ئەو ژنەی بەدرێژایی كۆبوونەوەی لوتكەی ئەمریكاو كۆریای باكوور‌ هاوەڵی كیم جۆنگ ئون-ی كرد

جیهان

01/03/2019‌ 7246 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
سەرۆكی كوریای باكوور، كیم جۆنگ ئۆن خوشكە متمانەپێكراوەكەی لەتەنیشت خۆی هێشتەوە لەكاتی چاوپێكەوتنی لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترامپ، لەلووتكەی مێژوویی ئەتۆمیدا لەوڵاتی ڤێتنام.

لەكاتێكدا هەردوو سەرۆك لەهانۆی پێشوازییان لە یەكتری دەكرد، كیم یو یۆنگ لەتەنیشت براكەیەوە دەبینرا، كە شارەزایان دەڵێن: كیم یو یونگ ئیدارەی كارەكانی براكەی رێكدەخات‌و راوێژی متمانەكراوی پێشكەش دەكات، بە رادەیەك وەك پاسەوانی دەرگاكەی لێهاتووە. 

لە مانگی نیسانی رابردووشدا تاكە ژن بوو لە نێو شاندی فەرمی دیداری كیم جۆنگ ئۆن لەگەڵ سەرۆكی كۆریای باشوردا، كە لە ئۆكتۆبەری 2017، دەزگاكانی راگەیاندنی كوریای باكوور بڵاویان كردەوە سەرۆك خوشكەكەی وەك ئەندام لەنووسینگەی سیاسی دامەزراندووەو ئەویش دەستەیەكی بەرزە بۆ دروستكردنی بڕیار لەوڵاتدا و سەرۆك خۆی سەرپەرشتی دەكات.

نەوەی دوای خوشكی باوكی
یو یۆنگ جێگای پوری سەرۆك (كیم كیونگ هی)ی گرتەوە،  دروستكەری بڕیاری سەرەكی بوو، لەو كاتەی سەرۆكی پێشوو (كیم یونگ ئیل) زیندو بوو.

پێش ئەوە "مایكل مادن "ی شارەزا لە كوریای باكوور بۆ ماڵپەڕی زانكۆی جونز هوبكنز  " 38 نورس" ی پسپۆر لەشرۆڤەكردن دەربارەی كوریای باكوور وتبووی: "ئەمە مانای ئەوەیە جێگا و متمانەی ئێجگار زۆری هەیە، و هێزی خێزانی كیم پتەو دەكات".

لە یەنایەری 2017، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا كیم  یو یونگی كردە لیستی رەشەوە، لەگەڵ بەرپرسەكانی تری كوریای باكوور، بەهۆی ئەو پێشیلكارییانەی لە مافەكانی مرۆڤ كردویانە.

سەرچاوە: العربیە. نت
وەرگێران: حلمی رەسول رەزا