كشمیر.. گڕكانێكی خامۆش كە ئەگەری تەقینەوەی لەهەركاتێك لێدەكرێت

جیهان

02/03/2019‌ 1571 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كێشمەكێشم لەسەر كشمیر لە ماوەی نیو سەدەدا، سێ جەنگی لەنێوان هندستان و پاكستان هەڵگیرساندووە، كە هێشتا ئەو پرسە لە گەورەترین پرسەكانی بارگرژییە لە باشووری ئاسیا، دوای ئەوەی هەردوو وڵاتیش بوونە ئەندانی یانەی ئەتۆمی جیهانی‌و گرنگی ئەو پرسە زیادی كرد و مەترسی هەڵگیرسانی جەنگی نێوانیان بووەتە مۆتەكەی سەر سینگی ئاشتی‌و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
 
لە 14 ئەم مانگەوە، كەشوهەوای جەنگ بەشێك لە خاكی كشمیری ژێردەسەڵاتی هندستانی داپۆشیوە كە جەنگ كردوویەتی بە دوو كەرتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی پۆلیس ڕایگەیاند، ئۆتۆمبێلێك كە خۆكوژێك لێی دەخوڕی خۆی بە پاسێكدا داوە كە پۆلیسی هندستانی دەگواستەوه، ئەمەش بووە هۆی كوژرانی 44 كەس و بە توندترین هێرشیش دادەنرێت لەو چەند دەیەی ئەو هەرێمە كێشمەكێشمی لەسەرە.

هندستان گروپی "سوپای محەمەد"ی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار كردووە كە بارەگاكەی لە پاكستانه ، داواشی لە پاكستان كرد دژ بەو گروپانە بجوڵێت و هەڵوێست وەرگرێت كە لە خاكی ئەوەوە هێرش دەكەن، فڕۆكە شەڕكەرەكانیشی لە 26 ی فبرایەری ئەم مانگە هێرشیان كردەسەر خاكی پاكستان، حكومەتی هندستانیش ڕایگەیاند كە هێرشەكان سەربازگەكانی تیرۆریان كردۆتە ئامانج. 

لە یەكەم كاردانەوەی‌ مەیدانی دژ بەو هێرشانە، قسەكەرێكی سەربازی هندستانی ڕایگەیاند كە هیزەكانی هندستان و پاكستان لەسەر سنور پێكهەڵپژاون و تەقەیان لە یەكتر كردووە.

لەسەر ئاستی دبلۆماسیش وەزارەتی دەرەوەی پاكستان بانگهێشتی هەڵساو بەكارەكانی هندستانی كردووە و ناڕەزایی پاكستانی دژ بە هێرشانە پێراگەیاندوە.

لە 27 ی فبرایەری ئەم مانگەش دوو فڕۆكەوانی هیندی لە دەرئەنجامی تێكشكانی فڕۆكەكەیانەوە گیانیان لەدەستدا كە لە بەشە هندییەكەی كشمیر كەوتە خوارەوە، فڕۆكەیەكی دیكەی هندیش لەبەشە پاكستانییەكەی كشمیر كەوتەخوارەوە و یەكێك فڕۆكەوانەكانیشی دەستگیركرا.

دوای ماوەیەك میدیاكانی هندستان ڕایانگەیاند كە سوپای هیندستان فڕۆكەیەكی پاكستانیان خستۆتە خوارەوە ، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ هەڵگیرسانی جەنگێكی ماڵوێرانكەر لە نێوان هەردوو ووڵاتدا.

ڕەگی كێشەكە
رەگی كێشەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی كۆتاییهاتنی داگیركاری بەریتانیا بۆ كەرتەی هندستان، پەرلەمانی بەریتانیا لە ساڵی 1947 یاسای سەربەخۆی هندستانی دەركرد، داواشی لە میرنشینە هندییەكان یان دەوڵەتی پاكستانی موسوڵمان كرد ئارەزوومەندانە بچنە پاڵ ئەو دەوڵەتی هندۆسی هندستان‌. 

سێ میرنشین خۆیان یەكلایی نەكردەوە؛ حەیدەر ئاباد و جوناغاد و كشمیر، هێندەی نەبرد میرنشینی جوناغادی موسوڵمان چووە پاڵ پاكستانەوە، سەربار‌ی ئەوەی زۆرینەی میرنشینەكە هندۆسی بوون، بە هۆی ناڕەزایی ئەو زۆرینە هندۆسییەوە، هێزەكانی هندستان هاتنە ناو میرنشینەكەوە و بە زەبری هێز ڕاپرسییەكیان ئەنجامدا و لە كۆتایدا میرنشینەكە هاتەپاڵ هندستانەوە.

لە حەیدەر ئابادیش هەمان شت ڕوویدا كە فەرمانڕەوا موسوڵمانەكەی وویستی میرنشینەكەی بە سەربەخۆیی بمێنێتەوە و زۆرینە هندۆسییەكەش ڕەتیان كردەوە، بۆیە هێزەكانی هندستان لە سێبتێمبەری 1948 هاتنە میرنشینەكەوە و خستیانە پاڵ هندستانەوە.

هەر‌چی كشمیر – یش بوو، زۆرینەی دانیشتوانەكەی موسوڵمان بوون و فەرمانڕەواییەكی هندستانی بە ناوی هاری سینگ فەرمانڕەوایی دەكرد و بڕیاریدا میرنشینەكەی بخاتەپاڵ هندستانەوه ‌و ئارەزوومەندی زۆرینە موسوڵمانەكەشی فەرامۆش كرد بە چوونە پاڵ پاكستان. 

كشمیرییەكان ملیان بۆ بڕیاری ئەمری واقعی هندستان نەدا، بۆیە لە ساڵی 1947 جەنگ لە نێوان هەردوو لادا بەرپا بوو، لە ئاكامدا هندستان ¾ ی وویلایەتەكەیان داگیركرد.

نەتەوە یەكگرتووەكان دەستییان لە كێشەكە وەردا، ئەنجومەنی ئاسایش لە 13 ی ئۆگۆستۆسی 1948 بڕیاری ئاگربەستی ڕاگەیاند، بڕیاری ڕاپرسیشیدا بۆ دیاریكردنی چارەنووسی وویلایەتەكە، ئینجا پێشنیاری ئەوەی كرد ئەو بەشانەی زۆرینەیان موسوڵمانن و لەگەل پاكستانیش هاوسنورن، بچنە پاڵ ئیسلام ئابادەوە كە ڕووبەرەكەی 1000 كلم چوراگۆشە بوو ‌، ئەو بەشانەش كە زۆرینەیان هندۆسین و سنوری هاوبەشیان لەگەڵ هندوستان هەیه، ‌ بچنە پاڵ هندستانەوە كە ڕووبەرەكەی 300 كلم چوارگۆشەیە، بەڵام بڕیارەكە جێبەجێ نەكرا. 

سێ جەنگ و ئاشتییەكی لەرزۆك
هەرێمی كشمیر كە دەكەوێتە بەشی باكوری نیمچە كەرتەی هندستانەوە، لە باكورەوە بە چین، لە ڕۆژهەڵاتەوە بە تبت، لە باشوورەوە بە ویلایەتی بنجاب، لە ڕۆژئاواوە بە پاكستان دەورە دراوە‌، ئەم جوگرافییە بەدەرە پێگەیەكی ستراتیژی گرنگی پێبەخشیووە لەسەر سنوری هەرسێ وڵات.

ململانێی لەسەر سەروەری هەرێمەكە سێ جەنگی ‌ لە نێوان هندستان و پاكستان لێكەوتۆتەوه ، یەكەمیان 48% ی ڕووبەری هەرێمەكەی بەدەستەوەیە كە دەكاتە 222.236 كلم چوارگۆشە، دووەمیشیان 35% ی خاكی هەرێمەكەی بەدەستەوەیە ، چینیش 17% ی هارێمەكەی لەبن دەستدایە.

جەنگی یەكەم لە ساڵی 1947 هەڵگیرسا و ساڵی 1948 كۆتاییهات ، لە ئاكامدا كشمیر لە نێوانیاندا دابەش بوو، بەشێكیان پێی دەگوترێت  ویلایەتی "جامۆ و كشمیر" و لەبن دەستی هندستاندایە ، بەشەكەی تر ناوی "ئازاد كشمیر" ە و سەر بە پاكستانە.

جەنگی دووەم لە ساڵی 1965 هەڵگیرسا و 17 رۆژی خایاند، ئەمەش دوای ئەوەی پاكستان هەوڵێدا پشتیوانی لە جەنگاوەرە كشمیرییەكان بكات، لە ئاكامدا ڕووداوەكان پەرەیان سەند و جەنگێكی چەكداری لە نێوان هەردوو دەوڵەتدا لێكەوتەوە، جەنگەكە لە ناوچەكانی "سیالكوت" و "كشمیر" و "ڕاجستان" بەڕێوەچوون‌، هیچ كامیان سەركەوتنیان بەدسەت نەهێنا، كۆششە نێودەوڵەتییەكان كەوتنەگەڕ و لە 23 ی هەمان مانگدا ڕێككەوتننامەیەكی لێكەوتەوە و ئاگربەست ڕاگەیەنرا. 

جەنگی سێیەم لە ساڵی 1971 هەڵگیرسا،  بە هۆی ئەوەی ئیسلام ئاباد نیودەلهی بەوە تۆمەتبار كرد كە پشتیوانی لەهەوڵە جوداخوازییەكانی پاكستانی ڕۆژهەڵات (بەنگلادش) دەكات، هندستان لەم جەنگەدا سەركەوتنێكی سەربازی تۆمار كرد و هاوسەنگی هێزی گۆڕی، دواتر دوو دەوڵەتەكە چوونە كێبڕكێی چەكسازییەوە تا ئەو ڕادەی هەردوولا خاوەنداریەتی چەكی ئەتۆمیان ڕاگەیاند، جەنگە بووە هۆی جیابوونەوەی پاكستانی ڕۆژهەڵات لە ئیسلام ئاباد و كۆماری بەنگلادش پێكهات. 

لە ساڵی 1972 هەردوولا گەیشتنە ئاشتییەكی لەرزۆك، چونكە ئەم ئاشتییە نەبووە هۆی ئەوەی لە هەردوولای سنور تەقەكردن بوەستێت و ئاگربەست ڕاگەیەنرێت.

دواتر ڕێككەوتننامەیەكیان واژۆكرد بە ناوی "ڕێككەوتننامەی شیملا" و بەدەق تیایدا هاتووە كە هێڵی ئاگربەستی نێواینان ئەو هێڵەیە كە لە 17 ی دیسەمبەری ساڵی  1971 لەسەر ڕێككەوتبوون.

بە‌گوێرەی ڕێككەوتننامەكە هندستان هەندێك لە خاكی پاكستانی لە بن دەستی خۆیدا هێشتەوە، دەستی بەسەر هەندێك لە زەوییەكانی هەردوو ناوچەی "كارغیل تیسوال" و "بونش" ی كشمیری ئازادا گرت، لەولاشەوە پاكستان دەستی گرت بەسەر ناوچەی "تشامب" لە كشمیری داگیركراو.

هەرەسهێنانی یەكێتی سۆڤیەت بووە هۆی گۆڕینی نەخشەی هاوپەیمانییەكانی هندستان و پاكستان، هێزی جوداخوازیش پەیدابوون و داوای جیابوونەوە و سەربەخۆیی هەرێمەكەیان دەكرد لە هندستان و پاكستان وەك بزووتنەوەی "موجاهدین" و "بزووتنەوەی ڕزگاری كشمیر" و " هاوپەیمانی ئازادی هەموو حزبەكان".

هێشتا ئەو پرسە مایەی سەرهەڵدانی بارگرژی و تەقینەوەیە لە نێوان هەردوو ووڵاتدا، ئەمەش بە هۆی كاری توندوتیژی لە ناو كشمیر و كردەكانی بەرەنگاربوونەوەی كشمیرییەكان دژ بە هندستان كە هێزی چەكدارن و پاكستان پاڵپشتیان دەكات، ئەمەش مەترسی ئەوەی لێدەكرێت جەنگی چوارەمی لێبكەوێتەوە، ئەگەر ئەم جەنگە ڕووبدات، ئەوا یەكەم جەنگی هەردوولایە لەژیر سایەی موڵكدارییان بۆ چەكی ئەتۆمی.

سەرچاوە: پێگەی ئەلەكترۆنی نون پۆست 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر