناو بەغدا و  جوونە ناو كۆشكەكانی سەرۆكایەتی كۆمار و مۆزەخانە و شوێنە شوێنەوارییە گرنگەكانی عێراق.

هەروەك وتی: جاری دووەمیش ئەو كاتە بوو، كە چەكدارانی ڕێكخراوی داعش دەستیان بەسەر سنوورێكی فراوانی خاكی عێراقدا گرت ، پارە و شوێنەواریكی زۆری عێراقیان كەوتە بەردەست لەدوای دەركردنیشیان لەعێراق ئەو  زێر و پارچە شوێنەواریانەیان گواستەوە بۆ سوریا ، بەڵام دوای ئەوەی هیزەكانی ئەمەریكا دەستیان بەسەر ناوچەی باغۆزی سەر سنووری نیوان عێراق و سوریادا گرت سەرجەم ئەو پارەو زێر و شوینەوارە دێرینە گرانبەهایانەش كەوتنە دەست هێزەكانی ئەمەریكا و گواستیاننەوە بۆ شوێنی نادیار".

عەبدول حەسەن جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە پەرلەمان و لیژنە تایبەتمەندەكان كار لەسەر گەراندنەوەی ئەو سەروەت و سامانەی عێراق دەكەن .

چەند راپۆرتێك باسیان لەوە كردووە، كە هێزەكانی ئەمەریكا دەستیان گرتووە بەسەر دەیان تۆن زێڕ و بڕێكی زۆر لەپارە و شوێنەواری گرانبەهای عێراق كە چەكدارانی ڕێكخراوی داعش بەرەو سوریایان بردبوو ، ئەوەش دوای ئەوەی لە عێراق وەدەرنران .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا