ئەگەر ئەردۆغان لەگەڵ ئەمریكا رێكبكەوێت
ڕوسیا هەڕەشەی ئاشكراكردنی بەڵگەنامەكانی كودەتا سەربازییەكەی توركیا دەكات

جیهان

02/03/2019‌ 5664 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كەریم هاس، شارەزا و شڕۆڤەكاری تورك لەكاروباری ڕوسیا دەڵێت: مۆسكۆ، بە بڵاوكردنەوەی بەڵگەنامەكانی كودەتا سەربازییەكەی ساڵی 2016 ی توركیا وەڵامی ئەنقەرە دەداتەوە، ئەگەر توركیا لەگەڵ ئەمریكا بگاتە ڕێككەوتنێك سەبارەت بەناوچەی ئارام لە سوریا.

هاس لەڕێگەی تویتێكی لە واڵی تایبەتی خۆی لەتویتەرەوە دەشڵێت: سیناریۆی یەكەم ڕێككەوتنی ئەنقەرەیە لەگەڵ واشنتۆن سەبارەت بەزۆنی ئارام لەسوریا، ڕوسیا دژی ئەو هەنگاوەیە، بۆیە كردەیەكی سەربازی دژ بەلایەنە بەر‌هەڵستكارەكانی ئیدلب دەستپێدەكات، بەمەش ئەنقەرە بەپاساوی هێرشكردنە سەر ئیدلب،  سەودا و مامەڵەی سیستەمی بەرگری ڕوسی "ئێس- 400" كۆتایی پێدێنێت، ئەمەش‌ پاڵ بە ڕوسیاوە دەنێت باسی عفرین و ئەعزاو جەڕابلس‌و ناوچەكانی قەلغانی فوڕات  و هەڵگەڕانەوە سەربازییەكەی توركیا زیندووبكاتەوە، كە ئەوە لافاو و باوبۆرانێكی سیاسی و سەربازی بەدوای خۆیدا دێنێت.

ڕوسیا دژ بەپلانی درستكردنی زۆنی ئارامە، كە ئەمریكا بانگەشەی بۆ دەكات لەو كاتەی بڕیاری كشانەوەی داوە لە باكوری سوریا، مۆسكۆ لەدژی ئەو پلانە زیندووكردنەوەی ڕێككەوتننامەی ئەدەنەی خستووەتەروو لە سوریا.

سەبارەت بەچۆنییەتی قۆزتنەوەی ڕوسیا بۆ هەڵگەڕانەوە سەربازییەكەی ساڵی 2016 ی توركیا، هاس وتی: "زۆرێك لەشارەزا سەربازییەكان ئەوەیان ڕوونكردووەتەوە، كە مۆسكۆ زانیاری پێشوەختی لەبارەی وادەی ئەو هەڵگەڕانەوە ‌سەربازییە هەبووە، ئەو زانیارییانەشی بە دیارترین بەرپرسە توركەكان ڕاگەیاندووە، بگرە هەندێك لەو شارەزایانە جەختیان لەوەش كردۆتەوە كە دەزگای ڕازگری (ئیستخبارات) ڕوسیا چەند ڕۆژێك پێش هەڵگەڕانەوە سەربازییەكە، ئاماەباشی تەواوی هەبووە بۆ بەرەنگاری ئەو هەوڵانە و هەر بارودۆخێكیش لەوبارەوە بێتە پێشەوە".

زۆرێك لەهێزە بەرهەڵستكارەكانی توركیا پێیانوایە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان خۆی ئەو هەڵگەڕانەوە سەربازییەی ڕیكخستووە، یان ڕێگەی بۆ ڕوودانی خۆش كردووە، تاوەكو دواتر بیكاتە پاساوێك بۆ هێرشكردنە سەر نەیارەكانی و پاكتاویان بكات.

سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری كەمال كلیجدار وا وەسفی ئەو هەڵگەرانەوە سەربازییەی كردبوو، كە "هەڵگەڕانەوەیەكی بەرنامە بۆداڕێژراو" بووە بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە ئەنجامەكانی.

حكومەتی توركیا بزووتنەوەی خزمەتی بە ئەنجامدانی ئەو هەڵگەڕانەوەیە تۆمەتبار كردووە لەو كاتەی لەتەمموزی 2016 ڕوویدا، ئێنجا نزیكەی 100 هەزار مەدەنی لەبەرهەڵستكار و نەیارانی دەستگیر كردووە بەو تۆمەتەی لە پشت ئەو هەڵگەڕانەوەیە سەربازییەوە بوون.

وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر
سەرچاوە: رۆژنامەی زەمانی توركی