تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەك ئامرازێك لەمیتۆدەكانی فێركردن

جیهان

01/03/2019‌ 1399 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لە ماوەی رۆژێكدا چەند جار بەبێ هەست كردن دەست بۆ مۆبایلەكەت دەبەیت بەمەبەستی خوێندنەوەو گۆرینەوەی نامەكان لەسەر سەكۆی ئامرازەكانی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان.

ئەگەر چەند منداڵێكت هەیە، چەند جار هەستت كردووە ئەوان لەبەرانبەر دانیشتوون، بەڵام نغرۆن لە جیهانێكی تردا و دوورن لێت؟ جیهانێك نازانیت وردەكارییەكەی چی تێدا روودەدا و ئاگایی و فۆكەسیان لەسەر ئەو ئامێرانەیەو دووریان دەخاتەوە لێت؟

ئەمە ئەو ژیانە هاوچەرخەیە لەگەڵ داگیركاری ئامرازەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و مۆبایلەكان، رەنگدانەوەیەتی لەسەر هەڵس و كەوتمان. دیارە ئەم شۆرشە لایەنی باشەی زۆری تێدایە لە پەیوەندی و ئاگالێبونی یەكتری، لەهەمان كاتدا مەترسی زۆریشی هەیە جا لە سەر ئاستی تەندروستی جەستەیی بێت یاخودا پەیوەندییە مرۆییەكان، هەتا لەسەر ئاستی دەروون و سەلامەتی ژیرییمان، بە تایبەتی لەسەر گەنجان و مناڵان.

بەهەست كردنی ئەم مەترسییە زۆرانە و كاریگەری لەسەر گەشە، لەم هەفتەیەدا بەریتانیا رایگەیاند، هەندێك هەمواركردن دەخاتە میتۆدەكانی فێركردنەوە بەمەبەستی پێدانی هەندێ رێنماییی بە منداڵان لە تەمەنی چوارساڵیەوە دەربارەی سەلامەتی لە ئینترنێت و ئاگاداربوونی پێویست لە ئامرازەكانی تۆرە كۆمەلایەتیەكان، و پێدانی رێنماییی و ئاگاداركردنەوەیان لە مەترسیەكانی لەسەر تەندروستی دەروونی و ژێریی لە ئەنجامی بێتاقەتی و ئازاردان و ترساندن و هەراسانكردن كە روو دەدات بەهۆی ئامرازەكانی تۆرە كۆمەلایەتیەكانەوه. 

ئەم گۆرانكاریە لە میتۆدەكان تەنها بۆ مناڵان نیە بەڵكو تازە پێگەیشتوانیش دەگرێتەوە، و لەسەرجەم قۆناغەكان دەخوێنرێ پێش ئەوەی بچنە قۆناغی زانكۆ. هۆكاری سەرەكی لە پشت ئەم گۆرانكاریانەوە ئەو دڵە راوكێیە كە شارەزایان و پسپۆرەكان هەستیان پێكردوە بەهۆی ئەو فشارانەی لەسەر نەوەی نوێ هەیە دەست دەخاتە ژیانیانەوە لە ژیانی رۆژانەو ئەگەرەكانی جیهانی ئینتەرنێت. لەمەش مەترسیدار تر ئەوەیە كە لێكۆلینەوەكان لە چەندین ولات دەریان خستوە پەیوەندی هەیە لە نێوان بەكارهێنانی ئامرازەكانی تۆرە كۆمەلایەتیەكان و زیاد بوونی رێژەی خۆكوشتن و هەستكردن بە بێ هیوایی و بێ تاقەتی لە نێوان گەنجان و بەتایبەتی تازە پێگەیشتوان.

لە توێژینەوەیەكدا لە ئەمەریكا، و بلاوكردنەوەی ئەنجامەكانیدا لە وەرزانیەكی زانستی دەروونی تاقیگەییدا دەری خستوە ، 36% ی تازە پێگەیشتوان هەست بە بێ تاقەتی و بێ هیوای و دابڕان دەكەن و هەندێ جار بیر لە خۆكوشتن دەكەنەوە، و رێژەی بەرزیش لە نێو كچاندایە بەبەراورد لەگەڵ كوڕەكاندا. لە بەریتانیاش توێژینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن بەهەمان شێوەی ئەمەریكا رێژەكە بە  68% بەرز بۆتەوە لە تۆمارەكانی چاودێری كردنی تەندروستیدا لە نێو تازە پێگەیشتوان و هەوڵیانداوە ئازاری خۆیان بدەن بە خواردنی ژمارەیەكی زۆری دەرمان یان بڕینی دەمارەكانیان یان بە رێگای تر. رێژەی بەرز بونەوەی ئەم رووداوانە لە نێو كوڕاندا 37% ی لە هەمان ماوەدا تۆمار كردوە. 

توێژینەویەكی تر كە حكومەتی بەریتانیا پارەی بۆ تەرخان كردوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات 24% ی كچان و 9%ی كوڕان لە تەمەنی 14 ساڵیدا لەژێر فشاری دەرونیدا دەناڵێنن و سكاڵا دەكەن لە بێ هیوای و بێ تاقەتی و هەست بە تەنیایی كردن و نەمانی متمانە بەخۆیان، ئەمەش بەلای زۆربەی پسپۆڕانەوە پەیوەندی هەیە بە ئامرازەكانی تۆرە كۆمەلایەتیەكانەوە و بردنە سەری كاتێكی زۆر لە بەرانبەر زومەكان جا لەسەر ئینترنێت بێت یان مۆبایل. 

گەنجانی ئەمرۆ ئاسودەیی و بێ هیوایی دەبەستەوە بە ژمارەی ئەو لایكانەی بۆیان دێت، و دووبارە كردنەوەی تویتەكانیان و دابەش كردنیان لەو گروپانەی بەشداری تێدا دەكەن لە سەكۆكانی نمونەی (فەیس بووك) و (ئەنیستاگرام) و (سناب چات) و (واتساپ) و (تویتەر) و ..تد . 

ئەمە و سەرەرای ئەو بەراوردكاریە نا لۆژیكیەی بۆ روكەش و جل و بەرگ و شێوەی جەستەو كێش دەكرێت بەتایبەتی لە نێو كچاندا، و ئەو فشارانەی لە ئەنجامی بەراوردكاری لەگەڵ وێنەی نمایشكارو ئەكتەرەكان و وەهمی جوانی تەواو دەكرێت. سەرەرای ئەمەش زۆر جار لە تۆرە كۆمەلایەتیەكانەوە ترساندن و هەراسانكردن روودەدەن و دەبنە مایەی كەڵەكەبونی فشارەكان كێشە دەروونیەكان. 

وەزیری فێركردنی بەریتانی –دامیان هاینز- دەڵێ: ئەو گۆرانكاریانەی نێو میتودەكانی خوێندن ساڵی داهاتوو جێبەجێ دەكرێت، ئەمەش لە ئەنجامی هەست كردنەوەیە بەو فشارە زۆرانەی لەسەر نەوەی نوێ دروست بوە بەهۆی ئینترەنێت و تۆرە كۆمەلایەتیەكان و یاریە ڤیدیۆییەكان و مۆبایلەوە. ئاماژەی بەوەش كردوە گەشەو پەنجە نەرم كردن لەگەڵ گۆرانكاریەكانی ژیان بابەتی ئاسان نییە، و لەگەڵ زیاد بوونی پشت بەستن بە ئینتەرنێت و تۆرە كۆمەلایەتیەكان فشاری زیاتر دەركەوتن كە بۆ ماوەی دوو دەیەی پێش ئێستا ناسراو نەبوون. 

وانە نوێیەكان ئامانجیان ئەوەیە هانی مناڵی بچوك و تازەپێگەیشتوان بدرێت بۆ ماوەیەك لە زووم و گوێگرتن بە هیتفۆن دوور بكەونەوەو هەندێ كات لەگەڵ نیزكەكانیان بەسەر بەرن و مومارەسەی چالاكی تر بكەن. هەموو ئەمانەش لە پێناو گەشەی هەست و قسە كردنە لەگەڵ ئەوانی تردا بۆ نەوەیەك ئەم توانایانەی لەدەست داوە بەهۆی ئەوەی چەندین كاژێر بەتەنیا بەسەر دەبات بە بێ دەنگی لە رێگەی نامە ناردن و تۆرە كۆمەلایەتیەكانەوە و یاریە ڤیدیۆیەكانەوە. 

بەهەمان شێوە میتۆدە نوێیەكان مەبەستیان پێدانی رێنماییە بە منداڵ و گەنجان تاكو گرنگی خەو بزانن بۆ چەند كاژێرێك، و خواردنی تەندروست كە هاوكارییان دەكات لە فێربون و ژیانیان بە شێوەیەكی گشتی. دیارە بەهۆی تۆرە كۆمەلایەتیەكان و یاری ڤیدیۆی و شتەكانی تری نێو ئینتەرنێت، وا دەكات زۆربەی مناڵان و گەنجان كەمتر بخەون و كاتێكیش ڕادەبن ماندون و هەستێكی ناخۆشیان هەیە، ئەمەش كاریگەری دەكاتە سەر ژیانی زانستی و تەندروستیان. 

فێربوونی هەموو ئەم شتانە لە بەریتانیا لە مناڵیەوە دەست پێدەكات بۆ ئەوەی بزانن چۆن گرنگی بە خۆیان دەدەن و بەرەنگاری ئاڵینگاریەكانی جیهانی ئینتەرنێت و ئاسایش و سەلامەتی دەبن. جیهانی ئینترەنێتی چاكەو خراپەی تێدایە، زۆر كەسی نەناسراوی تێدایە، پرە لە زانیاری و ڤیدیۆی وەها كە كاریگەری دەكاتە سەر ئەوەی تەماشای دەكات، بەتایبەتیش مندال و تازە پێگەیشتوان كە تازە هزرو كەسایەتیان پێك دێت. و كاریگەری لەسەر هەلس و كەوتیان دروست دەكات؛ لەسەر خوادن و خواردنەوەیان، و جل و بەرگ و چۆنیەتی قسەكردنیان . 

لەگەل ئەو هەنگاوانەی حكومەتەكان گرتویانەتە بەر بۆ رووبەرووبونەوەی لایەنە خراپەكانی ئامرازەكانی تۆرە كۆمەلایەتیەكان، فشاری زۆریش هەیە بۆ سەر كۆمپانیا گەورەكانی تۆرە كۆمەلایەتیەكان بۆ هەلگرتنی بەرپرسیاریەتی وبەشداری كردن لە پاراستنی مناڵ و گەنجان لە مەترسیەكان، بەلام رێگەی بەدەست هێنانی ئارامیی پێویست تا ئێستا دوورو درێژە. 
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا
سەرچاوە: شەرقلئەوسەت